له‌چوارچێوه‌ی هه‌ست كردنمان به‌پاراستنی ژیانی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌و بونیات نانی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی شارستانی و ئارام و دوور له‌تاوان و كوشتن و هه‌وڵه‌كان بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی تاوانه‌كانی كوشتن و نه‌هێشتنی دیارده‌ی چه‌كداری له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستانی ، ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ هه‌ڵمه‌تێكی نیشتمانی 15 رۆژه‌ی ڕاگه‌یاند بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ له‌به‌رواری 20/1/2019 تاوه‌كو 5/2/2019 و له‌و هه‌ڵمه‌ته‌ ده‌سته‌ی مافی مرۆڤ داوای له‌ ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن و رۆژنامه‌نوسان و ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی و مامۆستایانی ئایینی و چین و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ كرد به‌شداربن هه‌ركه‌س لای خۆیه‌وه‌ ده‌ست پێ بكات و به‌شدار بێت بۆ داماڵینی چه‌ك و نه‌هێشتنی دیارده‌كه‌. ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌ له‌لایه‌ن تیمێكی تایبه‌تی ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ سه‌رپه‌رشتی ده‌كراو سه‌رجه‌م نوسینه‌گانی ده‌سته‌ش ڕاسپێردرابون بۆ ئه‌نجامدانی چالاكی بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ . ئه‌گه‌رچی له‌وماوه‌یه‌دا به‌شێوه‌یه‌كی گشتی لامان وایه‌  تا ئاستێكی باش هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ شوێنی خۆی گرتووه‌و ده‌ره‌نجامی باشی بوه به‌گرتنه‌ به‌ری چه‌ند ڕێكارێك و هه‌وڵیك سه‌ڕه‌رای ئه‌وه‌ی لامان ڕوونه‌ كه‌ هێشتا چه‌كه‌كان له‌لایه‌ن هاوڵاتیانن و له‌ماڵه‌كانن و له‌ده‌ست خێڵ و عه‌شیره‌ت و خه‌ڵكانه‌و بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی كیشه‌كان زۆرجار په‌نا ده‌برێته‌ به‌ر به‌كارهێنانی چه‌ك وه‌ چه‌ند حاڵه‌تێكی ته‌قه‌ كردن هه‌بوه‌ له‌شارو شارۆچكه‌كان به‌ڵام به‌گوێره‌ی زانیاریه‌كانمان هیچ حاڵه‌تێكی كوشتن تۆمار نه‌كراوه‌ له‌رێگه‌ی چه‌كه‌وه‌ ئه‌وه‌ی تا ئێستا به‌ده‌ست ئیمه‌ گه‌یشتوه‌.

ئه‌مرۆ كه‌ كۆتایی هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ ڕاده‌گه‌ینین دوا به‌دوا به‌دوا داچونه‌كانمان له‌ماوه‌ی ئه‌و 15 رۆژه‌ ده‌ره‌نجامی هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ به‌و جۆره‌ بوه‌.

یه‌كه‌م / دام و ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كان :

  • ده‌سته‌ی مافی مرۆڤ به‌نوسراوی فه‌رمی هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ی ئاراسته‌ی هه‌ریه‌ك له‌ وه‌زارتی           ( ناوخۆ ، پێشمه‌رگه‌ ، ده‌زگای گشتی ئاسایش ) كردو داوای لێكردن به‌رده‌وامی بده‌ن به‌هه‌ڵمه‌ته‌كانی پشكنین و دانانی خاڵی پشكنینی له‌ناكاوو ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆن بۆ كافتریاو وشوێنه‌ گشتی یه‌كان و هه‌موار كردنه‌وه‌ی ڕێنماییه‌كانی پیدانی مۆڵه‌تی چه‌ك ، ئه‌وه‌بو له‌ماوه‌ی هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ ده‌زگاكانی پۆلیسی سلێمانی و هه‌ولێر هه‌ڵمه‌تی شه‌وانه‌یان به‌رده‌وام پێداوه‌و هه‌ر به‌گوێره‌ی زانیاریه‌كان چه‌ندان تاوانبارو هه‌ڵاتو له‌ده‌ست یاساو داواكراو ده‌ستگیركراون و ده‌ستیش به‌سه‌ر ژماره‌یه‌ك چه‌كی بێ مۆڵه‌ت دا گیراوه‌.
  • وه‌زاره‌تی ناوخۆ بڕیاری هه‌موار كردنه‌وه‌ی نوێ كردنه‌وه‌و پێدانی مۆڵه‌تی چه‌كی ده‌ركردو غرامه‌ی دارایی زیاد كردوه‌ بۆ پێدانی مۆڵه‌تی چه‌ك و نوێ كردنه‌وه‌ ئه‌گه‌رچی جێگه‌ی ده‌ستخۆشیه‌ به‌ڵام هێشتا ئه‌و ڕێكارانه‌ وه‌ك پێویست نابنه‌ مایه‌ی ڕیگری كردن له‌ وه‌رگرتنی مۆڵه‌تی چه‌ك.
  • وه‌زاره‌تی ناوخۆ بڕیاری قه‌ده‌غه‌كردنی كاری شوفێری ته‌كسی ده‌كرد بۆ ئه‌ندامانی هێزه‌ ئه‌منیه‌كان كه‌ ئه‌وه‌ش خۆی له‌خۆیدا هه‌نگاوێكی باشه‌ به‌ ئاڕاسته‌ی به‌مه‌ده‌نی كردنی كاری شوفێری ته‌كسی چونكه‌ زۆرجار شوفێری ته‌كسی به‌جلی سه‌ربازی و پۆلیسی ده‌بینران له‌شه‌قامه‌كان و له‌هه‌مان كاتدا چه‌كیان لابوه‌ ، ئه‌و بریاره‌ وه‌ك به‌شێك له‌هه‌نگاوه‌كانی كه‌مكردنه‌وه‌ی دیارده‌ی چه‌كداری له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ین.

دووه‌م / ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن : به‌سوپاسه‌وه‌ كه‌ ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن له‌سه‌ره‌تای هه‌ڵمه‌ته‌كه‌وه‌ زۆر هاوكار بون و به‌رنامه‌ی تایبه‌تیان ساز كرد له‌سه‌ر هه‌ڵمه‌ته‌كه‌و به‌شێكی گرنگ بون له‌به‌ڕێوه‌چونی هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ كه‌ ئێمه‌ هه‌وڵی ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن و رۆژنامه‌نوسان و ته‌نانه‌ت سۆشیال میدیاش به‌رز ده‌نرخێنین بۆ سه‌ركه‌وتنی پلان و كارو چالاكیه‌كانی ده‌سته‌ی مافی مرۆڤ كه‌ هه‌میشه‌ پاڵپشت و هاوكارن له‌گه‌ڵمان.

سێ یه‌م / مامۆستایانی ئایینی : وێڕای ده‌ستخۆشیمان بۆ هه‌وڵه‌كانی مامۆستایانی ئایینی كه‌ زۆرجار هه‌ماهه‌نگن له‌پرسه‌ نیشتمانیه‌كان بۆ هۆشیاركردنه‌وه‌ی هاوڵاتیان له‌سه‌ر دیارده‌ نامۆو نه‌شیاوه‌كان ئه‌مجاره‌ش به‌گوێره‌ی هه‌ندێ به‌دوا داچونمان له‌ماوه‌یه‌ له‌چه‌ند مزگه‌وتێك مامۆستایانی ئایینی به‌شێك له‌وتاره‌كه‌یان ته‌رخانكردبوو بۆ باسكردن له‌سه‌ر خراپیه‌كانی به‌كارهێنانی چه‌ك و ناشیرنیی دیارده‌ی چه‌كداری و باسكردن له‌گه‌وره‌یی تاوانی كوشتن .

چواره‌م / ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی : وێڕای ده‌ستخۆشیمان بۆ كاری هه‌ندێ ڕیكخراوی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی كه‌ ئاماده‌یی خۆیان ده‌ربڕیبو بۆ پالپشتی له‌هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی گشتی له‌ چاو زۆری ژماره‌ی ڕێكخراوه‌كان به‌داخه‌وه‌ نه‌بونه‌ به‌شێك له‌كارو هه‌ڵمه‌ته‌كه‌و وه‌ك پێویست هه‌ماهه‌نگ نه‌بون كه‌ ده‌كرا ڕؤڵیان زیاتر بێت.

ده‌ره‌نجام :

وه‌ك ده‌سته‌ی مافی مرۆڤ به‌رده‌وامی ده‌ده‌ین به‌ هه‌ڵمه‌ته‌كان و هه‌وڵه‌كان بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی دیارده‌ی چه‌كداری و نه‌هیشتنی بازاڕه‌كانی چه‌ك و به‌شێوازی ترو به‌ پلان و به‌رنامه‌ی تر.

 

ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ

هه‌رێمی كوردستان _ 6/ شوباتی _ 2019

Share This