دوای ئه‌وه‌ی رۆژی 7 ی ئایاری 2018 كاندید بۆ په‌رله‌مانی عێڕاق ( ڕابون معروف ) بڵاوی كرده‌وه‌ كه‌ هێرش كراوه‌ته‌ سه‌ری له‌ناو شاری هه‌ولێرو بریندار كراوه‌ به‌سه‌ختی و دواتر رزگاری بوه‌ . وه‌ك ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ له‌سۆنگه‌ی بڕوا بونمان به‌ پاراستنی شكۆی مرۆڤه‌كان و پاراستنی مافه‌كانی مرۆڤ ئه‌وه‌مان ڕاگه‌یاند كه‌ ئیدانه‌ی هه‌ر هێرش و سوكاتیه‌ك ده‌كه‌ین به‌رامبه‌ر به‌ هه‌ركه‌س و لایه‌نێك بكرێت و داوامان كرد ده‌زگا ئه‌منیه‌كانیش لێكۆڵینه‌وه‌ بكه‌ن و له‌ڕێگه‌ی دادگاوه‌ ئه‌و كه‌یسه‌ یه‌كلا بكه‌نه‌وه‌و تاوانباران ده‌ستگیر بكه‌ن .

ئه‌وه‌بو هه‌ر ئه‌وكات پۆلیسی هه‌ولێر ئه‌وه‌یان ڕاگه‌یاند كه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی ناوبراو سكاڵای تۆمار نه‌كردوه‌و هیچ زانیاری به‌ پۆلیس نه‌داوه‌ له‌سه‌ر ڕووداوه‌كه‌و شوێن و ناسنامه‌و جۆری هێرشه‌كه‌ بۆیه‌ هیچ زانیاریان به‌ده‌ست نه‌كه‌وتوه‌و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ده‌ستیان كردوه‌ به‌لێكۆڵینه‌وه‌و دوباره‌ش داوایان له‌ناوبراو كرد كه‌ سكاڵا تۆمار بكات و زانیاریان بداتێ .

به‌ڵام له‌یه‌كه‌م ده‌ركه‌وتنی دوای 24 كاتژمێر له‌كه‌ناڵی (NRT) له‌به‌رنامه‌ی تاوتوێ ناوبراو دوپاتی ئه‌وه‌ی كرده‌وه‌ كه‌ ئاماده‌ نیه‌ سكاڵا تۆمار بكات و بچێته‌ پۆلیس و به‌پاساوی ئه‌وه‌ی متمانه‌ی به‌ پۆلیس نیه‌ ، ئه‌وه‌ له‌كاتێكدا سه‌ڕه‌ڕای ئه‌وه‌ی كه‌ ناوبراو پێشتر ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردبو كه‌ بریندار كراوه‌و لێ ی دراوه‌ به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی گشتی هه‌ست ده‌كرا له‌ به‌رنامه‌كه‌ كه‌ سه‌لامه‌ته‌و هیچ ئاسه‌واری لێدان و بریندار بونیش به‌جه‌سته‌یه‌وه‌ دیار نه‌بو یان له‌ جوڵاندنی ده‌ست و به‌شه‌كانی تری جه‌سته‌ی بۆیه‌ پیویسته‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌یسی ناوبراو رێچكه‌ی یاسایی خۆی بگرێ و تاوانباران بدۆزرێنه‌وه‌ هه‌رچی زووه‌ سكاڵای تۆمار بكات و زانیاری بداته‌ پۆلیس و ده‌زگا ئه‌منیه‌كان ، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ كه‌یسه‌كه‌ی به‌ گوماناوی ده‌مینێته‌وه‌ كاریگه‌ریشی ده‌بێت له‌سه‌ر ڕای گشتی .

ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ

 

9 ی ئایاری _ 2018

Share This