شه‌وی 6 ی ئایاری 2019 كه‌ناڵی ئاسمانی په‌یام له‌ ڕاپۆرتێكی دا سه‌باره‌ت به‌ چه‌ند حاڵه‌تێكی نه‌خۆش له‌ چاكسازی گه‌ورانی سلێمانی كه‌ توشی نه‌خۆشی ( ڤایرۆسی جگه‌ر ) هاتون بڵاو كرده‌وه‌، له‌ ڕاپۆرته‌كه‌ كه‌ناڵه‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردوه‌ كه‌ دوای ئه‌وه‌ی تیمه‌كانی ته‌ندروستی و نوسینگه‌ی سلێمانی ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ سه‌ردانی چاكسازیان كردووه‌ بۆ به‌دوا داچون به‌ڵام له‌لایه‌ن ئیداره‌ی چاكسازی گه‌ورانه‌وه‌ نه‌خۆشه‌كان شاردراونه‌ته‌وه‌و نه‌یانهیشتوه‌ بیانبینن بۆیه‌ ئێمه‌ لێره‌وه‌ ئه‌و ڕاستیه‌ بۆ ڕای گشتی و  وه‌ڵامیش بۆ ڕاپۆرته‌كه‌ی كه‌ناڵی ئاسمانی په‌یام بڵاو ده‌كه‌ینه‌وه‌.

دوای ئه‌وه‌ی زانیاریمان پێدرا له‌سه‌ر بونی چه‌ند حاڵه‌تێكی ( نه‌خۆشی جگه‌ر ) له‌ چاكسازی گه‌ورانی سلێمانی ڕاسته‌وخۆ تیمێكی ده‌سته‌ رۆژی 1 ی ئایار سه‌ردانی چاكسازی گه‌ورانیان كردوو به‌دوا داچونیان كرد بۆ ئه‌و حاڵه‌ته‌ كردوو له‌گه‌ڵ كارگێڕی چاكسازی قسه‌یان كرد به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی تیمی نوسینگه‌ی مافی مرۆڤ كوتانی دژه‌ ڤایرۆسیان لێ نه‌درابوو بۆیه‌ له‌ڕووی ته‌ندروستیه‌وه‌ نه‌یانتوانی نه‌خۆشه‌كان ببینن ئه‌وه‌ش له‌ پێناو ته‌ندروستی تیمه‌كه‌ی ده‌سته‌ی مافی مرۆڤ ، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی دوباره‌ له‌لایه‌ن كه‌سێكه‌وه‌ له‌ ناو چاكسازی گه‌ورانی سلیمانیه‌وه‌ په‌یوه‌ندی به‌ به‌ڕێز سه‌رۆكی ده‌سته‌ی مافی مرۆڤه‌وه‌ ده‌كرێت و دوباره‌ داوای سه‌ردانی كردنی تیمی ده‌سته‌ ده‌كه‌نه‌وه‌، ئه‌وه‌بوو بۆ رۆژی یه‌كشه‌مه‌ 6 ی ئایار تیمێكی نوسینگه‌ی سلێمانی له‌به‌ڕیوه‌به‌ری نوسینگه‌و به‌رپرسی به‌شی سكاڵاو به‌ندیخانه‌ به‌فه‌رمانی به‌ڕێز سه‌رۆكی ده‌سته‌ دووباره‌ سه‌ردانی چاكسازی گه‌ورانی سلێمانیان كرده‌وه‌و له‌نزیكه‌وه‌ چاویان به‌نه‌خۆشه‌كان كه‌وت و له‌نزیكه‌وه‌ش ئاگاداری ڕه‌وشی ته‌ندروستی و بارودۆخه‌كه‌ بون له‌ ئه‌نجامدا ده‌ركه‌وت :

1_ سه‌رجه‌م نه‌خۆشه‌كان پشكنییان بۆكراوه‌و له‌ ژێر چاودێری ته‌ندروستی دان و به‌بریاری ڕاسته‌وخۆی وه‌زیری ته‌ندروستی هه‌رێمی كوردستان دوای ئه‌وه‌ی كه‌ خۆی سه‌ردانی كردبون و ئاگاداری بارودۆخه‌كه‌ ببو ئێستا چاره‌سه‌ری پێویستیان بۆ كراوه‌و هه‌موان له‌ ژێر چاودێری دان و ده‌ره‌نجامی پشكنینه‌كانیان گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ جگه‌ له‌ 4 پشكنین نه‌بێت كه‌ تا ئه‌مڕۆش نه‌گه‌ڕابۆوه‌ ، وه‌ جگه‌ له‌یه‌ك حاڵه‌تیش كه‌ هه‌ڵگری ڤایرۆسی ( ئایدزه‌ ) جیا كراوه‌ته‌وه‌و له‌ ژووری تایبه‌ت له‌ ژێر چاودێری ته‌ندروستی دا دایه‌.

2_ كارگێڕی چاكسازی گه‌ورانی سلێمانی نه‌ ئه‌وجاره‌و نه‌ هیچ كات ڕێگر نه‌بونه‌ له‌تیمه‌كانی ده‌سته‌مان وه‌ هیچ كه‌یسێكیان نه‌شاردۆته‌وه‌و له‌ تیمه‌كانی ده‌سته‌ی مافی مرۆڤ و به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ش به‌ڕێوه‌به‌رو ستافی چاكسازی گه‌ورانی سلێمانی زۆر هاوكارن و ته‌نانه‌ت بۆ ئه‌و كه‌یسه‌ش به‌رده‌وام له‌سه‌ر خه‌ت بونه‌ بۆ چاره‌سه‌ری نه‌خۆشه‌كان و هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ تیمه‌ ته‌ندروستیه‌كان به‌تایبه‌تی.

3_ تیمی كه‌ناڵی ئاسمانی په‌یام باشتر بوو بۆ وه‌رگرتنی زانیاری له‌سه‌ر كاره‌كانی نوسینگه‌ی سلێمانی ده‌سته‌ی مافی مرۆڤ و ئاكامی سه‌ردانه‌كانیان بۆ چاكسازی گه‌ورانی سلێمانی له‌سه‌ر ئه‌و كه‌یسه‌ سه‌ردانی نوسینگه‌ی سلێمانی ده‌سته‌ی مافی مرۆڤیان بكردبایه‌و زانیاریان وه‌رگرتبا.

 

ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ڕاگه‌یاندن

6 ی ئایاری _ 2019

Share This