ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ وه‌ك ئه‌ركی خۆی چاودێری ڕه‌وشی رۆژنامه‌نوسان و ئازادی رۆژنامه‌گه‌ری ده‌كات و له‌ ڕاپۆرته‌كانمان به‌رده‌وام ئاماژه‌مان پێكردووه‌و له‌نزیكه‌وه‌ش چاودێریمان كردوه‌و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش چه‌ندان جار پێشنیارو ڕاسپارده‌مان ئاڕاسته‌ی لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار كردوه‌ بۆ باشتركردنی ڕه‌وشی رۆژنامه‌نوسان و ئازادی ڕاده‌ربڕین ، سه‌باره‌ت به‌و ڕاپۆرته‌ی ده‌نگی ئه‌مریكاش كه‌ له‌ 3/5 له‌لایه‌ن رۆژنامه‌نوس (ژیار محمد) بڵاو كراوه‌ته‌ ئیمه‌ به‌گرنگی یه‌وه‌ ده‌ڕوانینه‌ ئه‌و ڕاپۆرته‌ كه‌ زۆر به‌ووردی تیشكی خستۆته‌ سه‌ر كه‌م و كوڕی و كێشه‌كان و ئه‌و پرسانه‌ی په‌یوه‌ستن به‌ رۆژنامه‌نوسان و ئازادی ڕاده‌ربڕین له‌هه‌رێمی كوردستان و به‌دوا داچونی وووردی بۆ كردوه‌ به‌ پشوو درێژی خه‌ریكی ئاماده‌ كردن و به‌دوا داچون بوه‌ بۆ ڕاپۆرته‌كه‌و لێدوان و وته‌ی چه‌ندان لایه‌نی په‌یوه‌ندیدارو به‌رپرس و شاره‌زای وه‌رگرتوه‌و كه‌ ڕاكانیان بونه‌ته‌ به‌شێك له‌ ده‌وڵه‌مه‌ند كردنی ڕاپۆرته‌كه و گرنگن بۆ باشتر كردنی ڕه‌وشی ئازادی رۆژنامه‌گه‌ری‌ ، ئێمه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی لامان وایه‌ بۆ ئه‌و پرسه‌ گرنگ بوو ڕای ئێمه‌ وه‌ربگیرابا بۆده‌وله‌مه‌ند كردنی ڕاپۆرته‌كه‌ ، به‌ڵام جگه‌ له‌وه‌ش پشتگیری له‌ناوه‌رۆكی ڕاپۆرته‌كه‌ ده‌كه‌ین به‌تایبه‌ت ئه‌وه‌ی په‌یوه‌سته‌ به‌ كه‌یسه‌كانی دادگایی كردن و پیشێلكاریه‌كان به‌رامبه‌ر رۆژنامه‌نوسان بۆیه‌ له‌ سۆنگه‌ی گرنگی دانمان به‌ ناوه‌رۆكی ڕاپۆرته‌كه‌ ئیمه‌ له‌ده‌سته‌ی مافی مرۆڤ له‌ رۆژی ئازادی رۆژنامه‌گه‌ری وێرای پیرۆزباییمان له‌ رۆژنامه‌نوسانی كوردستان ، جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌و خاڵ و داواكاریه‌كانه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌و هه‌ر خۆشمان زۆر به‌جددی كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ین له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان.

1_ جه‌خت له‌سه‌ر دامه‌زراندنی دادگایه‌كی تایبه‌ت به‌ به‌كه‌یسه‌كانی رۆژنامه‌نوسان ده‌كه‌ینه‌وه‌و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش له‌ چه‌ند رۆژی داهاتوو شاندێكی باڵای ده‌سته‌ به‌سه‌رۆكایه‌تی سه‌رۆكی ده‌سته‌ی مافی مرۆڤ سه‌ردانی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری ده‌كه‌ین و له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ گفتوگۆ ده‌كه‌ین.

2_ جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ هه‌ركات رۆژنامه‌نوسیك له‌سه‌ر كه‌یسێكی تایبه‌ت به‌پیشه‌ی رۆژنامه‌گه‌ری ده‌ستگیركرا تێكه‌ڵ به‌ تاوانباران نه‌كرێ له‌به‌ندیخانه‌كان به‌تایبه‌ت ، و ده‌كرێ له‌جێگه‌ی سزای به‌ند كردن سزای جێگره‌وه‌ی بۆ دابنرێ ( عقوبات بدیلة ).

3_جه‌خت له‌سه‌ر هه‌ماهه‌نگی زیاتر ده‌كه‌ینه‌وه‌ له‌ نێوان ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كان و چاودێریه‌كان به‌تایبه‌ت لیژنه‌ تایبه‌ته‌كانی په‌رله‌مان و داواكاری گشتی و سه‌ندیگای رۆژنامه‌نوسان و ده‌سته‌ی مافی مرۆڤ. بۆ زیاتر داكۆكی كردن له‌ مافی رۆژنامه‌نوسان و ڕه‌وشی ئازادی رۆژنامه‌گه‌ری.

4_وه‌ك لایه‌نی به‌رپرس جه‌خت له‌سه‌ر جێ به‌جێ كردنی یاسای مافی به‌ده‌ست هێنانی زانیاری ژماره‌ 11 ی ساڵی 2013 ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ ئه‌ركه‌كه‌ی سپێردراوه‌ به‌ده‌سته‌ی مافی مرۆڤ و سه‌رجه‌م ڕێكاره‌كان لای ده‌سته‌كه‌مان ته‌واو كراوه‌و ئاڕاسته‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كراوه‌ وله‌ ئیستادا ته‌نها پێویستی به‌ ده‌كردنی گشتاندنی ڕێنماییه‌كانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه به‌پێ مادده‌ی (23) ی هه‌مان یاسا ،‌ بۆ دام و ده‌زگاكانی هه‌رێمی كوردستان به‌مه‌به‌ستی جێ به‌جێ كردنی ، له‌هه‌مان كاتیشدا جه‌خت له‌سه‌ر هه‌موار كردنه‌وه‌ی یاسای رۆژنامه‌گه‌ری ژماره‌ 35 ی ساڵی 2007 كه‌ بگونجێت له‌گه‌ڵ بنه‌ما نێوده‌وڵه‌تیه‌كانی كاری رۆژنامه‌نوسی و مافه‌كانی مرۆڤ.

ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ

5 ی ئایاری 2019

Share This