له‌ڕۆژی شه‌مه‌ كاتژمیر 10،45 ی به‌یانی له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی جمهوری ئیسلامی ئیران تۆپبارانی كه‌مپی په‌نابه‌رانی كوردانی رۆژهه‌ڵات له‌شاری كۆیه‌ كراو له‌و بۆردومانه‌ (16) هاولاتی شه‌هید بون و نزیكه‌ی (40) هاولاتی تر بریندار بون.

ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ چاودێری ڕووداوه‌كه‌ی كردووه‌و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ تیمی تایبه‌تی نارده‌ نه‌خۆشخانه‌ بۆ ئاگاداربون له‌ره‌وشی هاولاتیان و به‌دواداچون‌. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ ئه‌و ڕاپۆرته‌ی ئاماده‌ كردو بیرو ڕاو سه‌رنجی خۆی ده‌خاته‌ ڕوو.

یه‌كه‌م / ئه‌و هێرشه‌ی ده‌وڵه‌تی ئێران بۆ سه‌رخاكی هه‌رێمی كوردستان پێچه‌وانه‌ی ده‌ستوری هه‌میشه‌یی عێراق و یاسای نێو ده‌وڵه‌تی و مرۆیی و په‌یوه‌ندی دبلۆماسی و عورفی نێوده‌وڵه‌تیه‌و پێشیلكردنی سه‌روه‌ری خاكه‌.

دووه‌م / ئه‌و شوێنه‌ی بۆدومان كراوه‌ ئه‌گه‌رچی باره‌گای لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزسیۆنی ئیرانی تێدایه‌ له‌هه‌مان كاتدا شوێنی حه‌وانه‌وه‌ی هاوڵاتی مه‌ده‌نی و ژن و منداڵه‌ وه‌ هه‌روه‌ها هه‌ر ‌له‌وێش كه‌مپی تایبه‌ت به‌ په‌نابه‌رانی كوردانی رۆژهه‌ڵات هه‌یه‌ كه‌ هاوڵاتی مه‌ده‌نین ، ئه‌وه‌ش پێچه‌وانه‌ی یاسای نێوده‌وڵه‌تی و بنه‌ماكانی مافی مرۆڤ و یاساكانی جه‌نگه‌ كه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ ده‌بێت له‌كاتی شه‌ڕو جه‌نگ هاوڵاتی مه‌ده‌نی و ژن و منداڵ و به‌ساڵاچو پارێزراو بێت و هه‌روه‌ها ده‌بێت ژینگه‌و دارستانیش پارێزراو بێت به‌لام له‌و ڕووداوه‌ چه‌ندين ژن و مندال شه‌هیدو برینداربون و ژینگه‌و دارستانی ئه‌و شوینه‌ش سوتاون.

بۆئه‌و مه‌به‌سته‌ ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ له‌ ڕوانگه‌ی بنه‌ماكانی مافی مرۆڤ و بارودۆخی مرۆیی و به‌پشت به‌ستن به‌ده‌ستورو یاساكانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان ئه‌و خاڵانه‌ ده‌خاته‌ ڕوو.

یه‌كه‌م / پێویسته‌ داواكاری گشتی بێته‌ سه‌رخه‌ت و دۆسیه‌ی تایبه‌ت بۆ ئه‌و ڕووداوه‌ بكاته‌وه‌و به‌دوا داچونی بۆبكات.

دووه‌م / داوا ده‌كه‌ین سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێم و په‌رله‌مان هه‌وڵه‌كانی خۆیان بخه‌نه‌‌ گه‌ڕ له‌رێگه‌ی په‌یوه‌ندی دبلۆماسی و كونسوڵگه‌ری ده‌وڵه‌تی ئێران له‌هه‌رێمی كوردستان كه‌ ڕه‌چاوی بارودۆخی هه‌رێمی كوردستان و په‌یوه‌ندیه‌كانی هه‌ردوولا بكه‌ن و ڕێز له‌سه‌روه‌ری خاكی هه‌رێمی كوردستان بگرێت . ئه‌و حاڵه‌ته‌ دوباره‌ نه‌بێته‌وه‌ كه‌ بۆته‌ مایه‌ی نائارامی و نیگه‌رانی بۆ خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان .

سێ یه‌م / ده‌سته‌ی مافی مرۆڤ له‌ریگه‌ی په‌یوه‌ندی خۆی له‌گه‌ڵ كۆمسیۆنی مافه‌كانی مرۆڤی عێراق هه‌وڵه‌كانی چر ده‌كاته‌وه‌ له‌ پێناو گه‌یاندنی په‌یامی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان سه‌باره‌ت به‌ پێشیلكاری ده‌وڵه‌تانی دراوسێ كه‌ تۆپبارانی سنوره‌كانی هه‌رێمی كوردستان و ره‌زو باغ و كه‌مپه‌كانی نیشته‌جێ بوونی هاوڵاتیان ده‌كه‌ن . وه‌ پێویسته‌ له‌ ڕێگه‌ی لیژنه‌یه‌كی تایبه‌ته‌وه‌ سه‌ردانی ناوچه‌ زیان پێكه‌وه‌توه‌كان بكرێت و رصدی راستی ڕووداوه‌كان بكرێت و قه‌ره‌بوی ئه‌و خه‌ڵكه‌ بكرێته‌وه‌ كه‌ زیانی پێ كه‌وتوه‌ وه‌ هه‌روه‌ها ده‌نگی ناڕه‌زایی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان بگه‌یننه‌ حكومه‌تی ئیتیحادی به‌وه‌ی كه‌ هه‌ڵویستی نیه‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و پێشیلكاریانه‌ی ده‌وله‌تانی دراوسێ بۆ سه‌ر خاك و خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان .

چواره‌م/ پێویسته‌ حكومه‌تی ئیتحادی به‌ ئه‌ركی ده‌ستوری و یاسایی خۆی هه‌ڵسیت به‌ پاراستنی سنوره‌كان و رێگری كردن له‌هه‌ر سنور به‌زاندن و هێرش كردنێك له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تانه‌وه‌ بۆ سه‌ر خاكی عێراق ، كه‌ هه‌رێمی كوردستان به‌شێكه‌ له‌ده‌وله‌تی عێراق و په‌یامی نیگه‌رانی خۆی بگه‌ێنێته‌ ده‌وڵه‌تی ئێران له‌ ڕیگه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ به‌پێ ی پڕۆتۆكۆلی دبلۆماسی و سیاسی .

پێنجه‌م / په‌یامی خۆمان ئاڕاسته‌ی هه‌موو هێزو لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزسیۆنی ده‌وڵه‌تانی دراوسێ ده‌كه‌ین كه‌ له‌هه‌رێمی كوردستانن یان له‌سه‌ر سنوره‌كانن پێویسته‌ ڕیز له‌یاساو ڕێساكانی هه‌رێمی كوردستان و نێوده‌وڵه‌تی بگرن و كارێكی وانه‌كه‌ن هه‌رێمی كوردستان ببێته‌ شوێنیك بۆ یه‌كلا كردنه‌وه‌ی  ململانێ كان له‌ ڕێگه‌ی جه‌نگ و هێرش و په‌لامار بۆ سه‌ر وڵاتان ، له‌به‌رامبه‌ردا پشتیوانی هه‌موو هه‌وڵێكی ئاشتیانه‌و مه‌ده‌نیانه‌ ده‌كه‌ین بۆ گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌كان و مافه‌ ڕه‌واكان له‌ ڕیگه‌ی گفتوگۆو هه‌وڵی نێوده‌وڵه‌تی و چاره‌سه‌ری ئاشتیانه‌ دوور له‌ شه‌ڕو جه‌نگ كه‌ ته‌نها به‌زه‌ره‌ری هاوڵاتیانی بئ گوناح و ژن و منداڵ ته‌واو ده‌بێت و هیچ ده‌ره‌نجامیشی نابێت .

شه‌شه‌م / داوا ده‌كه‌ین نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ڕۆڵی خۆیان بگێڕن له‌ چاره‌سه‌ر كردنی ئه‌و پرسه‌و پاراستنی خه‌ڵك و خاكی هه‌رێمی كوردستان له‌هه‌ر مه‌ترسی و هێرش و پێشیلكاریه‌ك له‌لایه‌ن وڵاتانی دراوسێ و دیاری كردنی ئایینده‌و چاره‌نوسی ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ی ئێرانی كه‌ له‌هه‌رێمی كوردستان ده‌ژین.

حه‌وته‌م / لێره‌وه‌ش داوا له‌ ڕێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان و مرۆییه‌كان ده‌كه‌ین كه‌ هاوكاری مرۆیی و ته‌ندروستی بگه‌یننه‌ هاوڵاتیانی ئه‌و كه‌مپانه‌و ئه‌و ناوچانه‌ی زیان یان به‌ركه‌وتووه‌.

 

ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ له‌هه‌رێمی كوردستان

9 ی ئه‌یلولی 2018

Share This