رۆژی 15 ى نيسان له‌دیوانی ده‌سته‌ (ضياء بطرس صليوا) سه‌رۆكی ده‌سته‌ی مافی مرۆڤ پیشوازی كرد له‌ ( محمد هه‌ژار ) سه‌رۆكی ڕێكخراوی رۆشنبیری و داكۆكی كردن له‌ كرێكارانی بیانی هاوڕێ یه‌تی ژماره‌یه‌ك كرێكاری بیانی نیپاڵی كرد كه‌سكاڵایان هه‌بوو به‌وه‌ی فێڵیان لێ كراوه‌و هانایان بۆ سه‌رۆكی ده‌سته‌ی مافی مرۆڤ هیناو داوای هاوكاریان كرد.

ئه‌و كرێكارانه‌ ئاماژه‌یان به‌وه‌ كرد كه‌ له‌لایه‌ن پارێزه‌ریكه‌وه‌ فێڵیان لێ كراوه‌ به‌ هاوكاری خه‌ڵكانی ناو هه‌رێمی كوردستان و نیپال و به‌ناوی كۆمپانیای وه‌همی و به‌ناوی دابین كردنی كارو ژیان پاره‌یان لی وه‌رگیراوه‌ كه‌ ڕیگه‌ پیدانه‌كه‌یان ته‌نها بۆ ماوه‌ی 3 مانگ بوه‌و كه‌ هاتونه‌ته‌ هه‌رێمی كوردستان و له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ش بۆ هه‌ریه‌كه‌یان بڕی (4500$) لێ وه‌رگیراوه‌ . وه‌ له‌مانگی ئابی 2018 وه‌ ئه‌و ڕێگه‌ پێدانه‌ش ته‌واو بوه‌و له‌و كاته‌وه‌ تا ئیستا له‌ ژێر سزای یاسایی دان به‌هۆی به‌سه‌ر چونی ماوه‌ی مانه‌وه‌یان .

كرێكاره‌كان سكاڵای خۆیان پیشكه‌ش كرد به‌سه‌رۆكی ده‌سته‌ سه‌باره‌ت به‌و هه‌موو پیشیلكاریه‌ی به‌رامبه‌ریان كراوه‌ له‌ كڕین و فرۆشتن و مامه‌ڵه‌ كردنه‌ به‌تایبه‌ت به‌ كچه‌كان له‌نێوان هه‌ولێرو به‌غداو بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش سه‌رجه‌م به‌ڵگه‌ نامه‌كانیان پیشكه‌ش به‌سه‌رۆكی ده‌سته‌ كرد.

له‌به‌رامبه‌ردا سه‌رۆكی ده‌سته‌ وتی به‌هه‌مو شیوه‌یه‌ك پشتیوان ده‌بین بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی مافه‌كانتان و ڕێگری كردن له‌و تاوان و پیشیلكاریانه‌ی به‌رامبه‌رتان ده‌كرێ و دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ ده‌یانه‌وێ به‌و كارانه‌  ناوو سومعه‌ی خه‌ڵك و هه‌رێمی كوردستان له‌كه‌دار بكه‌ن له‌گه‌ل لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار له‌سه‌ر خه‌ت ده‌بین و به‌دوا داچون ده‌كه‌ین به‌جددی بۆ ئه‌و پرسه‌. وتیشی ناكڕێ خه‌ڵكانێك به‌و جۆره‌ مامه‌ڵه‌ بكه‌ن و بیانه‌وئ فێڵ له‌ خه‌ڵكی بیانی بكه‌ن له‌كاتێكدا خه‌ڵك هه‌رێمی كوردستان به‌وه‌ ناسراون كه‌ هه‌میشه‌ هاوكارو میوان دۆست بونه‌و له‌سه‌ر ئاستی نێو ده‌وڵه‌تیش پیشمه‌رگه‌ بوه‌ سومبولی ئازایه‌تی و پارێزگاری له‌مرۆڤایه‌تی.

له‌ دانیشتنكه‌دا به‌رپرسی هۆبه‌ی سكالا ده‌سته‌ ئاماده‌ی دانیشتنه‌كه‌ بوو سكالای گروپه‌كه‌ی وه‌رگرت و بڕیاره‌ ده‌سته‌ی مافی مرۆڤ به‌ڕه‌سمی كاری له‌سه‌ر بكات و لایه‌نی په‌یوه‌ندیداری لی ئاگادار بكاته‌وه‌.

Share This