دوای ئه‌وه‌ی به‌فه‌رمی له‌رۆژی 15 ی نیسان بانگه‌شه‌ی لیست و لایه‌نه‌كان و كاندیده‌كان ڕاگه‌ینرا بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی 2018 ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ، هه‌ر له‌و كاته‌وه‌ په‌یامێكمان بڵاو كرده‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ ئارامی به‌ڕێوه‌چونی پرۆسه‌ی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن و دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ پیشیلكاری و ناوزڕاندن و ڕێز گرتنی بنه‌ماكانی مافی مرۆڤ و یاساو ڕێنماییه‌كانی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن .
به‌ڵام ئه‌وه‌ی تێبێنیمان كردوه‌ له‌و چه‌ند رۆژه‌ی دوایی به‌تایبه‌ت به‌شێك له‌لیست و كاندیدو لایه‌نه‌كان منداڵانیان به‌كارهێناوه‌ بۆ بانگه‌شه‌و چالاكیه‌كانیان و سوڕانه‌وه‌ به‌ناو بازاڕو شه‌قامه‌كان و له‌سه‌ر ئۆتۆمبیل و شوێنه‌ گشتی یه‌كان ، ئه‌وه‌ش ته‌واو پێچه‌وانه‌ی جارنامه‌ی مافه‌كانی منداڵانه‌ كه‌ ڕێگه‌ نادات منداڵان بۆ هیچ پڕۆسه‌و كردارێكی سه‌ربازی و سیاسی به‌كار بهێنرێن وه‌ك كه‌ره‌سته‌ی بانگه‌شه‌و مه‌رامی سیاسی
بۆیه‌ وه‌ك ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئه‌و حا‌ڵه‌تانه‌ به‌پێشیلكاری ده‌زانین به‌رامبه‌ر مافی مندالان و به‌دیارده‌یه‌كی ناشارستانیشی له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ین و داواش له‌ دام و ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كان و ده‌زگا ئه‌منیه‌كان ده‌كه‌ین ڕێگری له‌و كارانه‌ بگرن . وه‌ هه‌روه‌ها كۆمسیۆنی سه‌ربه‌خۆی هه‌لبژاردنه‌كانیش رێكاری پێویست بگرێته‌ به‌ر به‌رامبه‌ر هه‌رلیست و قه‌واره‌و لایه‌نێك كه‌ ئه‌و سه‌رپێچیه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن له‌به‌كارهینانی منداڵان بۆ بانگه‌شه‌و ڕیكلامی سیاسی .

ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ
هه‌رێمی كوردستان _ 7 ی ئایاری 2018

Share This