به‌داخه‌وه‌ له‌ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژی ڕابردوو چه‌ند حاڵه‌تێكی كوشتن و ته‌قه‌ كردن ڕوویدا به‌چه‌ك له‌شارو شارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان . ئه‌وه‌ش نیگه‌رانی و دڵه‌ ڕاوكێ ی لای هاوڵاتیان دروست كرد.

ئه‌گه‌رچی ئێمه‌ له‌ ئامارو ڕاپۆرتی مانگانه‌ی خۆمان له‌ماوه‌ی یه‌ك ساڵدا كه‌ بڵاومان كرده‌وه‌و بۆ ڕای گشتی و دام و ده‌زگاكانی حكومه‌ت ئه‌وه‌مان ڕاگه‌یاندبو كه‌ هۆكاره‌كانی كوشتن و خۆكوشتن ئه‌گه‌رچی فره‌ هۆكاره‌ به‌ڵام زۆربه‌ی به‌ چه‌ك بوه‌و به‌شیكی زۆری ئه‌و چه‌كه‌ش بێ مۆڵه‌ت بوه‌ ، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شمان وت كه‌ چه‌ك لای هاوڵاتیه‌و به‌ئاسانی ده‌ست ده‌كه‌وێت و بازاری چه‌ك فرۆشیش وه‌ك پێویست كۆنتڕۆل نه‌كراوه‌ زۆر به‌ ئاشكرا كڕین و فرۆشتن به‌چه‌ك ده‌كرێت له‌بازاڕه‌كان ، وه‌ كه‌م و كوڕی له ڕێنماییه‌كانی ‌پێدانی مۆڵه‌تی چه‌ك هه‌یه‌ له‌پارێزگاكان و پێویسته‌ پێداچونه‌وه‌ی بۆ بكرێت و كۆنتڕؤڵ بكرێت . به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ وه‌ك پێویست گوێ بۆ پێشنیارو ڕاسپارده‌كانمان نه‌گیرا ئه‌وكات تا وه‌ك بینینمان حاڵه‌ته‌كان به‌ نائاسایی زیادیان كردو زۆر به‌زه‌قی دیارده‌ی چه‌كداری ده‌بینرا له‌شه‌قام كۆڵان و بازاڕه‌كان وشوێنه‌ گشتی یه‌كان.

ئێستاش كه‌ دوای ساڵیك به‌سه‌ر پێشكه‌ش كردنی پیشنیاره‌كانمان بۆ كۆنتڕۆڵ كردنی دیارده‌ی چه‌كداری و  پێداچونه‌وه‌ به‌ مۆڵه‌تی هه‌ڵگرتنی چه‌ك به‌خۆشحاڵیه‌وه‌ ده‌زگا ئه‌منیه‌كان و پاڕێزگاكان هاتنه‌ پێش بۆ ئه‌وه‌ی به‌هه‌مو شێوه‌ك پیداچونه‌وه‌ بكرێت به‌ پێدانی مۆڵه‌ت و كۆنترۆڵ كردنی دیارده‌ی چه‌كداری و ئۆتۆمبیلی جام ڕه‌ش و بێ تابلۆ كه‌ مه‌ترسیان هیچی كه‌متر نیه‌ له‌ دیارده‌ی چه‌كداری و ئه‌وكاتیش و ئیستاش به‌دیارده‌یه‌كی ناشارستانی و نایاسایی ده‌زانین .

لێره‌وه‌ش ده‌ستخۆشی له‌ ده‌زگا ئه‌منیه‌كان و ئیداره‌ی پارێزگاكان ده‌كه‌ین بۆ ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ی ده‌ستیان پێ كردوه‌ بۆ كۆنتڕۆڵ كردنی ئه‌و دیارده‌و ده‌ستگیر كردنی ئه‌وانه‌ی تاوانبارن و سه‌رپێچی یاساییان كردوه‌و له‌پێناو سه‌قامگیری بۆ كۆمه‌لگه‌و پاراستنی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان و دابین كردنی ئاسایشی كۆمه‌لایه‌تی و پێمان وایه‌ له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ پێویسته‌ یاسای ژماره‌ 16 ی ساڵی 1993 ی تایبه‌ت به‌ مۆڵه‌ت دانی چه‌ك بگۆڕدرێت و هه‌موار بكریته‌وه‌ بۆ یاسای قه‌ده‌غه‌كردنی هه‌ڵگرتنی چه‌ك و ئه‌وه‌ش بچه‌سپێت كه‌ ئه‌و چه‌كه‌شی لای كارمه‌ندانی ده‌زگا ئه‌منیه‌كان و پیشمه‌رگه‌یه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ڕێگه‌ نه‌درێت له‌دوای ده‌وامی فه‌رمی و ته‌واو بونی ئه‌ركه‌وه‌  نابێت بیبه‌نه‌وه‌ ماڵه‌وه‌.

ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ

27 _ 6 _ 2018

Share This