ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ داوای ئاشته‌وایی نیشتمانی و ڕێكخستنه‌وه‌ی نیوماڵی كوردستان ده‌كات.

به‌بۆنه‌ی هاتنه‌وه‌ی جه‌ژنی ڕه‌مه‌زانی پیرۆز ، به‌ناوی ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ پیرۆزبایی له‌سه‌رجه‌م هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین و هیوادارین ئه‌و جه‌ژنه‌ ببێته‌ مایه‌ی هاتنه‌دی ئاوات و ئامانج و داوا‌ ڕه‌واكان و كۆتایی هێنان به‌ناخۆشی و نه‌هامه‌تی.

جه‌ژنه‌كان ده‌رفه‌تێكی گرنگن بۆ ئاشته‌وایی و لێبوردن و یه‌كتر قبوڵكردن و هاتنه‌كایه‌ی ژینگه‌یه‌كی ئارام و پر خۆشی و شادی له‌نێوان تاكه‌كان و كۆمه‌ڵگا به‌گشتی و وه‌لا نانی كێشه‌كان..

به‌داخه‌وه‌ ئه‌و جه‌ژنه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ناته‌بان و نه‌یانتوانیوه‌ بگه‌نه‌ رێكه‌وتن له‌سه‌ر پرسه‌ سیاسیه‌كان و ئه‌و كێشانه‌ی هاتونه‌ته‌ پێش له‌سه‌ر حكومه‌ت و چه‌ند پرسیكی ترو ئه‌وه‌ش هه‌موو لایه‌كی نیگه‌ران كردوه‌و به‌هیچ جۆرێك خزمه‌ت به‌ پرۆسه‌ی سیاسی و حوكمڕانی ناكات و له‌به‌رژه‌وه‌ندی هاولاتیان نیه‌ ، چونكه‌ خه‌ڵك چاوه‌ڕێ ی دروست كردنی حكومه‌ته‌ له‌پێناو پێشكه‌ش كردنی خزمه‌تگوزاری و چاره‌سه‌ری قه‌یران و گیرو گرفته‌كان .

به‌داخه‌وه‌ش‌ له‌لایه‌كی تره‌وه‌ له‌ سنوری كركوك و مخمورو خانه‌قین له‌لایه‌ن گروپ و خه‌ڵكانی نادیاره‌وه‌ به‌روبوم و ده‌غڵ و دانی هاوڵاتیانی كورد ده‌سوتێنرێت و ده‌ربه‌ده‌ر ده‌كرێن و هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتنیان لێ ده‌كرێ و هه‌وڵی ته‌عریبی ناوچه‌كانی ئه‌و سنورانه‌ به‌ ئاشكرا ده‌درێت ، له‌به‌رامبه‌ریشدا حكومه‌تی عێڕاق نه‌یتوانیوه‌ پارێزگاری له‌موڵك ده‌غڵ ودان و ژیانی ئه‌و هاوڵاتیانه‌ بكات و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانیش نه‌یانتوانیوه‌ بگه‌نه‌ ڕێكه‌وتن بۆ ئه‌و پرسه‌و ته‌نانه‌ت پرسه‌ ناوخۆییه‌كانی تریش به‌هۆی ململانێ ی سیاسی نیوانیان.

ئیمه‌ لێره‌وه‌ ئه‌و جه‌ژنه‌ به‌فرسه‌ت ده‌زانین كه‌ داوا له‌سه‌ركردایه‌تی سیاسی هه‌رێمی كوردستان به‌گشتی و هه‌ردوو هێزی ده‌سه‌ڵاتدار بكه‌ین كه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر مێزی گفتوگۆو سازش بۆ یه‌كتر بكه‌ن له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی باڵای میلله‌ت و نیشتمان و داكۆكی كردن له‌مافی هاوڵاتیان بكه‌نه‌ خاڵی رێكه‌وتن و هاتنه‌ پێش له‌یه‌كتر، و سازش كردن بۆ یه‌كتر له‌پشك و به‌ش به‌ تاوان و دۆڕان نه‌زانن چونكه‌ بارودۆخه‌كه‌ به‌رگه‌ی هیچ ترازان و نا ئارامیه‌ك ناگرێ و مه‌ترسی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی گروپی تیرۆریستی داعش له‌ناوچه‌كانی كركوك ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌و بونه‌ته‌ مه‌ترسی بۆ سه‌ر دانیشتوانی ئه‌و ناوچانه‌ ئه‌وان پێویستیان به‌ پارێزگاری كردن و پاراستن هه‌یه‌ ،

له‌ئاستی ناوه‌خۆش هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان ماندون به‌هیچ شێوه‌یه‌ك پشتیوانی له‌ لێكترازان و دووركه‌وتنه‌وه‌و زمانی شه‌ڕ‌ ناكه‌ن ، له‌هه‌مان كات ئێمه‌و دڵسۆزان پشتگیری هه‌ر هه‌وڵێك ده‌بین كه‌ به‌ ئاڕاسته‌ی یه‌كڕیزی و ئاشته‌وایی نێوماڵی كوردستان ده‌درێت و به‌هیواین ئه‌و جه‌ژنه‌ كۆتایی بێنێت به‌ چاوه‌ڕوانیه‌كان و ناخۆشیه‌كان و هه‌مولا بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌رمێزی گفتوو گۆو له‌ زووترین ماوه‌ی یاسایش كابینه‌ی تازه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێك بێت.

هه‌موو رۆژتان جه‌ژن و شادی بێت.

ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ

3 ى حوزه‌یرانی 2019

Share This