به‌بۆنه‌ی هاتنه‌وه‌ی یادی له‌دایك بونی حه‌زره‌تی مه‌سیح سه‌لامی خوای له‌سه‌ر بێ پیرۆزبایی له‌خوشك وبرایانی مه‌سیحی له‌كوردستان به‌تایبه‌تی و جیهان به‌گشتی ده‌كه‌ین و هیوادارین ئه‌و یاده‌ خۆشی و ئاشتی له‌گه‌ڵ خۆی بهێنته‌وه‌ بۆ كوردستان و جیهان به‌گشتی .
ئه‌مساڵیش ئه‌و یاده‌ له‌كاتێكدا ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ جیهان و ناوچه‌كه‌ به‌كۆمه‌ڵێك گۆرانكاری تێده‌په‌ڕن و هێشتا مه‌ترسی تیرۆرو بیری توندڕه‌وه‌ی له‌ناو نه‌چوه‌و به‌تایبه‌تی له‌ عێڕاق و سوریا هێشتا خوشك و برا مه‌سیحیه‌كان نه‌یانتوانیوه‌ به‌ته‌وای بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر ماڵ و خاكی خۆیان و به‌ ئازادانه‌ بژین . ئه‌وه‌ له‌كاتێكدا كه‌ هه‌ر به‌هۆی مه‌ترسی تیرۆره‌وه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر له‌مه‌سیحیه‌كانی عێراق وڵاتیان جئ هێشت بۆ هه‌نده‌ران و بونه‌ته‌ په‌نابه‌ر له‌ وڵاتان.
ئه‌مڕۆ جیهان و ناوچه‌كه‌ له‌هه‌مو كات زیاتر پێویستیان به‌ ئاشتی و په‌یامی حه‌زره‌تی مه‌سیح هه‌یه‌ كه‌ هه‌ڵگری په‌یامی لێبورده‌یی و ژیان دۆستی بوه‌ وه‌ به‌شانازیه‌وه‌ له‌هه‌رێمی كوردستان تا ئاستێكی باش كه‌لتوری پیكه‌وه‌ ژیان و یه‌كتر قبول كردن بۆته‌ ناسنامه‌ی ئه‌و هه‌رێمه‌و به‌درێژایی مێژوو به‌یه‌كه‌وه‌ ژیاون و له‌خۆشی و ناخۆشی هه‌میشه‌ پیكه‌وه‌ بونه‌ ، ئه‌وه‌ش له‌ پێناو دابین كردنی دادپه‌روه‌ری بۆ مرۆڤه‌كان و ژیانی دوور له‌ شه‌ڕو ناخۆشی كه‌ له‌ بنه‌ره‌تدا په‌یامی پیغه‌مبه‌ران بوه‌ .
هیوادارین ئه‌مساڵ ئه‌و جه‌ژنه‌ دووباره‌ له‌گه‌ڵ خۆی خۆشی بگه‌ڕێنته‌وه‌ بۆ هه‌موولاو ببێته‌ مایه‌ی كۆتایی هاتنی ناخۆشی و كێشه‌كان ، هیوای جه‌ژنێكی پر ئاسوده‌یی بۆ هه‌مولا ده‌خوازین.

ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ له‌هه‌ریمی كوردستان
25/12/2028

Share This