به‌داخه‌وه‌ ئه‌مڕۆ هه‌واڵی كۆچی دوایی سه‌ركرده‌ی نه‌ته‌وه‌یی و رابه‌ڕی رزگاری خوازی میلله‌ته‌كه‌مان جه‌نابی مام جلال مان بیست ، پرسه‌ی خۆم ڕاده‌گه‌ینم بۆ ته‌واوی خه‌ڵكی كوردستان و عێڕاق به‌گشتی و خانه‌واده‌ی به‌ڕێزیان و مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌ركردایه‌تی و كادیرو ئه‌ندامانی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان به‌تایبه‌تی.

ئه‌و هه‌واڵه‌ له‌ناخه‌وه‌ منی خه‌مبار كردو دڵته‌نگ بوم به‌كۆچی دوایی ئه‌و سه‌ركرده‌ی كه‌ هه‌موو ژیانی ته‌رخان كرد بۆ خه‌بات كردن له‌پێناو رزگاری نیشتمانی و گه‌یشتن به‌مافی چاره‌ی خۆنوسین بۆ میلله‌ته‌كه‌مان .

به‌داخه‌وه‌ كۆچی سه‌رۆك مام جلال له‌كاتیكدایه‌ كه‌ میلله‌ته‌كه‌مان به‌ قۆناغێكی هه‌ستیار تێده‌په‌ڕێت و له‌ هه‌موو كات زیاتر پێویستی به‌ حیكمه‌ت و سیاسه‌تی میانڕه‌وی ئه‌و بوو بۆ گه‌یشتن به‌مافه‌كانی و ڕێكخستنه‌وه‌ی ناو ماڵی كوردستان و په‌یوه‌ندیه‌كانی نێو خۆو عێراق و نێوده‌وڵه‌تی و ئاشته‌وایی ناو هێزه‌ كوردستانیه‌كان .

ئه‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ی سه‌رۆك مام جلال وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌كی كوردستانی كه‌لێنیكی گه‌وره‌ دروست ده‌كات و له‌ناو دڵی هه‌موان و هه‌موو هاوڵاتیه‌كی كوردستانی ، چونكه‌ ئه‌و داكۆكی كاری مافی هه‌موو هاوڵاتیان بو به‌جیاوازی ئایینی و پێكهاته‌كانه‌وه‌و چه‌تری كۆكه‌ره‌وه‌ی هه‌موان بو.

هیوادارم هه‌موان له‌ژێر رۆشنایی سیاسه‌ت و په‌یامه‌كانی سه‌رۆك مام جلال بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر مێزی گفتوگۆو ڕێكه‌وتن له‌پێناو گه‌یشتن به‌مافه‌كانی گةلانی كوردستان و ئاسوده‌ بونی رۆحی مام جلال.

 

ضياء بطرس صليوا

سه‌رۆكی ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ

3/10/2017

Share This