به‌بۆنه‌ی هاتنه‌وه‌ی 1 ی ئایار جه‌ژنی جیهانی كریكاران ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ پیرۆزبایی ئاڕاسته‌ی سه‌رجه‌م كرێكارانی ناوه‌خۆو بیانی له‌هه‌رێمی كوردستان ده‌كات و هیوادارین ئه‌و جه‌ژنه‌ ببێته‌ مایه‌ی به‌رجه‌سته‌ كردنی ماف و داواكاریه‌كانی كریكاران و باشتر كردنی ڕه‌وشی ژیان وگه‌یشتن به‌ مافه‌كانیان.

كرێكاران وه‌ك چینێكی دیاری كۆمه‌لگه‌ له‌لای ده‌سته‌ی مافی مرۆڤ گرنگی تایبه‌تی هه‌یه‌و له‌سۆنگه‌ی داكۆكی له‌ مافه‌كانی مرۆڤ ، هه‌میشه‌ خۆمان به‌ داكۆكی كاری مافه‌كانی كرێكاران زانیوه‌و له‌ ڕاپۆرتی تایبه‌ت و ڕاپۆرتی ساڵانه‌ی ده‌سته‌ی مافی مرۆڤیش گرنگی تایبه‌ت مان به‌ به‌دوا داچون و كێشه‌كانی كرێكاران داوه‌. بۆیه‌ لامان وایه‌ ئه‌گه‌رچی ئه‌و رۆژه‌ تایبه‌ته‌ به‌ كریكاران و جه‌خت كردنه‌وه‌ له‌سه‌ر هاتنه‌ دی ئاوات و مافه‌كانیان به‌لام به‌داخه‌وه‌ هێشتا كریكاران ڕووبه‌روی پیشیلكاری و دابین نه‌كردنی مافه‌كانیان ده‌بنه‌وه‌و رۆژانه‌ش ده‌بیستین كه‌ كرێكاران ده‌بنه‌ قوربانی له‌ شوێنی كاركردن به‌هۆی نه‌بونی سه‌لامه‌تی له‌شوێنی كار ، بۆیه‌ له‌و یاده‌دا ئاماژه‌ ده‌كه‌ین به‌ دوو خاڵ :

یه‌كه‌م : سه‌باره‌ت به‌ كرێكارانی ناوه‌خۆ . به‌داخه‌وه‌ كرێكارانی ناوه‌خۆ له‌ خراپترین ڕه‌وشی ژیان و گوزه‌ران ده‌ژین و قه‌یرانی دارایی له‌ ساڵانی ڕابردوو كاریگه‌ری گه‌وره‌ی كرده‌ سه‌ر ژیانیان ، وه‌ مافه‌كانیان ده‌سته‌به‌ر نه‌كراوه‌و به‌هۆی هاتنی ژماره‌یه‌كی زۆری كرێكاری بیانی و وڵاتانی دراوسێ كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ زۆربه‌ی كرێكارانی ناوه‌خۆ بێ كار كه‌وتونه‌ته‌وه‌ ، وه‌ جگه‌ له‌وه‌ش وه‌زاره‌تی پلان دانان هیچ پلانێكی نه‌بوه‌ بۆ نزم كردنه‌وه‌ی ڕێژه‌ی بێكاری و ڕه‌خساندنی هه‌لی كار  ، له‌هه‌مان كاتیشدا سه‌ندیگاكانی كرێكاران نه‌یانتوانیوه‌ وه‌ك پێویست خزمه‌تی كرێكاران بكه‌ن و ببنه‌ داكۆكی كاری مافه‌كانیان .

دووه‌م : سه‌باره‌ت به‌ كرێكارانی بیانی . به‌داخه‌وه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی هیچ پلان و به‌رنامه‌یه‌ك نه‌بوه‌ بۆ هاتن و كاركردنی كرێكارانی بیانی بۆ هه‌رێمی كوردستان له‌ماوه‌ی ساڵانی ڕابردوو به‌لێشاو ڕوویان له‌هه‌رێم كرد ، ئه‌وه‌ش وای كرد كه‌ به‌هۆی هاتنی ئه‌و ژماره‌ زۆره‌وه‌ كاریگه‌ری گه‌وره‌ی كرده‌ سه‌ر كاری كرێكارانی ناوه‌خۆو رێژه‌ی بێكاری به‌رز كرده‌وه‌و چه‌ندان كرێكار بێ كار بون . ئه‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ی مافی كریكارانی بیانیش زامن نه‌بوو ده‌یان جۆری پێشیلكاری و توندوتیژی به‌رامبه‌ریان كراوه‌و ده‌كرێ تا ئیستاش وه‌ك ده‌سته‌ش هه‌میشه‌ به‌دوا داچون و چاودێری ئه‌و پرسه‌مان كردووه‌و راپۆرتمان بڵاو كردۆته‌وه‌. وه‌ تازه‌ ترین به‌لگه‌ش له‌ سه‌ره‌تای ئه‌و مانگه‌ ژماره‌یه‌ك كرێكاری بیانی له‌ده‌سته‌ی مافی مرۆڤ سكالایان تۆمار كرد سه‌باره‌ت به‌ خراپی ڕه‌وشی ژیان و مامه‌ڵه‌ كردن له‌گه‌ڵیان تا ئاستی بازرگانی كردن پێوه‌یان له‌لایه‌ن خه‌لكانێك بۆ مه‌به‌ستی كڕین و فرۆشتن و قازانج كردن وكڕین و فرۆشتن بۆ پارێزگاكانی ناوه‌ڕاست و باشورو جگه‌ له‌ چه‌ندان جۆری تری پیشێلكاری به‌رامبه‌ریان.

بۆیه‌ له‌و رۆژه‌دا جگه‌ له‌وه‌ی دوپاتی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ خۆمان به‌ داكۆكی كاری مافه‌كانی كرێكاران ده‌كه‌ینه‌وه‌و له‌هه‌مان كاتیشدا پیرۆزبایی ئه‌و رۆژه‌ له‌سه‌رجه‌م كریكاران ده‌كه‌ین و هیواداراین هه‌میشه‌  له‌ ژیانێكی شایسته‌دا بژین.

ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ

30 ی نیسانی 2019

Share This