ئه‌مڕۆ 29 ساڵ تێده‌په‌ڕێت به‌سه‌ر په‌سندكردنی ڕێكه‌وتنامه‌ی مافه‌كانی منداڵان كه‌ به‌ بریاری كۆمه‌ڵه‌ی گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان ژماره‌ 44/25 له‌ 20 نۆڤیمبری ساڵی 1989 بڵاو كرایه‌وه‌.

ئه‌گه‌ر ئه‌و كات په‌سند كردنی ئه‌و ڕێكه‌وتنامه‌یه‌ بۆ پاراستنی مافه‌كانی منداڵان زه‌روره‌تێك بوبێت له‌ده‌ره‌نجامی هه‌ست كردن به‌ بون و زیاد بونی پێشلكاری مافه‌كانی منداڵان له‌هه‌ردوو ئاستی خێزانی و ده‌وڵه‌تانه‌وه‌ به‌هۆی شه‌ڕو كێشه‌ی وڵاتان و گه‌مارۆكان و دواتریش كێشه‌ كۆمه‌لایه‌تیه‌كان ، ئه‌وه‌ بۆ ئه‌و سه‌رده‌مه‌و ئه‌و قۆناغه‌ی ئێستای مرۆڤایه‌تی به‌گشتی و منداڵانی پێدا تێده‌په‌ڕێت جێ به‌جێ كردنی مادده‌كانی ئه‌و رێكه‌وتنامه‌یه‌ به‌ گرنگتر ده‌زانرێ ، چونكه‌ هه‌میشه‌ منداڵان قوربانی سه‌ره‌كی ئاریشه‌و كێشه‌كانن و پێشێلكردنی مافه‌كانیان و به‌كارهێنانی توندوتیژی به‌رامبه‌ریان به‌رده‌وامه‌ سه‌ره‌ڕای به‌كارهێنانی منداڵان له‌هه‌ندێ كات و شوێن بۆ مه‌به‌ستی چه‌كداری و كار پێكردنی به‌زۆرو دیارترین پێشیلكردنیش له‌سه‌رده‌می ئیستا به‌كارهێنانی منداڵانه‌ له‌لایه‌ن گروپه‌ تیرۆریستیه‌كان بۆ شه‌ڕ كردن و زۆرجاریش بۆ كرده‌وه‌ی تیرۆریستی به‌تایبه‌ت گروپی تیرۆریستی داعش زۆرترین سودی له‌به‌كارهێنانی منداڵان كردوه‌ بۆ مه‌به‌سته‌كانی خۆی و كرده‌وه‌ی تیرۆریستی .

منداڵانی هه‌رێمی كوردستانیش وه‌ك به‌شێك له‌منداڵانی جیهان ئه‌وانیش به‌شێك له‌و پیشیلكاریانه‌یان به‌رده‌كه‌وێ و رۆژانه‌ش گوێ بیستی ئه‌نجامدانی پێشیلكاری و توندوتیژی ده‌بین به‌رامبه‌ر منداڵان و كاری به‌زۆری و دابڕانیان له‌خوێندن به‌هۆكاری سه‌ختی ژیان و كێشه‌ی ئابوری خێزان و زیاد بونی كیشه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان.

ئه‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ به‌داخه‌وه‌ تا ئێستا یاسای پاراستنی مافه‌كانی منداڵان له‌هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه‌ له‌خوله‌كانی ڕابردوو په‌سند نه‌كراو ده‌رنه‌چوو كه‌ سالانێكه‌ له‌لایه‌ن ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ و ڕێكخراوی تایبه‌تی بواری مافی منداڵان وه‌ك پرۆژه‌ یاسا پیشكه‌ش كراوه‌ ، چونكه‌ به‌لای ئێمه‌وه‌ بونی یاسا گرنگه‌ بۆ پاراستنی مافی سه‌رجه‌م چین و تویژه‌كان و هه‌میشه‌ وتراوه‌ یاسا وه‌ك چه‌تره‌ بۆ پاراستنی مافه‌كانی هاوڵاتیان له‌كاتێكدا به‌تایبه‌ت بۆ منداڵان گرنگیه‌كه‌ی زیاتره‌.

بۆیه‌ ئێمه‌ وێڕای ئه‌وه‌ی جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌ هیوادارین هه‌رچی زووه‌ له‌خولی ئیستای په‌رله‌مان یاسای پاراستنی مافه‌كانی مندالان په‌سند بكرێ ، هیوادارین هه‌موو لایه‌ك هاوكاربن بۆ پاراستن و دابین كردنی مافی منداڵان و ڕێگری له‌هه‌ر توندو تیژی و پیشێلكاریه‌ك كه‌ به‌رامبه‌ر منداڵان ئه‌نجام ده‌درێ.

وه‌ك ده‌سته‌ی مافی مرۆڤ وه‌ك چۆن له‌ڕابردوو هه‌وڵ و كاری زۆرمان كردوه‌ بۆ پاراستنی مافه‌كانی منداڵان و بڵاو كردنه‌وه‌ی هۆشیاری بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌و له‌داهاتوش به‌رده‌وام ده‌بین له‌پێناو داكۆكی كردن له‌مافی منداڵان و دابین كردنی ژیانێكی شایسته‌ بۆیان.

 

ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ له‌هه‌رێمی كوردستان

19 / 11/2018

 

Share This