له‌ رۆژی 25/9/2018 ئه‌نجومه‌نی كۆمسیاران له‌كۆمسیۆنی باڵای هه‌لبژاردن و ڕاپرسی هه‌رێمی كوردستان چه‌ند بڕیارێكی ده‌ركرد سه‌باره‌ت به‌ڕیكاره‌كانی هه‌ڵبژاردن كه‌ حه‌وت خاڵ له‌خۆی ده‌گرێت ، ئه‌وه‌ی به‌لای ئێمه‌وه‌ بوه‌ مایه‌ی هه‌ڵوه‌سته‌ كردن و تێڕامان خاڵی پێنجه‌می  ژماره‌ (51) ی ئه‌و بڕیارانه‌یه‌ كه‌ به‌ ده‌قێكی ئاشكرا ده‌ڵێ (( وێنه‌گرتنی ده‌نگده‌ر ، كه‌به‌رله‌وه‌ی ده‌نگ بدات وێنه‌یه‌كی خۆی و ئه‌و به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ی ده‌گیرێت كه‌ ده‌نگی پێ ده‌دات له‌لایه‌ن فه‌رمانبه‌ری ویستگه‌وه‌ و ده‌نێردرێت بۆ ئه‌و ژماره‌ی كه‌ كۆمسیۆن بۆی دیاری ده‌كات …… ))

ئێمه‌ له‌ده‌سته‌ی مافی مرۆڤ پێمان وایه‌ ده‌ركردنی بڕیارو ڕێنمایی له‌و جۆره‌ له‌ڕووی ناوه‌رۆك و چ له‌ڕووی كاته‌وه‌ گونجاو نیه‌ چونكه‌ هیچ ده‌رفه‌تی نه‌هێشتۆته‌وه‌ بۆ تانه‌دان له‌بریاره‌كان و له‌هه‌مان كاتدا ناوه‌رۆكی بڕیاره‌كه‌ پشتی نه‌به‌ستوه‌ به‌هیچ ده‌قێكی یاسایی و ته‌واو پێچه‌وانه‌ی چه‌ندان بنه‌ماو رێكه‌وتنامه‌ی مافه‌كانی مرۆڤ و نێوده‌وڵه‌تیه‌ و ته‌نانه‌ت پێچه‌وانه‌ی  خودی یاسای ژماره‌ (1) ی ساڵی 1992 ی یاسای هه‌ڵبژاردنه‌ كه‌ پێویسته‌ نهێنی ده‌نگده‌رپارێزراو بێت.

هه‌روه‌ها پێچه‌وانه‌ی بڕگه‌كانی جاڕنامه‌ی مافه‌كانی مرۆڤه‌ به‌تایبه‌ت به‌ندی 21 خاڵی یه‌كه‌م كه‌ مرۆڤه‌كان ئازادن له‌ هه‌ڵبژاردنی نوێنه‌ری خۆیان و چۆنیه‌تی به‌شداری كردن له‌و پڕۆسه‌یه‌ ، له‌هه‌مان كاتدا كاریگه‌ری نه‌رێنی ده‌بێت له‌سه‌ر لایه‌نی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئاستی به‌شداری هاوڵاتیان له‌هه‌ڵبژاردن وه‌ك رێكارێكی بێزار كه‌رو سه‌پێنراو.

بۆیه‌ ئێمه‌ داوا ده‌كه‌ین هه‌رچی زووه‌ كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردن و ڕاپرسی هه‌رێمی كوردستان ئه‌و بڕیاره‌یان هه‌ڵوه‌شێننه‌وه‌و كار به‌هیچ ده‌ق و برێارێك نه‌كه‌ن كه‌ پێچه‌وانه‌ی بڕیارو ڕینماییه‌كانی خۆیانه‌ ته‌نانه‌ت كه‌ له‌ماوه‌ی ڕابردوو ده‌ریان كردوه‌ به‌وه‌ی قه‌ده‌غه‌ كراوه‌ وێنه‌ بگیرێت له‌ناو بنكه‌و وێسته‌گان له‌كاتی ده‌نگدان ، چونكه‌ ئه‌و بڕیاره‌یان پێشێلكردنی مافێكی ئاسایی مرۆڤه‌كانه‌.

له‌هه‌مان كاتدا كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن و راپرسی له‌چه‌ند رؤژی ڕابردوو بڕیارێكی تری ده‌ركردوه‌ تایبه‌ت به‌ده‌نگدانی مه‌رج دار كه‌ گوایه‌ به‌پشت به‌ستن به‌ یاسای ژماره‌ (1) ی ساڵی 1992 نه‌خۆشانی خه‌وێنراو له‌نه‌خۆشخانه‌كان بێ به‌ش ده‌كه‌ن له‌ هه‌ڵبژاردن له‌هه‌مان كاتدا له‌گه‌ڵ بێ به‌ش كردنی ڕاگیراوان و به‌ندكراوان له‌چاكسازیه‌كان و گرتوخانه‌كان و هه‌روه‌ها هه‌ر ئه‌مرۆ 27/9 سه‌رۆكی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن و ڕاپرسی له‌كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی ئاماژه‌ به‌ هه‌مان یاسا ده‌كات و جه‌خت له‌سه‌ر جێ به‌جی كردنی بڕیاره‌كه‌ی  ڕابردوویان ده‌كاته‌وه‌ بۆ مافی ده‌نگدان ته‌نها بۆ كارمه‌ندانی نه‌خۆشخانه‌كان و به‌ندیخانه‌كان ، له‌كاتێكدا دیاره‌ كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن و ڕاپرسی ئاگاداری هه‌مواری ئه‌و یاسایه‌ نیه‌ له‌ دانیشتنی ئاسایی ژماره‌ (2) له‌ رۆژه‌ 25/3/2009 به‌ناوی یاسای ژماره‌ (2) ی ساڵی 2009 ی یاسای هه‌مواری چواره‌می یاسای هه‌لبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی كوردستان _ عێراق ژماره‌ (1) ی ساڵی 1992 ی هه‌موار كراو كه‌ له‌مادده‌ی  (11) می یاساكه‌ به‌ ڕوونی هاتوه‌ ( پڕۆسه‌ی ده‌نگدانی كارمه‌ندانی هێزه‌كانی ئاسایش و ناوخۆو پاسه‌وانی هه‌رێم و سوپاو كارمه‌ندانی نه‌خۆشخانه‌كان و چاكسازیه‌كان و نه‌خۆشه‌كان و به‌ندكراوه‌كان له‌بنكه‌ی ده‌نگدانی تایبه‌ت به‌مه‌رجی به‌ر له‌ چل و هه‌شت كاتژمێر له‌كاتی ئه‌نجامدانی هه‌لبژاردنه‌كان بكرئ ) لێره‌وه‌ش ئه‌وه‌ بۆ ڕای گشتی ڕاده‌گه‌یه‌نین كه‌ بێ به‌شكردنی ئه‌و چین وتویژانه‌ له‌ده‌نگدان و به‌شداری له‌و پرۆسه‌یه‌ ته‌واو پێچه‌وانه‌ی ده‌قه‌ یاساییه‌كان و رێكه‌وتنامه‌كانی سه‌ره‌وه‌یه‌ كه‌ ئاماژه‌مان پێكردن و هیچ بیانوه‌كی یاسایی نیه‌ بۆ ده‌ركردنی ئه‌و جۆره‌ بڕیاره‌ش و پێویسته‌ كۆمسیۆن پێداچونه‌وه‌ بكات به‌هه‌ردوو بڕیارو هیشتا ده‌رفه‌ت و كات له‌به‌ر ده‌ست ماوه‌ بۆ گۆڕین و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی بڕیاره‌كان له‌ پێناو به‌رێوه‌ چونی پرۆسه‌ی هه‌لبژاردن له‌ كه‌شێكی ئارام و دوور له‌هیچ گومان و به‌شداری هاوڵاتیان.

هه‌روه‌ها ئه‌و یاداشته‌ی ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ له‌هه‌مان كاتدا وه‌ك سكاڵایه‌ك بۆ پارێزگاری له‌مافی گشتی ئاڕاسته‌ی سه‌رۆكایه‌تی داواكاری گشتی ده‌كات بۆ ئه‌نجامدانی ڕیكاری یاسایی و به‌دوا داچون به‌رامبه‌ر ئه‌و بریارانه‌ له‌پێناو پاراستنی مافی هاوڵاتیان .

 

ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ له‌هه‌رێمی كوردستان

27 ی ئه‌یلولی 2018

Share This