به‌بۆنه‌ی هاتنه‌وه‌ی جه‌ژنی ڕه‌مه‌زانی پیرۆزه‌وه‌ گه‌رمترین پیرۆزبایی ئاڕاسته‌ی ته‌واوی موسڵمانانی كوردستان و جیهان ده‌كه‌ین و هیوادارین ئه‌و جه‌ژنه‌ ببێته‌ مایه‌ی هاتنه‌ كایه‌ی ئاشته‌وایی ناوخۆیی و ڕێكخستنه‌وه‌ی ناوماڵی كوردستانی و ئاوه‌دانی و خۆشی بۆ میلله‌ته‌كه‌مان ، و كۆتایی هاتنی ئه‌و قه‌یران و په‌تاو ناخۆشیه‌ی ڕووی له‌ هه‌موو مرۆڤایه‌تی كردووه‌.

ئه‌گه‌رچی ئه‌و جه‌ژنه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ هێشتا به‌هۆی ڕێكاره‌كانی ڕووبه‌ڕوبونه‌وه‌ی په‌تای كۆڕۆنا هاوڵاتیان ناتوانن له‌ نزیكه‌وه‌ تێكه‌ڵ بن و پیرۆزبایی له‌یه‌كتر بكه‌ن و خۆشیه‌كانیان ده‌رببڕن ، به‌ڵام گرنگه‌ هه‌موولا له‌ پێناو سه‌لامه‌تی و ته‌ندروستی خۆمان و كه‌س و كارمان پابه‌ندی ڕینماییه‌كانی ته‌ندروستی بین بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و بارودۆخه‌ش تیپه‌ڕێنین و ژیان ئاسایی بێته‌وه‌و خۆری ئاوه‌دانی و خۆشگوزه‌رانی به‌سه‌ر ئه‌و میلله‌ته‌دا هه‌ڵبێت وكۆتایی به‌ ناخۆشیه‌كان بێت.

ئه‌و قه‌یرانه‌ ئابوریه‌ی ڕووی له‌جیهان و هه‌رێمی كوردستان كردووه‌و كاریگه‌ریه‌كانی په‌تای كۆڕۆناو نه‌ناردنی بودجه‌و موچه‌ی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ كاریگه‌ری گه‌وره‌یان كردووه‌ له‌سه‌ر ژیان و كارو كاسبی هاوڵاتیان و زیاد بونی رێژه‌ی بێكاری و هه‌ژاری و‌ ژیانی زۆربه‌ی هاوڵاتیان و موچه‌خۆرانی سه‌خت كردووه ، بۆیه ئه‌و بارودۆخه‌ ئه‌وه‌ ده‌خوازێ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌نگاوه‌كانی چاكسازی جێ به‌جێ بكات وگرنگی زیاتر به‌سه‌رچاوه‌و كۆكردنه‌وه‌ی داهات بدات و ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵك ڕێك بخاته‌وه‌ ، ئه‌و كاره‌ش پێویستی به بریارو هه‌ماهه‌نگی هه‌موو لایه‌كه‌و لای خۆشمان وه‌ك ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ پشتیوانی هه‌موو پلان و هه‌نگاوێك ده‌كه‌ین له‌ پێناو چاكسازی و دابین كردنی مافه‌كانی هاوڵاتیان .

 

ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ له‌هه‌رێمی كوردستان

جه‌ژنی ڕه‌مه‌زانی _ 2020‌‌

 

Share This