به‌ناوی ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ پیرۆزبایی له‌ موسڵمانان به‌گشتی و كوردستان به‌تایبه‌تی ده‌كه‌ین به‌بۆنه‌ی هاتنه‌وه‌ی مانگی ڕه‌مه‌زانی پیرۆز ، مانگی ئاشتی و به‌ره‌كه‌ت وئاوه‌دانی و عیباده‌ت و نزیك بونه‌وه‌ له‌یه‌زدانی مه‌زن ، كه‌ لای موسڵمانان ئه‌و مانگه‌ گرنگیه‌كی گه‌وره‌ی هه‌یه‌و به‌ مانگی لێخۆشبون داده‌نرێت .

هاتنه‌وه‌ی ئه‌و مانگه‌ پیرۆزه‌ ئه‌مساڵ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ كه‌ره‌نتینه‌ی هاوڵاتیان مانه‌وه‌یان له‌ ماڵه‌كان به‌هۆی په‌تای كۆرۆناو داخستنی فه‌رمانگه‌و قوتابخانه‌و زانكۆو سه‌رجه‌م مزگه‌وت و شوێنه‌ ئایینیه‌كانی تر له‌پێناو پاراستنی هاوڵاتیان له‌ توشبون له‌و په‌تایه‌ ، چونكه‌ ئایینی ئیسلام و سه‌رجه‌م ئایینه‌كانی تر جه‌خت له‌ گه‌وره‌یی مرۆڤ و خۆ پارێزی ده‌كه‌نه‌وه‌و هه‌موو ئایینه‌كان بۆ خزمه‌تی مرۆڤه‌كان هاتوون و هه‌رێمی كوردستانیش شانازی به‌ فره‌ ئایینی و نه‌ته‌وه‌یی ده‌كات و نمونه‌یه‌كی جوانه‌ له‌ یه‌كتر قبوڵكردن و پێكه‌وه‌ ژیان .

بۆیه‌ ئه‌وه‌ی گرنگه‌ له‌گه‌ڵ هاتنه‌وه‌ی ئه‌و مانگه‌ له‌و كاته‌دا هه‌مووان خۆشحاڵین كه‌ میلله‌ته‌كه‌مان تا ئاستێكی باش قۆناغه‌كانی مه‌ترسی ئه‌و په‌تایه‌ی بڕیوه‌و خه‌ریكه‌ ژیان ئاسایی ده‌بێته‌وه‌ . ئه‌وه‌شی گرنگه‌ ده‌بێت بزانین هێشتا مه‌ترسیه‌كان كۆتایی نه‌هاتووه‌و پێویسته‌ پابه‌ندی ڕێنماییه‌ ته‌ندروستیه‌كان بین و داوا له‌یه‌زدان بكه‌ین خۆمان و میلله‌ته‌كه‌مان و وڵاته‌كه‌مان بپارێزێت .

له‌لایه‌كی تره‌وه‌ هیوادارین لایه‌نه‌ ناكۆكه‌كان كێشه‌و ئاریشه‌كان وه‌لا بنێن و بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر مێزی گفتوگۆو دانیشتن وپاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی هاوڵاتیان ودابین كردنی ماف و شایسته‌كانیان و دیالۆگ و یه‌كتر قبوڵكردن و پێكه‌وه‌ كاركردن بكه‌نه‌ بنه‌مای سه‌ركه‌وتن و خزمه‌ت كردنی خاك وهاوڵاتیان به‌و هیوایه‌ی ئه‌و مانگه‌ به‌خۆشی به‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و جیهاندا بگه‌ڕێته‌وه‌.

ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ له‌هه‌رێمی كوردستان

ڕه‌مه‌زانی _ 2020

Share This