به‌بۆنه‌ی هاتنه‌وه‌ی سه‌ری ساڵی تازه‌ی كوردی و جه‌ژنی نه‌ورۆز پیرۆزبایی خۆمان ئاڕاسته‌ی جه‌ماوه‌ری كوردستان ده‌كه‌ین و هیوادارین ئه‌و ساڵی تازه‌و جه‌ژنه‌ ببنه‌ مایه‌ی خۆشی و سه‌لامه‌تی میلله‌ته‌كه‌مان و دووربون له‌و ڤایرۆس و نه‌خۆشیه‌ی سه‌رانسه‌ری جیهانی گرتۆته‌وه‌.

نه‌ورۆز ڕه‌مزی به‌رخۆدان وڕووبه‌ڕوبونه‌وه‌یه‌ سه‌ره‌تای هه‌ڵهاتنی ساڵی تازه‌و وه‌رزی ئاوه‌دانی وبه‌هارو خۆشی وژیانه‌وه‌یه‌ ،‌ بۆیه‌ له‌ ئیستادا ئه‌وساڵ نه‌ورۆز له‌كاتێكدایه‌ كه‌ هه‌موومان به‌هۆی ڕێنماییه‌كانی ته‌ندروستیه‌وه‌ له‌ماڵه‌كانمان ماوینه‌ته‌وه‌و به‌رگری له‌خۆمان ده‌كه‌ین وهه‌ڵمه‌تی ڕووبه‌روبونه‌وه‌ی ئه‌و ڤایرۆسه‌مان ڕاگه‌یاندوه‌ بڕیارمان داوه‌ دوای سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر ئه‌و ڤایرۆسه‌ جه‌ژنی سه‌ركه‌وتن و خۆشی و نه‌ورۆز بگێڕین.

ده‌كرێ جه‌ژنی نه‌ورۆز بكه‌ینه‌ ویستگه‌یه‌ك بۆ ئاشته‌وایی نیشتمانی و كۆكردنه‌وه‌ی ناوماڵ ویه‌كخستنی هه‌وڵه‌كان له‌پێناو كه‌مكردنه‌وه‌ی زیانه‌كان و كاریگه‌ریه‌كانی ئه‌و بارودۆخانه‌ی به‌هۆی ڤایرۆسی كڕۆناوه‌ جیهان و ناوچه‌كه‌و عێڕاقیشی گرتۆته‌وه‌ هه‌مووان له‌یه‌ك سه‌نگه‌ربین بۆ پاراستنی وڵات و هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان .

جێگه‌ی خۆیه‌تی هه‌نگاوه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رز بنرخێنین بۆ ڕووبه‌روبونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كڕۆناو بڵاو كردنه‌وه‌ی ڕینمایی ته‌ندروستی یه‌كان بۆپاراستنی هاوڵاتیان وبریاری مانه‌وه‌ی خه‌ڵك له‌ماڵه‌كانی خۆیان و ڕاگه‌یاندنی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ كه‌ بوه‌ مایه‌ی ڕێگری كردن له بڵاو كردنه‌وه‌ی‌ ڤایرۆسه‌كه‌ به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ نمونه‌ی كه‌م وێنه‌یه‌ له‌سه‌ر ئاستی وڵاتان.

به‌وبۆنه‌وه‌ش گرنگه‌ دووپاتی ئه‌وه‌ بكه‌ینه‌وه‌ كه‌ داوا له‌هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ین كه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و یادو جه‌ژنه‌ به‌خۆشی به‌ڕێ بكه‌ین و دووربین له‌ناخۆشی و نه‌خۆشی گرنگه‌ پابه‌ندی ڕینماییه‌كانی ته‌ندروستی وقه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ بین و له‌ماڵه‌كانمان بمێنینه‌وه‌و ئه‌وانه‌شی تا ئیستا پابه‌ند نه‌بونه‌ به‌ مانه‌وه‌و ڕێنماییه‌ ته‌ندروستیه‌كان گرنگه‌ ئه‌و چه‌ند رۆژه‌ی له‌به‌رده‌مان ماوه‌ وه‌ك خۆی جێ به‌جێ بكه‌ین و به‌ پابه‌ند بوون به‌ڕینماییه‌كان ئه‌و جه‌ژنه‌ به‌رز ڕابگرین.

دووباره‌ نه‌ورۆز له‌هه‌مولا پیرۆزبێت و ته‌ندروستی باش بۆ هه‌موولا ده‌خوازین…

ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ

20 ی ئازاری 2020

Share This