له‌یادی 32 ساڵه‌ی كیمیا بارانكردنی هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌ڵێین هه‌موان پابه‌ندی رێنماییه‌ ته‌ندروستیه‌كانین له‌ پێناو ڕووبه‌ڕوبونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كڕۆناو سه‌لامه‌تی خه‌ڵك و خاكمان و دوباره‌ نه‌بونه‌وه‌ی كاره‌ساتی مرۆیی.

ئه‌مڕۆ یادی یه‌كێك له‌تاوانه‌ گه‌وره‌كانی دژه‌ مرۆڤایه‌تی ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ 32 ساڵ به‌ر له‌ ئیستادا له‌لایه‌ن رژێمی به‌عسه‌وه‌ خه‌ڵكی شاری هه‌ڵه‌بجه‌ بۆردمان كراو به‌ چه‌كی كیمیایی 5000 هه‌زار هاوڵاتی له‌ ژن و منداڵ وگه‌نج پیرو په‌ككه‌وته‌ بونه‌ قوربانی و شه‌هید بون.

به‌داخه‌وه‌ كه‌ له‌ 16/3 / 1988 له‌كاتێكدا رژێمی به‌عس ئه‌و تاوانه‌ گه‌وره‌ی ئه‌نجامداو به‌به‌رچاوی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و جیهان به‌گشتی به‌ڵام هیچ ڕێگریه‌ك و ئیدانه‌ك نه‌كراو هه‌موان بێ ده‌نگیان هه‌ڵبژارد.

یادی ئه‌و مه‌رگه‌ساته‌ له‌كاتێكدایه‌ ئه‌مساڵ به‌داخه‌وه‌ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ بڵاو بونه‌وه‌ی په‌تایه‌كی جیهانی كه‌ ڤایرۆسی كڕۆنایه‌و جیهانی سه‌رقاڵ كردوه‌و بۆته‌ مه‌ترسی بۆ سه‌ر گیانی هه‌زاران مرۆڤ و به‌داخه‌وه‌ش له‌هه‌رێمی كوردستانیش چه‌ند حاڵه‌تیك تۆمار كراوه‌و نه‌توانراوه‌ ئه‌و یاده‌ بكرێته‌وه‌و به‌رز ڕابگیرێ بۆ ئه‌مسأل .

ئه‌گه‌رچی ئه‌وكات و ئه‌نجامدانی ئه‌و تاوانه‌ ئه‌وه‌نده‌ گه‌وره‌ بوو چونكه‌ دژه‌ مرۆڤایه‌تی بوو وه‌ له‌لایه‌ن رژێمێكی دیكتاتۆری بوو به‌رامبه‌ر هاوڵاتی مه‌ده‌نی و له‌ده‌سه‌ڵاتی كه‌س نه‌بو پارێزگاری له‌خۆی بكات ، به‌ڵام ئه‌مڕۆ ده‌كرێ ئه‌و یاده‌ بقۆزینه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵ بڵاو بونه‌وه‌ی ئه‌و ڤایرۆسه‌ مه‌ترسیداره‌ كه‌ گیانی مرۆڤه‌كانی خستۆته‌ مه‌ترسیه‌وه‌ ده‌كرێ له‌پێناو دووباره‌ نه‌بونه‌وه‌ی كاره‌سات و ڕێگری كردن له‌ زیاد بونی قوربانی و توشبوه‌كان هه‌موولایه‌ك پابه‌ندی رینماییه‌كانی ته‌ندروستی بین  له‌پێناو پاراستنی گیانی خه‌ڵك و خاك و وڵاتمان و چونكه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتی خودی مرۆڤ خۆیه‌تی پاریزگاری له‌خۆی بكات.

ئه‌وه‌شی گرنگه‌ له‌و یاده‌ وه‌ك بیر هێناوه‌ به‌داخه‌وه‌ دوای 32 ساڵ هێشتا وه‌ك پێویست خزمه‌تی ئه‌و شاره‌ نه‌كراوه‌و مافه‌كانی بۆ نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌و قه‌ره‌بو نه‌كراوه‌ته‌وه‌ ، ئه‌گه‌رچی له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵه‌بجه‌ وه‌ك پارێزگا دیاری كراو به‌ پایته‌ختی ئاشتی ناسێنراوه‌و چه‌ندان پرۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری یان پێشكه‌ش كراوه‌ به‌ڵام هیشتا له‌ ئاست ئه‌و هه‌موو وێرانی و نه‌هامه‌تیه‌ نیه‌ كه‌ به‌سه‌ر ئه‌و شاره‌دا هاتوه‌.

له‌ سه‌ر ئاستی عێڕاقیش به‌داخه‌وه‌ تا ئیستا وه‌ك پارێزگایه‌ك مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌و شاره‌ نه‌كردوه‌و مافه‌كانی بۆ دابین كردووه‌ له‌ بودجه‌و پێشكه‌ش كردنی خزمه‌تگوزاریه‌كان و سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه‌ مافی قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ی قوربانیانی ئه‌و شاره‌ له‌ ئه‌ستۆی حكومه‌تی عێراقه‌ به‌ڵام تا ئه‌مرؤش كه‌مته‌رخه‌مه‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و پارێزگایهو پێویسته‌ به‌ئه‌ركی ده‌ستوری و یاسایی خۆی هه‌لسێت بۆ ئه‌و پارێزگایه‌‌.

بۆیه‌ له‌و یاده‌ سه‌ری ڕێزو نه‌وازش بۆ قوربانیان و شه‌هیدانی هه‌ڵه‌بجه‌و ته‌واوی شه‌هیدانی كوردستان داده‌نه‌وێنین و هیوادارین زیاتر خزمه‌تی خه‌ڵك و پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ بكرێ و هیوای ته‌ندروستی باش بۆ هاوڵاتیان و خاكی هه‌رێمی كوردستان ده‌خوازین.

ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ

16 ی ئازاری 2020

Share This