ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤی هه‌رێمی كوردستان نیگه‌رانی خۆی ده‌رده‌بڕێت له‌باره‌ی ده‌ست پێكردنی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی ده‌وڵه‌تی توركیا بۆ سه‌ر باكوری سوریاو رۆژ ئاوای كوردستان ، ئه‌وه‌ش ده‌بێته‌ هۆی ئاواره‌ بونی هاوڵاتیان و ماڵ وێرانی له‌و ناوچانه‌و دووباره‌ مه‌ترسی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی گروپه‌ تیرۆریستیه‌كان ده‌كرێ له‌ ئه‌گه‌ری دروست بونی هه‌ر شه‌ڕو پشێوی و ئاڵۆزیه‌ك له‌ناوچه‌كه‌ ، دوای ئه‌وه‌ی گروپی تیرۆریستی داعش تێكشكێندراو خه‌لافه‌ته‌كه‌ی روخێنرا له‌لایه‌ن هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و هێزه‌كانی تر له‌ سوریاو عێڕاق ، وه‌ لێره‌وه‌ داوا ده‌كه‌ین هه‌رچی زووه‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی بۆ شه‌ڕی داعش و ڕێكخراوه‌كانی مافه‌كانی مرۆڤ و یه‌كێتی ئه‌وروپا ڕۆڵی خۆیان ببینن و فشار بخه‌نه‌ سه‌ر ده‌وڵه‌تی توركیا بۆ ڕاگرتنی ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌ و ڕێگری بكه‌ن له‌ هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ی شه‌ڕێكی ترو ئاواره‌ بونی هاوڵاتیانی مه‌ده‌نی و هه‌وڵ بدرێ به‌ دیالۆگ و ڕێگه‌ چاره‌ی ئاشتیانه‌ چاره‌سه‌ری كێشه‌و ئاڵۆزیه‌كان بكرێت و ڕێگری بكرێ له‌ كاره‌ساتی مرۆیی ، كه‌ پێشتر ڕوویداو سه‌دان هاوڵاتی بونه‌ قوربانی و ئاواره‌ی هه‌رێمی كوردستان بون ، له‌كاتێكدا هێشتا ژماره‌یه‌كی زۆر له‌و خه‌ڵكه‌ ئاواره‌یه‌ له‌هه‌رێمی كوردستان ماون و نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ وڵاتی خۆیان.
هه‌روه‌ها داوا له‌ ئه‌نجومه‌نی ئاسایش ده‌كه‌ین كه‌ بڕیاره‌ كۆبێته‌وه‌ تایبه‌ت به‌ پرسی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی توركیا و بارودۆخی سوریا‌ ، بڕیارێكی تایبه‌ت ده‌ربكه‌ن تایبه‌ت به‌ پاراستنی خاك و خه‌ڵكی سوریاو رۆژ ئاوای كوردستان له‌ هه‌ر هێرش و مه‌ترسیه‌ك و ئه‌و پرسه‌ تاوتوێ بكات و چاره‌سه‌ری بۆ بدۆزنه‌وه‌.
ئێمه‌ له‌ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌ینه‌وه كه‌ پێویسته‌ هه‌رچی زووه‌ كۆتایی به‌ قه‌یرانی سوریا بهێنرێ چاره‌سه‌رێكی سیاسی بۆ بدۆزرێته‌وه‌ ، چونكه‌ ئه‌و ڕه‌وشه‌ی سوریا‌ كاریگه‌ری هه‌بوه‌ بۆ سه‌ر وڵاتانی ده‌وروبه‌رو دروست بونی نائارامی و ده‌یان گروپی توندڕه‌وو تیرۆریست كه‌ بونه‌ته‌ مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه‌ بۆ سه‌ر وڵاتانی دراوسێ و ئاسایشی وڵاتانی جیهان به‌گشتی.

ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ
هه‌رێمی كوردستان _ 9 ی ئۆكتۆبه‌ر2019

Share This