ئه‌مڕۆ 3 ی ئاب هه‌مو مرۆڤایه‌تی یادی رۆژێكی پڕ مه‌رگه‌سات و تاریك له‌مێژوو ده‌كاته‌وه‌ كه‌ تاوانێكی گه‌وره‌ی بێ وێنه‌ی كۆمه‌ڵكوژی و هه‌وڵدان بۆ له‌ناوبردنی ئایین و خه‌ڵكانێك بوو له‌ شنگال و ئێزیدیخان ، كه‌ پێنج ساڵ به‌ر له‌ ئێستادا له‌سه‌رده‌ستی گروپی تیرۆریستی ده‌وڵه‌وتی به‌ناو ئیسلامی له‌عێراق و شام ( داعش)  هه‌ڵمه‌تی جینۆساید كردنی كوردانی ئێزێدی له‌ شنگال و ده‌ورو به‌ری ده‌ستی پێكردوو ده‌یان هاوڵاتی مه‌ده‌نیان كوشت و كۆمه‌ڵكوژ كردو سه‌دان كچ و ژنیان به‌ سه‌بایا بردو هه‌زاران خه‌ڵكیان ئاواره‌ كردوو شارو خاك و ئاسه‌وارو كه‌لتوری ئه‌و ناوچه‌یان هه‌موو ڕوخاندو له‌ناوبرد ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ڵگری ئاینی ئێزدیی بوون.

ئه‌و تاوانه‌ ویژدانی هه‌موو مرۆڤایه‌تی هه‌ژاندوو به‌ زه‌قترین تاوانی كۆمه‌ڵكوژی داده‌نرێ له‌و سه‌ده‌یه‌ كه‌ ئامانج لێ ی له‌ناو بردنی ئایین و نه‌ته‌وه‌یه‌ك بوو وه‌ له‌ناوبردنی مێژووی ڕه‌سه‌نایه‌تی ئه‌و ئایینه‌ وه‌ تاوانه‌كه‌ هه‌موو ڕه‌گه‌زه‌كانی كۆمه‌ڵكوژی تێدا كۆبویه‌وه‌ تا ئاستی له‌ناوبردن و بازرگانی كردن به‌ كچان و ژنان.

له‌و یاده‌دا وێرأی ئه‌وه‌ی ئه‌و تاوانه‌ هه‌میشه‌ له‌یادمان به‌ زیندویی ده‌مینێته‌وه‌و هه‌موو ساڵ له‌ ویژدانمان ده‌مینێته‌وه‌و یادی ده‌كه‌ینه‌وه‌ له‌هه‌مان كاتدا به‌داخه‌وه‌ین كه‌ دوای تێپه‌ڕینی 5 ساڵ به‌سه‌ر ئه‌و تاوانه‌ هێشتا ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ كچانی ڕفێنراو لای ئه‌و گروپه‌ ماونه‌ته‌وه‌ونه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ ناو كه‌س و كاریان و هێشتا خه‌ڵكێكی زۆری شه‌نگاڵ نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌و خاك و ماڵی خۆیان له‌ ئاواره‌یی ده‌ژین و ناوچه‌ی شه‌نگالیش هیشتا به‌وێرانه‌یی ماوه‌ته‌وه‌و ئاوه‌دان نه‌كراوته‌وه‌ كه‌ پێویست بوو له‌سه‌ر حكومه‌تی عێراق هه‌موئاسانكاریه‌ك بكات و هاوكار بێت بۆ ئاوه‌دان كردنه‌وه‌ی ئه‌و ناوچه‌یه‌و گه‌ڕانه‌وه‌ی خه‌ڵكه‌كه‌ی كه‌ به‌هۆی ململانێ وه‌ بونه‌ته‌ قوربانی و قه‌ره‌بویان بكاته‌وه‌.

ئه‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ی هیچ هه‌نگاوێكی نه‌نانه‌وه‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌و دۆزینه‌وه‌ی كچانی ڕفێنراوو ون بوه‌كان كه‌ لای گروپی تیرۆیستی ده‌وله‌تی به‌ناو ئیسلامی له‌ عێڕاق و شام ( داعشن ) هێشتا نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌.

هه‌ر به‌و بۆنه‌وه‌ش بڕیاری ناساندنی رۆژی (3) ی ئابی هه‌موو ساڵێك له‌لایه‌ن په‌ر‌له‌مانی كوردستان هه‌رێمی كوردستان وه‌ك رۆژی جینۆسایدی ئێزیدیه‌كان به‌رز ده‌نرخێنین و ئه‌و هه‌نگاوه‌ش ڕؤلێ ده‌بێت بۆ كه‌م كردنه‌وه‌ی ئازارو نه‌هامه‌تیه‌كانی ئێزیدیه‌كان و ده‌بێته‌ به‌شێك له‌و هه‌وڵانه‌ی ده‌درێ بۆ به‌جینۆساید ناساندنی ئه‌و كه‌یسه‌ له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی و قه‌ره‌بو كردنه‌وه‌ی قوربانیانی ئه‌و تاوانه‌ مرۆییه‌.

له‌كۆتاییدا سه‌ری ڕێزو نه‌وازش داده‌نه‌وێنین بۆ قوربانیانی جینۆسایدی ئێزیدیه‌كان و هیوادارین چیتر ڕووبه‌ڕوی تاوان و ناخۆشی نه‌بنه‌وه‌و هه‌موولا هاوكاربن بۆ ساڕێژكردنی ئه‌و برینه‌و گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ خاك و زێدی خۆیان و ده‌ست پێ كردنه‌وه‌ی ژیانێكی ئاسایی و دوور له‌ناخۆشی و توندوتیژی .

 

ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ له‌هه‌رێمی كوردستان

هه‌ولێر _ 3 ی ئابی 2019

Share This