باشتر كردن و گرنگی دان به‌ بنه‌ماكانی مافی مرۆڤ باشترین نه‌خشه‌ ڕێگان بۆ حكومه‌تی سه‌ركه‌وتوو ، ڕووبه‌ڕو بونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و جێ به‌جێ كردنی دادپه‌روه‌ری.

ئه‌مڕۆ دوای چاوه‌ڕوانیه‌كی زۆر به‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌كانی ساڵی رابردوو كابینه‌ی تازه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌به‌رده‌م په‌رله‌مانی كوردستان سوێندیان خواردوو ده‌ست به‌كار بوون .

ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ به‌و بۆنه‌وه‌ ویڕای پێشكه‌ش كردنی پیرۆزبایی به‌ سه‌رۆك و جیگرو ته‌واوی وه‌زیره‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هیوادارین حكومه‌تی تازه‌ ببێته‌ هاتنه‌ كایه‌ی خۆشگوزه‌رانی بۆ خه‌ڵك و هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان و به‌رقه‌رار بونی ئارامی و ئاسایشی زیاترو ڕه‌خساندنی هه‌لی كارو باشتر كردنی ژیان و گوزه‌رانی هاوڵاتیان و جێ به‌جێ كردنی دادپه‌روه‌ری و سه‌روه‌ر بونی یاسا.

یه‌كێك له‌ بنه‌ماكانی حكومه‌تی سه‌ركه‌وتوو بریتی یه‌ له‌ گرنگی دان به‌ پرسه‌كانی مافی مرۆڤ و سه‌روه‌ری یاسا ، كه‌ به‌ دوو ڕه‌گه‌زی گرنگ داده‌نرێت بۆ ڕووبه‌ڕوبونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و شه‌فافیه‌ت له‌ داهات و سامان و ئیداره‌دانی حكومه‌ت به‌سه‌ركه‌وتویی. باشتر كردن و گرنگی دان به‌ بنه‌ماكانی مافی مرۆڤ باشترین نه‌خشه‌ ڕێگان بۆ حكومه‌تی سه‌ركه‌وتوو ، ڕووبه‌ڕو بونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و جێ به‌جێ كردنی دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی.

بۆیه‌ پێویسته‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ پاكێجێكی تایبه‌ت گرنگی به‌ پرسی مافه‌كانی مرۆڤ بدات و به‌ تێڕوانینێكی دیارو به‌پلان و پشت به‌ستوو به‌بنه‌ما نێو ده‌وڵه‌تیه‌كانی مافی مرۆڤ هه‌نگاو بنێت به‌ ئاڕاسته‌ی باشتر كردنی ڕه‌وشی مافه‌كانی مرۆڤ له‌سه‌رجه‌م سێكته‌ره‌كانی ژنان و منداڵان و ئازادی ڕاده‌ربڕین و  باشتر كردنی ژیانی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت و گرنگی دان به‌ ژینگه‌و باشتر كردنی ڕه‌وشی ته‌ندورستی و چه‌سپاندنی یاساو په‌روه‌رده‌ی مه‌ده‌نی و چه‌سپاندنی مافی پێكهاته‌ ئایینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان و به‌شداری ڕاسته‌قینه‌یان له‌پڕۆسه‌ی سیاسی و حوكمداری به‌جێ به‌جێ كردنی یاسای ژماره‌ 5 ی ساڵی 2015 و ده‌ركردن و بڵاو كردنه‌وه‌ی ڕێنماییه‌كانی مافی به‌ده‌ست هێنانی زانیاری ژماره‌ 11 ی سالی 2013 كه‌ به‌ بنه‌مایه‌كی گرنگ داده‌نرێت بۆ پرسی شه‌فافیه‌ت له‌ پرسه‌كانی حكومه‌تداری  و گه‌یشتن به‌ سه‌رچاوه‌ی زانیاری به‌دادپه‌وه‌ری. .

له‌كۆتاییدا هیودارین كابینه‌ی تازه‌ی حكومه‌ت ، كابینه‌ی خزمه‌تگوزاری و ئاوه‌دانی زیاتر بێت بۆ هاوڵاتیان و دوور بێت له‌ ڕۆتین و بیرۆكراسی و ماندوو كردنی هاوڵاتی و حكومه‌تی هه‌موو خه‌ڵك بێت.

 

ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ له‌هه‌رێمی كوردستان

10 ی ته‌موزی _ 2019

Share This