له‌رۆژی جیهانی ئافره‌تان په‌یامی پیرۆزبایی خۆمان ئاڕاسته‌ی سه‌رجه‌م ئافره‌تانی كوردستان و عێڕاق و جیهان به‌گشتی ده‌كه‌ین و هیودارین ئه‌و یاده‌ ببێته‌مایه‌ی به‌رجه‌سته‌ بونی مافه‌كانی ئافره‌تان و هاتنه‌ پێش و به‌شداری زیاتری ژنان له‌سه‌رجه‌م كایه‌كانی ژیان و به‌شداری سیسته‌می سیاسی و حوكمڕانی و ئیداری.

به‌درێژایی میژوو ئافره‌تان قوربانی یان داوه‌و ڕووبه‌ڕوی توندوتیژی و جیاوازی بونه‌ته‌وه‌ ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئافره‌تن و بێ به‌ش كراون له‌زۆر ماف و ئه‌ركدا.

وه‌ تائه‌مڕۆش له‌ژێر په‌رده‌ی جۆره‌ها ناوو عاده‌ت و كه‌لتورو ئایین ئافره‌تان كۆت و زنجیر كراون و هه‌ڵس و كه‌وت و ئازادیه‌كانیان له‌هه‌ندێ بوار و كات سنوردار كراوه‌ له‌كاتێكدا سه‌رجه‌م بیرو بۆچونه‌ جیاوازه‌كان و ئایینه‌ ئاسمانیه‌كان و یاسا مه‌ده‌نیه‌كان جه‌خت له‌سه‌ر پاراستنی مافی مرۆڤه‌كان ده‌كه‌نه‌وه‌ بێ ڕه‌چاو كردنی جۆری ڕه‌گه‌زو ئایین و ڕه‌نگ و زمان .

بۆیه‌ هه‌میشه‌ خه‌باتی ئافره‌تان به‌رده‌وام بوه‌ بۆ ڕه‌ت كردنه‌وه‌ی زوڵم و نا دادپه‌روه‌ری و نایه‌كسانی له‌پێناو به‌دیهێنانی ئامانج و مافه‌كانیان و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش قوربانیان داوه‌.

ئه‌و یاده‌ش له‌مانگی ئادار له‌كاتێكدایه‌ كه‌ له‌هه‌رێمی كوردستان هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ ڕاپه‌رینه‌ مه‌زنه‌كه‌ی خه‌ڵكی كوردستان له‌ساڵی 1991 به‌رامبه‌ر رژێمی به‌عسی له‌ناو چوو كه‌ ئافره‌تان ڕؤڵی گه‌وره‌یان بینی و هاوشان له‌گه‌ڵ پیاوان و براكانیان له‌خه‌بات و ڕاپه‌ڕین به‌شداربون و سه‌ركه‌وتنیان تۆمار كردوه‌و له‌مێژووی گه‌لانی كوردستانیش نمونه‌ی ده‌یان ئافره‌تی دیارو خه‌باتگێڕو سه‌ركرده‌ هه‌یه‌ كه‌ ڕابه‌رایه‌تی خه‌ڵكه‌كه‌یان كردوه‌ .

به‌داخه‌وه‌ش ئافره‌تان له‌كاتی شه‌ڕو ململانێ كان قوربانی یه‌كه‌من و زۆر جار وه‌ك بارمته‌و قوربانی شه‌ڕو جه‌نگ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كرێ وه‌ك بینرا له‌ كاتی هاتنی گروپی تیرۆریستی داعش له‌ ساڵی 2014 سه‌ره‌كی ترین قوربانی ئه‌و شه‌ڕو هێرشانه‌ بریتی بون له‌ئافره‌تانی ئێزیدی كه‌ ژماره‌یه‌كی زۆریان كه‌وتنه‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی داعش و وه‌ك سه‌بایا مامه‌ڵه‌یه‌كی زۆر نامرۆڤانه‌یان له‌گه‌ڵ كردون له‌بابه‌تی به‌شودانی به‌زۆرو كاری به‌ زۆره‌ ملێ و چه‌وسانه‌وه‌یان.

ئه‌گه‌رچی له‌هه‌رێمی كوردستان هه‌نگاوی باش نراوه‌ بۆ مه‌به‌ستی باشتر كردنی ژیانی ئافره‌تان و ده‌ركردنی یاسای باش بۆ پرسی به‌شداری ئافره‌تان له‌كایه‌ی سیاسی و حوكمڕانی و خیزانی ، به‌ڵام هێشتا وه‌ك پێویست نیه‌و له‌ ئاستی ویستی ئێمه‌ نیه‌و هێشتا پرسی كوشتنی ئافره‌ت و توندوتیژی به‌رامبه‌ریان بونی هه‌یه‌و تۆمار ده‌كرێ به‌هۆكاری به‌ناو شه‌ڕه‌ف و پرسی كۆمه‌ڵایه‌تی تر.

بۆیه‌ ئێمه‌ له‌ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ وێڕای ئه‌وه‌ی خۆمان به‌داكۆكی كار بۆ مافی سه‌رجه‌م هاوڵاتیان ده‌زانین به‌ڵام هه‌میشه‌ له‌پرسی مافه‌كانی ژنان خۆمان به‌ سه‌رمه‌شق زانیوه‌و به‌دوا داچونمان كردوه‌ بۆ پرسه‌ یاساییه‌كان و چۆنیه‌تی باشتر كردنی مافه‌كانی ئافره‌تان و گرنگی دانی زیاتر به‌ رۆڵی ئافره‌تان .

هیوادارین ئه‌و یاده‌ ببێته‌  مایه‌ی هاتنه‌دی ئاوات و هیواكانی ئافره‌تان و گه‌یشتن به‌سه‌رجه‌م مافه‌كان.

 

ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ له‌هه‌رێمی كوردستان

8 ی ئاداری 2019.

Share This