ڕاپه‌ڕین سیمبولی ڕه‌ت كردنه‌وه‌ی حوكمی دیكاتۆری و نا دادپه‌روه‌ری بوو له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه‌ بۆ به‌ده‌ست هێنانی ئازادی و مافه‌كان.

ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ ساڵڕۆژی 28 ساڵه‌ی ڕاپه‌رینه‌ مه‌زنه‌كه‌ی جه‌ماوه‌ری كوردستان پیرۆز ده‌كات كه‌ له‌رۆژێكی ئاوادا له‌ ڕانیه‌ی ده‌روازه‌ی ڕاپه‌ڕینه‌وه‌ سه‌رجه‌م چین و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگا دژی زوڵم و زۆرداری رژێمی له‌ناو چوی به‌عسی ڕاپه‌رین و دروشمی ئازادی و دیموكراسی و مافی مرۆڤیان به‌رز كرده‌وه‌.

هه‌میشه‌ ڕاپه‌رین سیمبولی ڕه‌ت كردنه‌وه‌ی دیكتاتۆری و زوڵم بووه‌ له‌لایه‌ن ئه‌و گه‌ل و میلله‌تانه‌ی چه‌وسێنراونه‌ته‌وه‌ له‌لایه‌ن ڕژێمه‌ زۆرداره‌كان و به‌رده‌وام مافه‌كانی هاوڵاتیانی خۆیان پێشێلكردوه‌و به‌ ئه‌شكه‌نجه‌و لێدان و له‌ناو بردن ڕووبه‌ڕوی ئازادیخوازان بونه‌ته‌وه‌.

له‌كاتێكدا جه‌ماوه‌ری كوردستان ڕاپه‌رینی ده‌ست پێكرد زووڵمی رژێمی به‌عس گه‌یشتبوه‌ لوتكه‌ له‌ به‌كارهێنانی چه‌كی كیمیایی و ئه‌نفال كردن و له‌ناوبردن و كۆمه‌ڵكوژی و زیندان و سوتانی گونده‌كان.

ئه‌مڕۆش دوای 28 ساڵ له‌ حوكمڕانی هه‌رێمی كوردستان ئه‌گه‌رچی هیشتا چه‌ندان كه‌م و كوڕی هه‌یه‌و مافه‌كان و خزمه‌تگوزاریه‌كان وه‌ك پێویست دابین نه‌كراون به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی گشتی هه‌نگاوی باش نراوه‌ له‌ هه‌موو بوارو ئاسته‌كان وێڕای تێبینی ئێمه‌ له‌ده‌سته‌ی مافی مرۆڤ كه‌ هه‌میشه‌ به‌ ڕاو سه‌رنج و پیشنیارو به‌دوا داچون داوای باشتر كردن و چاره‌سه‌ری ئه‌و كه‌م و كوڕیانه‌مان كردوه‌ ، چونكه‌ به‌لای ئێمه‌وه‌ جه‌ماوه‌ری كوردستان شایسته‌ی خزمه‌تی زیاترو گرنگی پێدانی زیاتره‌ له‌به‌رامبه‌ر ئارام گرتن و خه‌باتیان تا ئه‌مڕۆ و به‌هیوای گه‌یشتنی به‌حوكمی خۆی ، ئه‌وه‌ش وه‌ك مافێك كه‌ شایسته‌ی ژیانی مرۆڤه‌كان بێت .

به‌وبۆنه‌وه‌ش هیوادارین هه‌رێمی كوردستان به‌گشتی و حكومه‌تی هه‌رێم به‌تایبه‌تی به‌ره‌و هه‌نگاوی ئاوه‌دانی زیاترو دابین كردنی ژیانێكی پڕ كامه‌رانی و ئارامی بۆ خه‌ڵكه‌كه‌ هه‌نگاو بنێ .

له‌كۆتاییدا سلاو بۆ رۆحی ئه‌و شه‌هیدانه‌ی گیانی خۆیان به‌خشی بۆ ئازادی نه‌وه‌كان و میلله‌ته‌كه‌یان و سڵاویش بۆ هیزی پیشمه‌رگه‌و ئه‌وقاره‌مانانه‌ی پێشه‌وایه‌تی جه‌ماوه‌ریان كرد بۆ ڕاپه‌رین و به‌ده‌ست هێنانی ئازادی و دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری.

ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ

5 ی ئازاری _ 2019

Share This