ئه‌مساڵ جیهان یادی تێپه‌ڕبونی ڕاگه‌یاندنی 70 ساڵه‌ی جارنامه‌كانی مافه‌كانی مرۆڤ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ له‌ 10 ی دیسمبری ساڵی 1948 له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵه‌ی گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان له‌ پاریس ڕاگه‌ینرا وه‌ك یه‌كه‌م وه‌سیقه‌و جاڕنامه‌ی جیهانی بۆ مافه‌كانی مرۆڤ.

ئه‌گه‌ر بۆ ئه‌و كات و سه‌رده‌م و دوای كۆتایی هاتنی هه‌ردوو شه‌ڕی جیهانی و باڵ كێشانی ته‌می ڕه‌شی شه‌ڕو ماڵ وێرانی ونائارامی له‌ زۆبه‌ی وڵاتان ڕاگه‌یاندنی ئه‌و جاڕنامه‌یه‌ بۆ جیهان وه‌ك پێویستیه‌كی گرنگ هاتبێته‌ ئاراوه‌و وڵاتان كۆك ببن له‌سه‌ری له‌پێناو هێنانه‌ كایه‌ی ئاشتی و پاراستنی مافه‌كانی مرۆڤ و دیاری كردنی مافه‌كان به‌گشتی له‌ 30 به‌ند بۆ ئه‌وه‌ی وڵاتان وه‌ك پاكێج سودی لێ ببینین و به‌كاری بهێنن ، ئه‌وا گرنگی و بڕگه‌و مادده‌كانی جاڕنامه‌ی مافه‌كانی مرۆڤ تا ئه‌مڕۆش و بۆ ئه‌و سه‌رده‌م و كاته‌ زیاتره‌و له‌گه‌ڵ هاتنه‌ پێشی گۆڕانكاریه‌كان و كیشه‌و ململانێ كان زیاتر گرنگی جاڕنامه‌ی مافه‌كانی مرۆڤ ده‌رده‌كه‌وێ .

به‌داخه‌وه‌ جیهان له‌و سه‌رده‌می و پیشوترو تا ئه‌مڕۆش هیچ كاتێك دوور نه‌بوه‌ له‌ شه‌ڕو ماڵ وێرانی و جیاكاری و چه‌و سانه‌وه‌ی مرۆڤه‌كان و پیشیڵكردنی مافه‌كانی مرۆڤ كه‌ به‌شێكی زۆری هۆكاری بونی ئه‌و هه‌موو شه‌ڕو پێشێلكاریانه‌ش ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ یه‌كتر قه‌بوڵ نه‌كردن و به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی وڵاتان وئاره‌زوی فراوان كردنی سنوری ده‌سه‌ڵات و مانه‌وه‌ی حوكمڕانی.

رۆژانه‌ له‌جیهان هه‌مومان بینه‌ری پێشێلكاریه‌كانین و قوربانیه‌كان ده‌بینین له‌ ژنان و منداڵان و چین و تویژه‌كانی ترو هاوڵاتیان به‌گشتی كه‌ چۆن مافه‌كانیان پیشێل ده‌كرێ و جگه‌ له‌وه‌ش مافی گشتی هه‌ندێ خه‌ڵك و گه‌لان و میلله‌تان و بێ به‌ش بونیان له‌سه‌ره‌تاییترین مافه‌كانیان ، ئه‌گه‌رچی له‌دوای ساڵی 1948 وه‌ چه‌ندان جارنامه‌و رێكه‌وتنامه‌ی تری تایبه‌ت به‌ لایه‌نه‌كانی تری مافی مرۆڤ و مافی تاك له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان و وڵاتان ڕاگه‌ینراوه‌و واژو كراوه‌ بۆ پاراستنی مافی چین و وتوێژه‌ جیاوازه‌كانی كۆمه‌ڵگا به‌ڵام ئه‌و ڕیكه‌وتنامه‌و په‌یماننامانه‌ هیچ كات نه‌بونه‌ته‌ مایه‌ی ڕێگری كردن له‌پێشێلكردنی مافه‌كانی ئه‌و چین و توێژانه‌و نه‌بونه‌ته‌ چه‌ترێك بۆ پاراستنی مافه‌كانی مرۆڤ به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ، بۆیه‌ هه‌میشه‌ خه‌باتی ئه‌و خه‌ڵكانه‌و چالاكوانانی مافه‌كانی مرۆڤ به‌رده‌وامه‌ چ له‌سه‌ر ئاستی ده‌زگاو كۆمسیۆن و ڕیكخراوه‌یی و چ له‌سه‌ر ئاستی تاك له‌ پێناو داكۆكی كردن له‌مافه‌كانی مرۆڤ و به‌ده‌ست هێنانی مافه‌كان و بڵاو كردنه‌وه‌ی ئاشتی له‌سه‌ر زه‌مین.

خه‌ڵك وهه‌رێمی كوردستانیش هه‌میشه‌ بێ به‌ش نه‌بوه‌ له‌ چه‌وسانه‌وه‌و پیشێلكردنی مافه‌كانی ، خه‌ڵكی كوردستان به‌درێژایی مێژوو له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی ده‌وڵه‌تی عێڕاق و رژێمه‌كانی ڕابردوو به‌ چه‌ندان شێوه‌ هه‌وڵی له‌ناوبردنیان دراوه‌ تا ئاستی به‌كارهێنانی چه‌كی كیمیایی له‌لایه‌ن رژێمی به‌عس بۆ له‌ناو بردنی هاولاتیان و سه‌ره‌ڕای له‌سێداره‌دان و به‌كۆمه‌ڵ كوشتن و جینوسایدو ئه‌شكه‌نجه‌دان و به‌رده‌وامیش خه‌ڵك بێ به‌ش كراوه‌ له‌مافه‌كانی .

ئه‌مڕۆش له‌ ژێر سایه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌ره‌ڕای چه‌ندان هه‌وڵ و ده‌ركردنی یاسای گونجاو كه‌ له‌گه‌ڵ بنه‌ماكانی مافی مرۆڤ گونجاون له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی كوردستان چه‌ند هه‌نگاوێك نراوه‌ ، به‌ڵام هێشتا كه‌م و كوڕی هه‌یه‌ له‌بواری جێ به‌جێ كردن له‌هه‌ندێ سێكته‌رو به‌ش و پیشێلكاری به‌رده‌وام بونی هه‌یه‌ ، له‌ بونی جیاكاری ڕه‌گه‌زی له‌ مافه‌كانی ژنان و كوشتن به‌ناوی شه‌ره‌ف و پێشێلكردنی مافه‌كانی منداڵان و خاوه‌ن پێدوایستی تایبه‌ت و پێشێلكردنی مافه‌كانی رۆژنامه‌نوسان و چین و توێژه‌كانی تری كۆمه‌ڵگه‌ ، سه‌ره‌ڕای كه‌م وكوڕی له‌هه‌ردوو سێكته‌ری په‌روه‌رده‌و ته‌ندروستی كه‌ هێشتا له‌ ئاستی پێداویستی یه‌كانی هاوڵاتیان و ئێمه‌ش نیه‌ .

ئێمه‌ له‌ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ وێڕای ئه‌وه‌ی له‌ ساڵی 2010 وه‌ به‌یاسای ژماره‌ 4 له‌په‌رله‌مانی كوردستان وه‌ك ده‌سته‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆی باڵای نیشتمانی كار ده‌كه‌ین و چاودێری ڕه‌وشی مافه‌كانی مرۆڤ ده‌كه‌ین ، توانیومانه‌ ساڵانه‌ له‌ ڕێگه‌ی بڵاو كردنه‌وه‌ی‌ ڕاپۆرتی ساڵانه‌و ڕاپۆرتی له‌ناكاوو ڕاپۆرتی تایبه‌ت به‌دوا داچون و تۆماری پێشێلكاریه‌كان بكه‌ین و ده‌ست نیشانی بكه‌ین بۆ لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار له‌ حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری .

پێمان وایه‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌و باشتر كردنی ڕه‌وشی مافه‌كانی مرۆڤ له‌هه‌رێمی كوردستان هه‌نگاوی باش نراوه‌ به‌ڵام هێشتا كاری زۆرتر ماوه‌و پێویستی به‌ باشتر كردن هه‌یه‌ له‌ زۆر سێكته‌رو بواردا كه‌م وكوڕی هه‌یه‌و پێویسته‌ به‌جددی كاری له‌سه‌ر بكرێ كه‌ هه‌ندێكی له‌ ڕێگه‌ی ده‌ركردنی یاساو یان هه‌مواری هه‌ندێ یاسا ده‌توانرێ كاری له‌سه‌ر بكرێ ئه‌وه‌ی تریشی په‌یوه‌سته‌ به‌ پلان و كاری حكومه‌ت و دام و ده‌زگاكانی .

هیواشمان وایه‌و ده‌خوازین له‌ حكومه‌تی تازه‌ی هه‌رێمی كوردستان پرسی مافی مرۆڤ و ئه‌و بابه‌ته‌ به‌ سێكته‌رێكی گرنگ وه‌ربگیرێ و كاری له‌سه‌ر بكرێ و له‌ نزیكه‌وه‌ به‌دوا داچون بكه‌ن بۆ ڕاپۆرته‌كانی ده‌سته‌ی مافی مرۆڤ كه‌ هه‌میشه كاری له‌سه‌ر‌ ‌ده‌رخستنی ڕاستیه‌كان كردوه‌و زۆرجار پێشنیارو ڕاسپارده‌كانی خۆشمان خستۆته‌ ڕوو بۆ باشتركردن و چاره‌سه‌ر كردنی ئه‌و كێشه‌و كه‌م و كوڕیانه‌ی هه‌بوه‌ ، ئه‌وه‌ش له‌ پێناو هاتنه‌ كایه‌ی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ئارام و دابین كردنی پره‌نسیپی دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی و ئاشتی له‌ناو كۆمه‌ڵگاو دابین كردنی مافه‌كان كه‌ هه‌میشه‌ په‌یوه‌ستن به‌ باشتر كردنی ڕه‌وشی مافی مرۆڤ و سه‌روه‌ری یاساو دابین كردنی خزمه‌تگوزاری گشتی و دادی كۆمه‌ڵایه‌تی.

له‌كۆتاییدا ئه‌و یاده‌ پیرۆز ده‌كه‌ین له‌هه‌مو مرۆڤ دۆستان و ئازادیخوازان و چالاكوانانی داكۆكی كار له‌مافه‌كانی مرۆڤ له‌ جیهان و كوردستان به‌تایبه‌تی و هیوادارین ساڵی داهاتو ئه‌و یاده‌ به‌جۆرێكی تر بكه‌ینه‌وه‌ كه‌ توانیبمان ڕه‌وشی مافه‌كانی مرۆڤ باشتر بكه‌ین و به‌ره‌و پێشتری ببه‌ین به‌ هه‌ماهه‌نگی و هاوكاری هه‌موو لایه‌ك و حكومه‌ت و په‌رله‌مانی كوردستان.

 

ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ له‌هه‌رێمی كوردستان

دیسمبری 2018

Share This