به‌ مه‌به‌ستی پێكهێنانی كاری هاوبه‌ش له‌ بواری پاراستنی مافه‌كانی منداڵان و نه‌هێشتنی تووندوتیژی له‌ به‌رامبه‌رییان، ڕۆژی 7/2/2018 تیمی هێڵی فریاكه‌وتنی منداڵان (116) سه‌ردانی نوسینگه‌ی مافی مرۆڤی سلێمانی-یان كرد بۆ پێشكه‌شكردنی ڕێنمایی و پێشنیاری دروست له‌ بواری دروونی و كۆمه‌ڵایه‌تی و په‌روه‌رده‌یی و ڕه‌فتاریی به‌و منداڵانه‌ی، كه‌ له‌ژێر هه‌بوونی هه‌ڕه‌شه‌و پێشێلكارییه‌كان له‌لایه‌ن خێزان یان كۆمه‌ڵگه‌وه‌و په‌یوه‌ندی به‌ هێڵی فریاكه‌وتنی منداڵانه‌وه‌ ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش له‌ پێناو پاراستنیان له‌ هه‌موو جۆره‌ مامه‌ڵه‌یه‌كی نامرۆڤانه‌و تووندوتیژی جه‌سته‌یی و ده‌روونی و سێكسی یان پشتگوێخستن و ئیستیغلالكردنیان، جگه‌ له‌ ئه‌نجامدانی به‌دواداچوونی ورد له‌و كه‌یسانه‌ی كه‌ له‌ ڕێگه‌ی هێڵی فریاكه‌وتنه‌وه‌ وه‌رده‌گیرێت و كارییان له‌سه‌ر ده‌كرێت، پاشان كار ده‌كرێت له‌سه‌ر گوێگرتن لێیان و دڵنیاكردنه‌وه‌و پاراستنیان له‌ تووندوتیژی و پێشێلكاری له‌لایه‌ن هه‌ر كه‌سێكه‌وه‌ كه‌ له‌ به‌رامبه‌رییان ئه‌نجام بدرێت. به‌ڕێوه‌به‌ری نوسینگه‌ی سلێمانی كاری هێڵی گه‌رمی فریاكه‌وتنی منداڵانی له‌ سلێمانی و ده‌وروبه‌ری به‌رز نرخاندو به‌ڵێنی هه‌ر هاوكاری و هه‌ماهه‌نگیه‌كی دا له‌ پێناو داكۆكی كردن له‌ مافه‌كانی منداڵان و ڕێزگرتن له‌ شكۆی مرۆڤ و هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ خواستن له‌ كاره‌كانیاندا.

Share This