ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ به‌هه‌ست كردن به‌ پاراستنی گیانی هاوڵاتیان و وه‌ك به‌شێك له‌ ئه‌ركی خۆمان له‌ هۆشیاركردنه‌وه‌ی هاوڵاتیان له‌دیارده‌و پیشێلكارییه‌كان وداكؤكى كردن له‌مافه‌كانی هاوڵاتیان و دابین كردنی ژیانێكی شایسته‌و دوور له‌توندو تیژی و شه‌ڕو تاوان وه‌ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ڕووداوه‌كانی ته‌قه‌كردن و تاوانه‌كانی كوشتن و خۆكوشتن  كه‌ ماوه‌یه‌كه‌ رۆژانه‌ به‌به‌رچاوی هه‌موان و له‌شارو شارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌داخه‌وه‌ رۆژ نیه‌ گوێ بیستی هه‌واڵێكی نه‌خوازراو نه‌بین كه‌ ڕووداوێك ڕووده‌دات له‌ده‌ره‌نجامی بونی چه‌ك له‌ده‌ستی هاوڵاتی و له‌ماڵان و له‌بازاڕه‌كان و به‌ ئاسان ده‌ستكه‌وتنی له‌لایه‌ن هاوڵاتی ، ئه‌مه‌ش نیگه‌رانی لای ته‌واوی هاوڵاتیان دروست كردوه‌و ته‌نانه‌ت بۆته‌ مایه‌ی دڵه‌ ڕاوكێ و كاریگه‌ری بۆسه‌ر ئاسایشی خێزان و كۆمه‌ڵگه‌ بوه‌ به‌هۆی زۆربونی جۆری تاوانه‌كان و ئه‌و حاڵه‌تانه‌ی ده‌بێته‌ مایه‌ی له‌ده‌ستدانی مرۆڤه‌كان به‌چه‌ك ‌له‌سه‌ر بابه‌تی زۆر بچوك و سه‌یرو نه‌گونجاوو دوورله‌به‌هاو عورفی گشتی‌ . ئه‌وه‌ش ته‌نها هۆكار بونی ئه‌و چه‌كانه‌یه‌ له‌ده‌ستی هاوڵاتیان و به‌كارهێنانی له‌كاتی بونی شه‌ڕو كێشه‌كان و دووركه‌وتنه‌وه‌یه‌ له‌په‌نابردن بۆ دادگا بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی كێشه‌كان.

بۆیه‌ له‌و سۆنگه‌وه‌ دوای دوو ساڵ له‌هه‌وڵی به‌رده‌وامی ده‌سته‌ی مافی مرۆڤ بۆ ئه‌و بابه‌ته‌و بڵاو كردنه‌وه‌ی ئاماره‌كان له‌سه‌ر ڕووداوه‌كانی كوشتن و خۆكوشتن و ته‌قه‌ كردن وه‌ هه‌روه‌ها پێشكه‌ش كردنی چه‌ندان ڕاسپارده‌و پێشنیار بۆ حكومه‌ت و لایه‌نی په‌یوه‌ندیدارو ده‌زگا ئه‌منیه‌كان بۆ كۆنتڕۆل كردنی دیارده‌ی چه‌كداری و داخستنی بازاڕه‌كان ، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی چه‌ند ڕێكارێك خرایه‌ ڕوو جێ به‌جێ كرا بۆ كۆنترۆڵ كردنی له‌لایه‌ن ده‌زگا ئه‌منیه‌كان به‌دانانی خاڵی پشكنینی هاوبه‌ش و گه‌ڕان به‌ناو كافتریاو چایخانه‌كان و چاودێری كردنی بازاڕه‌كان ، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ماوه‌و كاتی بونی ئه‌و هه‌ڵمه‌ت و هه‌وڵانه‌ وایكردووه‌ كه‌ دوای ماوه‌یه‌ك حاڵه‌ته‌كه‌ ئاسایی بێته‌وه‌و دووباره‌ چه‌ندان حاڵه‌تی ته‌قه‌كردن وشه‌ڕكردن به‌چه‌ك ده‌بیستین و ڕوو ده‌دات .

بۆیه‌ وه‌ك ده‌سته‌ی مافی مرۆڤ له‌ رۆژی یه‌كشه‌مه‌وه‌ به‌رواری 20/1/2019 هه‌ڵمه‌تێكی نیشتمانی ڕاده‌گه‌یه‌نین بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی دیارده‌ی چه‌كداری و كۆنتڕۆل كردنی بازاڕه‌كانی چه‌كفرۆشی .

لێره‌وه‌ داوا له‌سه‌رجه‌م ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن ده‌كه‌ین هاوكاربن له‌ماوه‌ی ئه‌و 15 رۆژه‌ به‌رنامه‌ی تایبه‌ت ڕێكبخه‌ن له‌سه‌ر مه‌ترسیه‌كانی چه‌ك و دروست بونی كۆمه‌ڵگه‌ی چه‌كداری و بونی چه‌ك له‌ماڵه‌كان ، هه‌روه‌ها داوا ده‌كه‌ین مامۆستایانی ئایینی و رۆشنبیران و ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی و به‌كارهێنه‌رانی تۆره‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان به‌شداربن له‌و هه‌ڵمه‌ته‌ بۆ نه‌فره‌ت كردن له‌ چه‌ك و دیارده‌ی چه‌كدارو بونیات نانی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ئارام و شارستان و دوور له‌توندوتیژی و كوشتن و هه‌واڵی جه‌رگبڕو ناخۆش و گۆڕێنی وێنه‌ی پڕۆفایله‌كان بۆ دژه‌ چه‌كداری.

دواتر له‌ڕیگه‌ی نوسراوی فه‌ڕمیه‌وه‌ ده‌سته‌ی مافی مرۆڤ كه‌ ئاڕاسته‌ی لایه‌نی په‌یوه‌ندیداری ده‌كات بۆ ئه‌نجامدانی ڕیكارو پلانی تایبه‌ت بۆ كۆنتڕۆل كردنی دیارده‌ی چه‌كداری و بازاڕه‌كانی چه‌كفرۆشتن و پێداچونه‌وه‌ به‌ رێنماییه‌كانی پێدانی مۆڵه‌تی چه‌ك و چڕتركردنه‌وه‌ی هه‌ڵمه‌ت و هه‌وڵه‌كانیان به‌تایبه‌ت له‌و 15 رۆژه‌ی هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ له‌ 20/1/2019‌ تابه‌رواری 5/2/2019 به‌هیوای ژیانێكی ئارام و ئاسوده‌ بۆ هه‌موان.

 

ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ

20/1/2019

Share This