رۆژی 2 ی ئه‌یلول شاندێكی ده‌سته‌ی مافی مرۆڤ به‌سه‌رۆكایه‌تی (ضياء بطرس صليوا) سه‌ردانی وه‌زاره‌تی شه‌هیدان وئه‌نفالكراوانی كرد به‌مه‌به‌ستی پیرۆزبایی و له‌لایه‌ن وه‌زیری شه‌هیدان ( عبدالله حاجی محمود) پیشوازی كران .

سه‌رۆكی ده‌سته‌ی مافی مرۆڤ ویڕای گه‌یاندنی پیرۆزبایی جه‌ختی له‌سه‌ر گرنگی رؤڵی وه‌زاره‌تی شه‌هیدان كرده‌وه‌و له‌ پرسی به‌جینوساید ناساندنی كه‌یسی ئه‌و شوێنانه‌ی كه‌ ڕووبه‌ڕوی جینۆساید بونه‌ته‌وه‌و وه‌ داكۆكی كردن له‌مافی كه‌س و كارو قوربانیه‌كان.

له‌ته‌وه‌رێكی تردا سه‌رۆكی ده‌سته‌ تیشكی خسته‌ سه‌ر رۆڵ و ئه‌ركی ده‌سته‌ی مافی مرۆڤ له‌ پرسی گرنگی دان به‌پرسه‌كانی جینۆسایدو زیندانیانی سیاسی و قوربانیانی ده‌ستی تیرۆرو وتیشی ئه‌و ئه‌ركه‌ یه‌كێكه‌ له‌ئه‌ركه‌ هه‌ره‌ گرنگه‌كانی ده‌سته‌ی مافی مرۆڤ و لای خۆشمانه‌وه‌ زۆر كارمان كردوه‌و هه‌وڵه‌كانمان خستۆته‌ گه‌ڕ بۆ به‌جینوساید ناساندنی كه‌یسه‌كانی جینۆسایدی ئێزیدیه‌كان و پیكهاته‌كانی تر. وه‌ وتیشی ده‌سته‌ی مافی مرۆڤ ئه‌ندامه‌ له‌ لیژنه‌ی جینۆسایدی سه‌ربه‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كه‌ به‌ تایبه‌ت بۆ پرسی به‌جینۆساید ناساندنی كه‌یسی ئیزیدیه‌كان.

دواتر وه‌زیری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان تیشكی خسته‌ سه‌ر رؤڵی ده‌سته‌ی مافی مرۆڤ له‌بابه‌ته‌كانی مافه‌كانی مرۆڤ و پرسی جینۆساید ناساندن و داكۆكی كردن له‌ مافی قوربانیان و لای خۆیه‌وه‌ش ئاماده‌یی هه‌موو هه‌ماهه‌نگی و هاوكاری ده‌ربڕی.

له‌كۆتاییدا هه‌ردوولا هاوڕا بون له‌سه‌ر هه‌نگاو نان به‌ ئاڕاسته‌ی زیاتر بۆ لۆبی كردن بۆ بۆ سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بۆ دامه‌زراندنی دادگایه‌كی نێوده‌وڵه‌تی بۆ پرسی تاوانه‌كانی داعش و جینوسایدی به‌رامبه‌ر ئێزیدیه‌كان و پێكهاته‌كانی تر.

سه‌رۆكی ده‌سته‌ وتیشی پیویسته‌ سه‌رجه‌م پرسه‌كانی جینۆساد به‌دۆكیۆمێنت بكرێن و ئاماژه‌شی به‌ جینۆسایدی گوندی صۆرایا كرد كه‌ له‌ساڵی 1969 له‌لایه‌ن رژێمی ڕابردوو كه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر هاوڵاتی مه‌سیحی و موسلمان له‌ناوبران و وتیشی پیویسته‌ كار له‌سه‌ر به‌جینۆساید ناساندنی بكرێت.

Share This