دوای ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا تیمی هۆبەی چاودێری ودیکۆمێنتکردنی نووسینگەمان بەدواداچوونی بۆ کێشە و گرفتەکانی ژینگە پارێزانی سەر بە کۆمپانیای( شکار)کرد و بەڵێنیدا کە کێشەکانیان بگەیەنن بەلایەنی پەیوەندیدار، ئەمڕۆ سێشەممە ۲۰۱۹/۹/۲٤ تیمەکە سەردانی کۆمپانیای ناوبراویان کردوو لەگەڵ سەرپەرشتیاری کۆمپانیاکە کۆبوونەوە.

سەبارەت بەکاروچالاکییان، سەرپەرشتیاری کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوەدا کە (۱۰) شارەوانی لە چوارچێوەی کارکردنی ئەواندایە لە سنورەکەدا و وە (۳٦۰) ژینگەپارێزیان هەیە کە (۱۱٥) یان لە ناوەندی چەمچەماڵدایە وئەوانیتریش لەناحیەکانی سەربەقەزاکەن.
سەبارەت بە ماوەی کارکردنیان، هەموو ڕۆژانی هەفتە جگەلە هەینی بۆماوەی (۸) کاژێر کاردەکەن. لەبەرامبەردا مانگانە بڕی (۳۰۰)هەزار دینار وەردەگرن وەهەر ڕۆژێک غائیب بن بڕی(۳۰) هەزار دیناریان لێدەبڕدرێت ئەگەر مۆڵەتیش بن بڕی (۱۰)هەزار دینار.
هەروەها ئاماژەشیان بەوەدا کە هیچ جۆرە گرێبەستێک لەنێوان کۆمپانیاو کرێکاراندا نییە بەڵکو ڕۆژانە حیسابیە. کە ئەمەش پێچەوانەی بنەماکانی مافی کرێکارانە کە پێویستە گرێبەستێک هەبێت بۆ ئەوەی مافی کرێکار و کۆمپانیاش پارێزراوبێت.

سەبارەت بە زەمانەتی کار ڕایگەیاند مانگانە بڕی (۲۰)هەزار زەمان بۆ هەر یەکێکیان دەدرێت بە شارەونی تاکو لەکاتی خانەنشین بونیاندا بە ژینگەپارێزان بدرێت.

سەرپەرشتیاری کۆمپانیاکە ڕایگەیاند کە داواکاری ژینگەپارێزان ڕەوایە لە کەمی موچە و زۆری ڕۆژ و کاتی کارکردنیان و زۆری بڕی پارەی لێبڕین لەکاتی غیاب بوونیان، بەڵام ئەوە لە دەسەڵاتی ئێمە دانییە بەڵکو ئەوە فەرمانی وەزارەتی شارەونیبە وخۆیان چاودێریان هەیە و ڕۆژانە چاودێری کارەکان دەکەن.

سەبارەت بە زۆری تەمەنی هەندێ لە ژینگەپارێزان ڕایگەیاند کە ئەوە کێشەیەکی سەرەکییە کە ژمارەیەکی زۆر لە کرێکارەکانیان کە پێشتر گرێبەستیان لەگەڵ شارەوانیدا هەبووە و دواتر کارەکانیان گوستونەتەوە بۆلای ئێمە ئێستا تەمەنیان هەڵکشاوەو توانای کارکردنیان وەک پێویست نییە یاخود خاوەن پێداویستی تایبەتن و شارەوانیش ڕێنادات لاببرێن.

لە کۆتایشدا جەختیان لەوەکردەوە کە بەپێی توانا یارمەتیان دەدەن و هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانیان دەدەن.

Share This