دوای ئاگادارکردنەوەی نووسینگەی مافی مرۆڤ لەبوونی کێشەو گرفتی کرێکارانی پاکەرەوەی کۆمپانیای (شکار) و پێشێلکاری مافەکانیان، لەبەرواری۲۰۱۹/۹/۱۹ تیمێکی هۆبەی چاودێری ودیکۆمێنتکردنی نووسینگەمان چاوی کەوت بەبەشێک لە کرێکارانی کۆمپانیای ناوبراوو لە نزیکەوە گوێیان گرت بۆ کێشە و گرفتەکانیان.
کرێکاران لە زاری خۆیانەوە ئاماژەیان بە کۆمەڵێک کێشەو پێشێلکاری کرد کەبەرانبەریان دەکرێت وەک کەمی موچە کەبەشی پێداویستی ڕۆژانەیان ناکات، زۆری کاژێری کارکردن، نەبوونی بیمەی تەندروستی…هتد.
جگە لەمانە، سزادانیان لەلایەن کۆمپانیاوە بەبڕینی بەشێک لە موچەکانیان لەکاتی وەرگرتنی مۆڵەت یاخود ئامادە نەبوونیان لەکاتی دیاریکراودا، وە بڕینی یەکجاری موچەکانیان لەکاتی مردن و سەرفنەکردنی هیچ قەرەبویەک لە حاڵەتی برینداربوون یاخود هەرحاڵەتێکی تری نەخوازراو.
لای خۆیەوە تیمی نووسینگەی مافی مرۆڤ بەڵێنیدا کە بەدواداچوونی جدی بکات بۆکێشەکانیان و داکارییەکانیان بگەیەنێت بەلایەنی پەیوەندیدار بەمەبەستی چارەسەرکردن ودابینکردنی ژیانێکی شایستەو شکۆمەندانە بۆیان.

Share This