به‌ مه‌به‌ستی له‌ نزیكه‌وه‌ ئاگاداربوون له‌ كاره‌كانی فه‌رمانگه‌ی داواكاری گشتی سلێمانی وه‌ك لایه‌نێكی یاسایی تایبه‌ت به‌ داكۆكیكردن له‌ مافی گشتی و جووڵاندنی سكاڵای خه‌ڵك، تیمێكی نووسینگه‌ی مافی مرۆڤی سلێمانی كه‌ پێكهاتبوو له‌ به‌ڕێوه‌به‌رو جێگری به‌ڕێوه‌به‌رو هۆبه‌ی ڕاگه‌یاندن و په‌یوه‌ندییه‌كان و هۆبه‌ی ڕاپۆرت سه‌ردانی ئه‌و فه‌رمانگه‌یان كردو له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی داواكاری گشتیه‌وه‌ پێشوازییان لێكرا. له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا گفتووگۆ له‌سه‌ر گرنگی هه‌ماهه‌نگی نێوان فه‌رمانگه‌ی داواكاری گشتی و نووسینگه‌ی سلێمانی ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ كرا. له‌ ته‌وه‌رێكی تردا جه‌خت له‌سه‌ر بێلایه‌نی دادگاو سه‌روه‌ری یاسا كرا، هه‌روه‌ها ڕۆڵی فه‌رمانگه‌ی داواكاری گشتی له‌ ڕووداوه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی سلێمانی و ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری و پرسی ئازادكردنی ده‌ستگیركراوانی خۆپیشاندانه‌كان به‌شێكی تری گفتوگۆكان بوو. شیاوی باسكردنه‌ داواكاری گشتی سلێمانی له‌ ماوه‌ی ڕابردوودا كاری یاسایی له‌سه‌ر (230) كه‌یسی جۆراوجۆر كردووه‌، كه‌ هه‌ندێكیان كه‌یسی هه‌ستیارن و به‌دواداچوون تیایاندا به‌رده‌وامه‌.

Share This