شەوی 12/6/2017 بەڕێوەبەری نوسینگەی مافی مرۆڤی سلێمانی ئاگادار كرایەوە لە هەوڵی خۆخنكاندنی سزادراوێك بە ناوی (ه.م.أ) لە چاكسازی گەورانی سلێمانی بە بەكارهێنانی پەت بەهۆی هەبوونی كێشەو تێكچوونی باری دەروونی. ڕۆژ12/6/2017 تیمی هۆبەی چاودێری بەندیخانەكان لە نوسینگەی سلێمانی بەدواداچوونی وردی لەو ڕووداوە كردو دەركەوت كە ناوبراو بەپێی ماددەی (443) بۆ ماوەی 16 ساڵ سزادراوە، هەوڵی خۆخنكاندنی داوە بە بەكارهێنانی پەت، بەڵام پێش ئەوەی گیان لەدەست بدات هاوڕێكانی ڕزگارییان كردووە، هەروەها لە ئەنجامی لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكە دەركەوت كە ئەو سزادراوە كاری كۆكردنەوەی دەبەی بەتاڵە لەناو چاكسازی گەوران و كێشەی لەگەڵ سزادراوانی تردا هەیە نەك لەگەڵ كارمەندان و ئیدارەی چاكسازی. لە ئێستادا هۆبەی توێژەرانی دەروونی و كۆمەڵایەتی چاكسازی گەوران كار لەسەر هێوركردنەوەی ئەو سزادراوەو چەند سزادراوێكی تریش دەكەن كە هەڕەشەی خۆكوشتنیان كردووە.

Share This