ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 21/10 له‌دیوانی ده‌سته‌ (ضياء بطرس صليوا) سه‌رۆكی ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ سه‌رپه‌رشتی كۆبونه‌وه‌یه‌كی فراوانی كرد بۆ به‌ڕێوه‌به‌رانی گشتی یاساو مافی مرۆڤ و به‌ڕیوه‌به‌رانی مافی مرۆڤ و كارگیڕی و راگه‌یاندن و په‌یوه‌ندیه‌كان و دارایی و سه‌رجه‌م به‌ڕێوه‌به‌رانی نوسینگه‌كانی ده‌سته‌ له‌شارو شارۆچكه‌كان.

سه‌ره‌تا سه‌رۆكی ده‌سته‌ پوخته‌یه‌كی پیشكه‌ش كرد له‌سه‌ر ڕه‌وشی ناوچه‌كه‌ به‌گشتی و سوریاو رۆژئاوای كوردستان به‌تایبه‌تی سه‌باره‌ت به‌هێرشه‌كانی ده‌وڵه‌تی توركیاو ئاواره‌و شه‌هید بونی هاوڵاتیان مه‌ده‌نی و وتی له‌كاتێكدا مافی ژیان و گوزه‌رانیان هه‌یه‌ به‌ڵام به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك ڕووبه‌ڕوی توندوتیژی و پیشیلكاری ده‌بنه‌وه‌ . ئینجا له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی ڕووده‌دات له‌و ناوچانه‌ به‌گشتی سه‌رۆكی ده‌سته‌ ڕه‌خنه‌ی له‌ ھه‌ڵوێستی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و ڕێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تی و نێوخۆیه‌كان گرت و ئه‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ی ڕه‌خنه‌ی ئاڕاسته‌ی ده‌وڵه‌تی عێراق گرت له‌باره‌ی ئه‌و ڕه‌وشه‌ی هاتۆته‌ پیش.

له‌لایه‌كی تر سه‌رۆكی ده‌سته‌ رۆلی هه‌ندێ رێكخراوو ده‌زگای ناوه‌خۆی به‌رز نه‌رخاند كه‌ هاوكاری و ۆكۆمه‌كیان گه‌یاندۆته‌ رۆژئاواو كه‌ل وپه‌لی خواردن و ته‌ندروستیان بۆ ئاواره‌ه‌كان كۆكردۆته‌وه‌و ناردوه‌ وه‌ك ده‌زگای بارزانی كه‌ چه‌ندان بارهه‌ڵگری له‌ ئازوقه‌و ده‌رمان گه‌یانده‌ رۆژ ئاوا.

ئینجا سه‌رۆكی ده‌سته‌ باسی ڕۆڵی ده‌سته‌ی كرد له‌ چاودێری و به‌دوا داچون بۆ ڕه‌وشی ئاواره‌كان و هه‌ماهه‌نگی كردن له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان و هه‌ر له‌كۆبونه‌وه‌كه‌ش جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرایه‌وه‌ كه‌ ده‌سته‌ی مافی مافی مرۆڤ له‌سه‌ر ئه‌و بارودۆخه‌و ڕه‌وشی ئاواره‌كان و ئه‌وه‌ی ڕووده‌دات نامه‌یه‌ك ئاڕاسته‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی بێنه‌ سه‌رخه‌ت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی له‌ سوریا ڕووده‌دات و چاره‌سه‌رێكی سیاسی بۆ بدۆزنه‌وه‌.

له‌به‌شێكی تری دانیشتنه‌كه‌ هاتنه‌ سه‌ر باسی كیشه‌و كاره‌كانی ده‌سته‌و نوسینگه‌كان و ئه‌وه‌ی په‌یوه‌سته‌ به‌ سێكته‌ره‌ جیاوازه‌كانی دارایی و كارگێری و مافی مرۆڤ و ڕاگه‌یاندن و په‌یوه‌ندیه‌كان و چه‌ندان پیشنیارو ڕاسپارده‌ خرانه‌ ڕوو وه‌ جه‌خت له‌سه‌ر پابه‌ند بون له‌ ده‌وامی فه‌ڕمی كرایه‌وه‌

له‌كۆتاییدا تیشك خرایه‌ سه‌ر ئاماده‌كاری و كاركردن بۆ ڕاپۆرتی ساڵی 2019 و له‌سه‌ر بنه‌مای پارێزگاكان نه‌وه‌ك نوسیگاكان.

Share This