.
شاندێكى باڵاى ده‌سته‌ى سه‌ربه‌خۆى مافى مرۆڤ به‌سه‌رۆكایه‌تى (ضياء بطرس صليوا) سه‌رۆكى ده‌سته‌ سه‌ردانى باره‌گاى یه‌كێتى زانایانى ئایینى ئیسلامى كوردستانیان كردوو له‌لایه‌ن سه‌رۆكى یه‌كێتى یه‌كه‌ ( ملا عبدالله ویسى ) و جێگره‌كه‌ى پێشوازى كران .
سه‌رۆكى ده‌سته‌ تیشكى خسته‌ سه‌ر چه‌مكى پێكه‌وه‌ ژیان و ئازادى بیرو ڕا وه‌ك بنه‌مایه‌كى سه‌ره‌كى مافه‌كانى مرۆڤ و رێز گرتنى بیرو باوه‌رى یه‌كترو رێزگرتنى ئایینه‌كان له‌هه‌رێمى كوردستان وه‌ وتیشى تا ئێستا نمونه‌یه‌كى جوان پێكه‌ش كراوه‌و له‌پێكه‌وه‌ ژیانى ئایینى كه‌ هاوشێوه‌ى كه‌مه‌ له‌رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌راست و جه‌ختى له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ پارێزگارى له‌و چه‌مكانه‌ بكرێت له‌كۆمه‌ڵگه‌ى كوردستانى كه‌ فره‌ ڕه‌نگى ئایینى و نه‌ته‌وه‌یى تێدا ده‌ژى .
له‌میانه‌ى وته‌كانى سه‌رۆكى ده‌سته‌ وتى ئه‌ركى هه‌موانه‌ ڕووبه‌روى توندوتیژى ئایینى ببینه‌وه‌و هه‌نگاو بنێین له‌پێناو بونیات نانى كۆمه‌ڵگه‌یه‌كى شارستانى و ده‌وڵه‌تى كوردستان كه‌ تێیدا مافى هه‌موو پێكهاته‌و ئایینه‌كان فه‌راهه‌م بكات و پێكه‌وه‌ بژین.
ئینجا وتى هه‌رێمى كوردستان به‌قۆناغێكى سه‌خت تێده‌پرێت و بریارى ئه‌نجامدانى ریفراندۆى داوه‌ له‌ 25/9 وه‌ك مافێكى ئاسایى خۆى و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش تیشكى خسته‌ سه‌رۆڵى باڵاى مامۆستایانى ئایینى و ده‌زگاكانى راگه‌یاندن بۆهۆشیاركردنه‌وه‌ى هاوڵاتیان و هاندانیان بۆ به‌شدارى كردن له‌وپرسه‌ نیشتمانیه‌.
پێویسته‌ بگوترێت ئه‌و سه‌ردانه‌ دواى ئه‌وه‌ هات كه‌ له‌مانگى ره‌مه‌زانى پیرۆز یه‌كێتى زانایان به‌یاننامه‌یه‌كى ده‌ركرد سه‌باره‌ت به‌به‌رنامه‌یه‌كى كه‌ناڵى ڕووداو ئه‌و به‌رنامه‌ى به‌سوكایه‌تى و به‌زاندنى پیرۆزیه‌كانى ئایینى ئیسلام له‌قه‌ڵه‌مدابو كه‌ له‌لایه‌ن (د . ادم بێدارۆ) پێشكه‌ش ده‌كرا. كه‌ دواتر بوه‌ هۆى ناره‌زایى لاى به‌شێك له‌مامۆستایانى ئایینى و موسڵمانان و ته‌نانه‌ت به‌چه‌ندان شێوه‌ نیگه‌رانى خۆیان ده‌ربڕى و له‌تۆڕه‌ كۆمه‌لایه‌تیه‌كان هێرشكرایه‌ سه‌ر پێشكه‌ش كارى به‌رنامه‌كه‌و جێگه‌ى باسه‌ پێشكه‌ش كارى به‌رنامه‌ هاوشاندى سه‌رۆكى ده‌سته‌ بوو بۆ یه‌كێتى زانایانى ئایینى ئیسلامى.
وه‌ له‌و دانیشتنه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ كرا كه‌ ناوبراوو ناوه‌رۆكى به‌رنامه‌كه‌ بریتى نه‌بوه‌ له‌سوكایه‌تى كردن به‌هیچ ئاینێك و ته‌نها ده‌ربڕینى ڕاى میوانى به‌رنامه‌كه‌ بوه‌و له‌چوارچێوه‌ى ئازادى بیرو ڕا.
لاى خۆیه‌وه‌ سه‌رۆكى یه‌كێتى زانایان وێراى به‌خێرهێنانى سه‌رۆكى ده‌سته‌و شاندى یاوه‌رى و رۆڵى ده‌سته‌ى به‌رز نرخاند له‌پارێزگارى كردن له‌مافه‌كانى مرۆڤ و به‌دوا داچون بۆ بابه‌ته‌كان به‌بئ جیاوازى ئایینى و نه‌ته‌وه‌یى و بیركردنه‌وه‌یان و ئه‌وه‌شى به‌ كارێكى مرۆیى له‌قه‌ڵه‌مداو وتى خزمه‌تێكى باشه‌ به‌كۆمه‌ڵگه‌ى كوردستانى .
وه‌ تیشكى خسته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ ئه‌وان لاى خۆیان وه‌ك چۆن دژى هه‌موو وتارێكى توند ڕه‌وى ئایینى و ته‌كفیرین و هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵ پێكه‌وه‌ ژیان و رێزگرتنى به‌رامبه‌رین به‌هه‌مان شێوه‌ش دژى هه‌ر هه‌ولێك ده‌وستینه‌وه‌ كه‌ مه‌به‌ستى لێ ى سوكایه‌تى كردن بێت به‌ئایینى پیرۆزى ئیسلام.
دواتر به‌ ئاماده‌ بونى سه‌رۆكى ده‌سته‌ هه‌ردوولا یه‌كێتى زانایانى ئایینى و پێشكه‌شكارى به‌رنامه‌ى (پارشێو) رێكه‌وتن له‌سه‌ر كۆتایى هێنان به‌و بابه‌ته‌و هێور كردنه‌وه‌ى بارودۆخه‌كه‌و هه‌وڵ دان بۆ گرنگى دان به‌به‌رنامه‌ى رێزگرتن و پێكه‌وه‌ ژیان و پاراستنى تایبه‌تمه‌ندى پیرۆزیه‌كانى ئایینه‌كان.

Share This