له‌میانه‌ی كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی له‌دیوانی ده‌سته‌ی مافی مرۆڤ ئه‌مرۆ سێ شه‌ممه‌ 5/11 سه‌رۆكی ده‌سته‌ی مافی مرۆڤ(ضياء بطرس صليوا) وه‌ڵامی ڕاپۆرتێكی په‌رله‌مانی دایه‌وه‌ كه‌ چه‌ند رۆژێكه‌ له‌ده‌زگاكانی راگه‌یاندن و سۆشیال میدیا بڵاو كراوه‌ته‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ بونی گه‌نده‌ڵی له‌سه‌ر سه‌رۆكی ده‌سته‌ی مافی مرۆڤ و هه‌روه‌ها لێدوانی ئه‌ندامێكی په‌رله‌مان له‌و باره‌وه‌ كه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردبو سه‌رۆكی ده‌سته‌ی مافی مرۆڤ بریاره‌ رابكات و هه‌رێمی كوردستان به‌جێ بهێڵی

له‌و باره‌وه‌ سه‌رۆكی ده‌سته‌ی وتی ئه‌مڕۆ له‌به‌رده‌م ئێوه‌و ڕأی گشتی ئاماده‌م و هیچ هۆكارێك نیه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان به‌جێ بهێڵم وه‌ له‌هیچ دادگایه‌ك داوا نه‌كراوین و هیچ كه‌یسێكمان له‌سه‌ر نیه‌ وه‌ ته‌نانه‌ت ئاگاداری ئه‌و ڕاپۆرتانه‌ش نین كه‌ به‌ناوی لیژنه‌ی مافی مرۆڤی په‌رله‌مان بڵاو كراوه‌ته‌وه‌و به‌داخه‌وه‌ ئێمه‌ش له‌ ڕاگه‌یاندنه‌كان دیتمانه‌.

ئینجا وتی لیژنه‌ی مافی مرۆڤی په‌رله‌مان له‌مانگی 7ی ئه‌مسأل هاتن و سه‌ردانی ده‌سته‌یان كردو ئاماژه‌یان به‌وه‌ كرد له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ی به‌ڕیز سه‌رۆكی په‌رله‌مان هاتوون بۆ به‌دوا داچون بۆ سكاڵایه‌ك و چاره‌سه‌ر كردنی له‌و باره‌وه‌ش ئێمه‌ قسه‌و ڕونكردنه‌وه‌ی خۆمان بۆ لیژنه‌كه‌ خسته‌ ڕوو وه‌ پشت به‌ستن به‌به‌ڵگه‌ یاسایه‌كان وه‌ڵامی لیژنه‌كه‌مان دایه‌وه‌ بێ ئه‌وه‌ی ئه‌و لیژنه‌یه‌ هیچ نوسراوو فه‌رمانێكیان لابێت وه‌ك لیژنه‌ یان به‌رنامه‌ی كاریان و هیچ په‌یوه‌ندی به‌لێكۆلینه‌وه‌ نه‌بوه‌ له‌هیچ دۆسیه‌و بابه‌تێك جگه‌ له‌ بابه‌تێكی ئیداری.

وه‌ له‌ته‌وه‌رێكی تردا سه‌رۆكی ده‌سته‌ ئاماژه‌ی به‌ نایاسایی بونی بڵاو كردنه‌وه‌ی راپۆرته‌كه‌ی لیژنه‌ی مافی مرۆڤ كرد له‌ میدیاو وتی ئه‌و كاره‌ پیچه‌وانه‌ی یاسایه‌و ته‌نانه‌ت پیچه‌وانه‌ی په‌ێڕه‌وی ناوه‌خۆی په‌رله‌مانه‌ كه‌ نابێت له‌كاتێكدا هیچ زانیاری بۆ ئێمه‌ نه‌هاتوه‌ به‌ڵام له‌ میدیاو تۆری كۆمه‌ڵایه‌تی بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ بۆیه‌ داوا له‌به‌رێز سه‌رۆكی په‌رله‌مان ده‌كه‌م كه‌ خۆیان شاره‌زاو پسپۆری یاسایین لێكۆلینه‌وه‌ بكات له‌ چۆنیه‌تی بڵاو كردنه‌وه‌ی ئه‌و راپۆرته‌ له‌ ده‌زگاكانی راگه‌یاندن و سه‌ره‌ڕای بونی چه‌ندان هه‌ڵه‌ی یاسایی و ووشه‌و تۆمه‌تی زۆر بێ بنه‌ما له‌ناو راپۆرته‌كه‌ بێ ئه‌وه‌ی پشت ببه‌ستن به‌ هیچ سه‌رچاوه‌و به‌ڵگه‌یه‌ك

ئینجا سه‌رۆكی ده‌سته‌ سه‌رجه‌م به‌ڵگه‌كانی دیوانی چاودێری دارایی خسته‌ ڕوو سه‌باره‌ت به‌ داخستنی دۆسیه‌ی دارایی ده‌سته‌ی مافی مرۆڤ بۆ ساڵه‌كانی 2013 تاوه‌كی ساڵی 2018 كه‌ له‌سه‌رجه‌م دۆسیه‌كان ده‌سته‌ی مافی مرۆڤ پابه‌ندی رێنماییه‌كانی دارایی بوه‌و هیچ كێشه‌ی نیه‌.

هه‌روه‌ها له‌وه‌ڵامی ئه‌ندامێكی په‌رله‌مان له‌لیژنه‌ی ده‌ست پاكی كه‌ وتبوی سه‌رۆكی ده‌سته‌ی مافی مرۆڤ ڕاده‌كات و هه‌رێم به‌جێ ده‌هێڵی سه‌رۆكی ده‌سته‌ وتی ئه‌و هه‌واڵه‌ هیچ بنه‌مایه‌كی نیه‌و چونكه‌ هیچ دۆسیه‌كی گه‌نده‌ڵیمان له‌سه‌ر نیه‌ وه‌ وتیشی ناكرێ ئه‌ندامێكی په‌رله‌مان بێ بونی هیچ به‌ڵگه‌و زانیاری لێدوان بدات و خه‌ڵك تۆمه‌تبار بكات و له‌كاتێكدا وێنه‌ی راپۆرته‌كه‌شی بۆ نه‌چوبێت

له‌كۆتاییدا سه‌رۆكی ده‌سته‌ چه‌ندان رونكردنه‌وه‌ی تری داو وتی ئێمه‌ پابه‌ندی یاسا ده‌بین و كاری خۆمان ده‌كه‌ین و به‌رده‌وام ده‌بین تا ئه‌و رۆژه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان رێكاری یاسایی خۆی جێ به‌جێ ده‌كات بۆ گۆڕانكاری له‌سه‌رۆكی ده‌سته‌و وتیشی لای خۆمه‌وه‌ سكالای یاسایی تۆمار ده‌كه‌م له‌سه‌ر سه‌رجه‌م ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه‌ی ناویان هێناوین

Share This