سه‌رۆكی ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌به‌رده‌م سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێم سوێندی یاسایی خوارد 

24/01/2013 

قسم 1

ئه‌مڕۆ به‌ڕێز (ضیا‌ء بطرس صلیوه) وه‌ك سه‌رۆكی ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ فه‌رمی له‌به‌رده‌م سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستان سوێندی یاسایی خوارد.

دوای ئه‌وه‌ی رۆژی حه‌ڤده‌ی كانوونی یه‌كه‌می ساڵی 2012 (ضیا‌ء بطرس صلیوه) به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگی په‌رله‌مانی كوردستان وه‌ك سه‌رۆكی ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵبژێررا، ئه‌مڕۆ له‌ رێوره‌سمێكدا له‌به‌رده‌م به‌ڕێز ئه‌حمه‌د عه‌بدوللا زوبێر، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستان سوێندی یاسایی خوارد و به‌ فه‌رمی وه‌ك سه‌رۆكی ده‌سته‌ی مافی مرۆڤ له‌ هه‌رێم ده‌ست به‌كار ده‌بێت.

له‌ رێوره‌سمه‌كه‌دا سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێم هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ سه‌رۆكی ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ له‌ هه‌رێم خواست له‌ كارو ئه‌ركه‌كانیدا و سه‌رۆكی ده‌سته‌ی مافی مرۆڤیش به‌ڵێنی دا پابه‌ند بێت به‌و سوێنده‌ی كه‌ به‌جێ گه‌یاندووه‌و به‌ هه‌موو توانا كار ده‌كات به‌ ئاراسته‌ی هه‌رچی زیاتر چه‌سپاندنی بنه‌ماكانی مافی مرۆڤ له‌ هه‌رێمی كوردستان.

له‌ سه‌رده‌می كابینه‌ی شه‌شه‌می حكومه‌تی هه‌رێم و له‌ چوارچێوه‌ی كه‌مكردنه‌وه‌ی ژماره‌ی وه‌زاره‌ته‌كان به‌ بڕیارێكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، وه‌زاره‌تی مافی مرۆڤ هه‌ڵوه‌شێنرایه‌وه‌و بڕیار درا له‌ بڕی ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ ده‌سته‌یه‌ك به‌ناوی ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافه‌كانی مرۆڤ پێك بهێنرێت و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش په‌رله‌مانی كوردستان یاسای ژماره‌ 4ی له‌ ساڵی 2010 بۆ ده‌سته‌كه‌ په‌سه‌ند كردو دواتر به‌ ده‌نگدان له‌سه‌ر كاندیدی ئه‌و ده‌سته‌یه‌ له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه‌، ئێستا ئه‌و ده‌سته‌یه‌ به‌ فه‌رمی ده‌ست به‌كار ده‌بێت.

 

قسم 2قسم 3

Share This