ئه‌مڕۆ 14/6 سه‌رۆكى ده‌سته‌ى سه‌ربه‌خۆى مافى مرۆڤ (ضياء بطرس صليوا) پێشوازى كردله‌شاندێكى رێكخراوه‌كانى تایبه‌ت به‌ خاوه‌ن پێداویستى تایبه‌ت له‌شارى سلێمانى ، سه‌ره‌تا شانده‌كه‌ ئامانجى سه‌ردانه‌كه‌یان بۆ سه‌رۆكى ده‌سته‌ خسته‌ ڕوو كه‌ بریتى بوو له‌ چه‌ند كێشه‌یه‌ك تایبه‌ت به‌خاوه‌ن پێدوایستیه‌كان كه‌ خۆى له‌ كه‌مى موچه‌و كێشه‌ ته‌ندروستیه‌كان و ده‌رونیه‌كان و بڕینى موچه‌كانیان كه‌ پێشتر 150 هه‌زار بوه‌ وه‌ سه‌ره‌راى ئه‌وه‌ى كه‌ ئاماژه‌یان به‌و فه‌رامۆش كردنه‌ كرد كه‌له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵگه‌و وه‌زاره‌تى كاروبارى كۆمه‌لایه‌تیه‌وه‌ به‌رامبه‌ریان كراوه‌ به‌تایبه‌ت ئه‌وه‌ى په‌یوه‌سته‌ به‌ پشكنینه‌ پزیشكیه‌كان و جۆرى پشكنینه‌كان .
له‌ته‌وه‌ررێكى دانیشتنه‌كه‌دا داوایان كرد ده‌سته‌ى مافى مرۆڤ رۆڵى هه‌بێت له‌دروست كردن و گه‌یاندنى ده‌نگیان بۆ لایه‌نى په‌یوه‌ندیدارو رێكخراوه‌كانى تایبه‌ت به‌خاوه‌ن پێدوایستى تایبه‌ت چونكه‌ وه‌ك ئاماژه‌یان پێكرد ژیانى ئه‌وان وه‌ك كاره‌ساته‌و ئه‌و بارودۆخه‌ زۆر قورسه‌ له‌سه‌ر ژیانیان.
لاى خۆیه‌وه‌ سه‌رۆكى دسته‌ وێڕاى به‌خێرهێنانیان ئاماژه‌ى به‌وه‌ كرد كه‌ پێویسته‌ ژیانێكى شایسته‌ بۆتان دابین بكرێت و رۆڵى خۆتان بدرێتى له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌و ته‌نانه‌ت له‌كاروبارى حكومه‌ت و به‌رێوه‌بردن و له‌هه‌مان كاتدا ئه‌ركى حكومه‌ت به‌ده‌نگ داواكاریه‌كانتانه‌وه‌ بێت به‌تایبه‌تى لایه‌نى په‌یوه‌ندیدار وه‌ دواتر وتى بابه‌تى كه‌مكردنه‌وه‌ى موچه‌كانتان له‌ 150 هه‌زاره‌وه‌ بۆ 90 هه‌زار وه‌ به‌شێكى تریان بۆ 60 هه‌زار زه‌قترین پێشیلكاریه‌ به‌رامبه‌ر خاوه‌ن پێداوویستى تایبه‌ته‌كان و ته‌نانه‌ت پێچه‌وانه‌ى رێنماییه‌كانى بریارى پاشه‌كه‌وتى موچه‌یه‌ كه‌ حكومه‌ت خۆى بریارى دابو هه‌ر موچه‌یه‌ك له‌ 300 هه‌زار كه‌متر بێت كه‌مناكرێته‌وه‌.
له‌ته‌وه‌رێكى ترى گفتوگۆیه‌كه‌دا سه‌رۆكى ده‌سته‌ تیشكى خسته‌ رۆڵى ده‌سته‌ بۆ گرنگى دان به‌ مافه‌كانى خاوه‌ن پێداویستى تایبه‌ت و وتى به‌رده‌وام له‌راپۆرته‌كانیشمان گرنگى تایبه‌تمان به‌و بابه‌ته‌ داوه‌و هه‌میشه‌ داواكارى و كێشه‌كانى ئێوه‌مان خستۆته‌ به‌ر چاوى به‌رپرسان و لایه‌نى په‌یوه‌ندیدار.
له‌ته‌وه‌رێكى تردا سه‌رۆكى ده‌سته‌ ئاماژه‌ى به‌وه‌ كرد كه‌ پێویسته‌ له‌ناو كۆمه‌ڵگاش گرنگى به‌تواناى خاوه‌ن پێداویستى یه‌كان بدرێت و به‌شدار بكرێن له‌ زۆر بابه‌ت كه‌ ده‌توانن رۆڵ بگێرن و وه‌ك هه‌ر تاكێكى ترى كۆمه‌ڵ چونكه‌ مه‌رج نیه‌ كه‌مئه‌ندامیه‌كه‌ى بوبێته‌ رێگر له‌داهێنان و كاركردن.
دواتر به‌رێوه‌به‌رى گشتى فه‌رمانگه‌ى یاساو پاراستنى مافى مرۆڤ تیشكى خسته‌ سه‌ر چه‌ند بابه‌تێك كه‌ وه‌ك ده‌سته‌ كاریان له‌سه‌ر كردوه‌و وتى پێویسته‌ به‌هه‌ماهه‌نگى كاربكه‌ین له‌سه‌ر هه‌موار كردنه‌وه‌ى یاساى خاوه‌ن پێداویستى یه‌كان.
له‌كۆتاییدا سه‌رۆكى ده‌سته‌ جه‌ختى له‌سه‌ر پشتیوانى كردنى ده‌سته‌ كرده‌وه‌ بۆ داواكاریه‌كانیان و به‌دوا داچون بۆ ئه‌و كێشه‌و گرفتانه‌ى په‌یوه‌سته‌ به‌ژیان و داواكاریه‌كانیان .

Share This