ئه‌مرۆ 22/1 سه‌رۆكى ده‌سته‌ى سه‌ربه‌خۆى مافى مرۆڤ (ضياء بطرس صليوا ) له‌دیوانى ده‌سته‌ پێشوازى كرد له‌شاندێكى وه‌زاره‌تى دادى حكومه‌تى فیدراڵى به‌سه‌رۆكایه‌تى ( احمد عبدالكریم المعینى) بریكارى وه‌زیرو یاوه‌رى ( د.محمد تركى و مهند فۆاد) .
سه‌ره‌تا شانده‌كه‌ دواى سوپاسیان بۆ سه‌ردانى كردنى هه‌رێمى كوردستان و دواتر تیشكیان خسته‌ سه‌ر ئامانجى سه‌ردانه‌كه‌یان كه‌ بریتى یه‌ له‌ قسه‌ كردن له‌سه‌ر راپۆرتى تایبه‌ت به‌ ( جیاكارى ڕه‌گه‌زى) كه‌ ئه‌ركه‌كه‌ى به‌و شانده‌ سپێردراوه‌ وه‌ك به‌شێك له‌ڕاپۆرتى عێراق له‌كۆبونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى مافه‌كانى مرۆڤ .
وه‌ وتیان بۆ ئه‌وه‌ى ڕاپۆرته‌كه‌ ته‌واوى عێراق له‌خۆ بگرێت پێویسته‌ به‌شى هه‌رێمى كوردستانى تێدابێت وهاتوین تا له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ى هه‌رێمى كوردستان و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانى تر هه‌ماهه‌نگى بكه‌ین و هاوكارمان بن له‌و باره‌وه‌.
دواتر سه‌رۆكى ده‌سته‌ دواى به‌خیرهینانى شانده‌كه‌ ئاماژه‌ى به‌چه‌ند پرسێكى تایبه‌ت كردو وتى وه‌ك ده‌سته‌ په‌یوه‌ندی و هه‌ماهه‌نگیمان هه‌بوه‌ له‌گه‌ل وه‌زاره‌تى مافى مرۆڤ و كۆمسیۆنى مافى مرۆڤى عێراقى به‌تایبه‌ت له‌كاتى ئاماده‌ كردنى ڕاپۆرتى پانۆراماى خولى گشتگیر له‌ساڵى 2014.
به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ سه‌ره‌راى هه‌مو هاوكاریه‌كان حكومه‌تى ناوه‌ند كه‌مته‌رخه‌م بوه‌ به‌رامبه‌ر هه‌رێمى كوردستان به‌تایبه‌ت له‌به‌شدارى نوێنه‌رى هه‌رێمى كوردستان له‌كۆنفراس و كۆبونه‌وه‌ نێو ده‌وڵه‌تیه‌كان بۆیه‌ پێویسته‌ حكومه‌تى ناوه‌ند به‌گوێره‌ى ده‌ستور مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان بكات.ناكرێت ئێمه‌ ته‌نها له‌ نوسینى راپۆرت به‌شداربین پێویسته‌ وه‌ك هه‌رێمى كوردستان و به‌تایبه‌تى ده‌سته‌ى مافى مرۆڤ نوێنه‌رایه‌تى هه‌رێمى كوردستان بكات.
سه‌باره‌ت به‌ رۆڵى ده‌سته‌ى مافى مرۆڤ له‌سه‌ر راپۆرتى پانۆراماى خولى گشتگیر سه‌رۆكى ده‌سته‌ ئاماژه‌ى به‌و كارانه‌ كرد كه‌ تا ئێستا چى كراوه‌ له‌و باره‌وه‌و وتى به‌سه‌ر په‌رشتى یۆنامى و نوینه‌رى فه‌رمانگه‌ى په‌یوه‌ندیه‌كانى ده‌ره‌وه‌و چه‌ند وه‌زاره‌تێك لیژنه‌یه‌كى باڵا دروست كراو له‌رێگه‌ى حه‌وت لیژنه‌ى لاوه‌كیه‌وه‌ كاره‌كانى خۆیان ته‌واو كردو راسپارده‌كانیان له‌رێگه‌ى راپۆرتێكه‌وه‌ ئاراسته‌ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران كردوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌وانیش دواى ڕه‌زامه‌ندى له‌كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانى رایبگه‌ینین و دواتر ئاراسته‌ى لایه‌نى په‌یوه‌ندیدارى بكه‌ین له‌حكومه‌تى ناوه‌ند.
ئینجا سه‌رۆكى ده‌سته‌ ئاماژه‌ى به‌چه‌ند پرسێك كرد به‌تایبه‌ت به‌ڕه‌وشى مافى مرۆڤ له‌عێراق و ئه‌و یاسایانه‌ى له‌ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران ده‌رده‌چن وتى پێویسته‌ یاسا دانه‌رى عێراقى و ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران ئاشنا بن به‌یاساكان و ئه‌و رێكه‌وتنامانه‌ى كه‌ عێراق واژووى كردوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى له‌كاتى ده‌كردنى یاساكان پێچه‌وانه‌ نه‌بێت له‌گه‌ل بنه‌ماكانى مافى مرۆڤ.
سه‌باره‌ت به‌كاره‌كانى ئه‌و لیژنه‌ش كه‌ تایبه‌ته‌ به‌جیاكارى ڕه‌گه‌زى سه‌رۆكى ده‌سته‌ ئاماژه‌ى به‌وه‌ كرد كه‌ وه‌ك ده‌سته‌ ئاماده‌ى هه‌مو هاوكاریه‌كان و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش وه‌ك ده‌سته‌ لیژنه‌یه‌كى تایبه‌تمان هه‌یه‌و رامان سپاردوون كه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ هاوكاربن .
له‌كۆتاییدا هه‌ردوولا رێكه‌وتن له‌سه‌ر په‌ره‌پێدان به‌په‌یوه‌ندى هه‌ردوولا به‌تایبه‌ت كه‌ له‌ ئێستادا به‌نوسراوى فه‌رمى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى عێراق كاره‌كانى تایبه‌ت به‌مافى مرۆڤ و راپۆرت نوسین به‌وه‌زاره‌تى داد سپێردراوه‌ و له‌لایه‌ن لیژنه‌یه‌كى تایبه‌ته‌وه‌ سه‌رپه‌رشتى ده‌كرێت.

Share This