ئه‌مرۆ 30/5 شاندێكى سه‌نته‌رى باهۆز بۆ راهێنانى خاوه‌ن پێداویستى تایبه‌ت سه‌ردانى ده‌سته‌یان كردو له‌لایه‌ن (ضياء بطرس صليوا) سه‌رۆكى ده‌سته‌ى مافى مرۆڤ پێشوازى كران .
شانده‌كه‌ خۆشحاڵى خۆیان ده‌ربرى بۆ دیداره‌كه‌ى سه‌رۆك و شاندى ده‌سته‌و ئاماژه‌یان به‌وه‌ كرد كه‌ مه‌به‌ستیانه‌ په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ ببه‌ستن چونكه‌ ده‌زگایه‌كى باڵاى تایبه‌تمه‌نده‌ به‌پاراستنى مافى مرۆڤ له‌هه‌رێمى كوردستان .
ئینجا تیشكیان خسته‌ سه‌ر ئامانجى سه‌ردانه‌كه‌یان و كورته‌یه‌ك له‌به‌ش و كاره‌كانى سه‌نته‌ره‌كه‌یان بۆ سه‌رۆكى ده‌سته‌ شى كرده‌وه‌ وتیان سه‌نته‌ره‌كه‌مان گرنگى به‌راهێنانى منداڵانى توشبو به‌ ئۆتیزم ده‌دات و له‌سه‌ر ده‌ستى پسپۆرانى بیانى وه‌ به‌تایبه‌ت منداڵانى توشبو به‌شه‌له‌ل و منداڵانى توشبو به‌كێشه‌ى ده‌رونى و منداڵانى كه‌م بیست و كه‌م دوو , وه‌ له‌و دیداره‌ شاندى ناوبراو ئه‌وه‌یان خسته‌ ڕوو كه‌ رۆژانه‌ ژماره‌ى توشبوان به‌ئۆتیزم زیاد ده‌كات و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش پسپۆرو شاره‌زاى ئه‌و بواره‌ له‌هه‌رێم وه‌ك پێویست نیه‌.
لاى خۆیه‌وه‌ سه‌رۆكى ده‌سته‌ ئاماژه‌ى به‌وه‌ كرد كه‌ پێویسته‌ به‌ ووردى چاودێرى ته‌ندروستى منداڵان بكرێت چونكه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ئایینده‌یه‌كى گه‌ش بۆ منداڵان دابین بكرێت و نه‌وه‌یه‌كى ته‌ندروست بونیات بنێن پێویسته‌ گرنگى به‌ته‌ندروستى منداڵان بده‌ین .
وه‌ وتى نه‌خۆشى ئۆتیزم زۆر هه‌ستیاره‌و جۆرى زۆره‌ له‌ ئیستادا بۆته‌ نه‌خۆشى سه‌رده‌م و له‌هه‌رێم بڵاوه‌و پێویسته‌ گرنگى به‌چاره‌سه‌رى بدرێت به‌تایبه‌ت له‌ رێگه‌ى دابین كردنى پسپۆرى تایبه‌ت بۆ چاودێرى و راهێنان ، چونكه‌ ئه‌و نه‌خۆشیه‌ كاریگه‌رى له‌سه‌ر خێزان و كۆمه‌ڵگه‌ هه‌یه‌.
له‌درێژه‌ى باسه‌كه‌ى سه‌رۆكى ده‌سته‌ ئاماده‌یى ده‌سته‌ى ده‌ربرى بۆ هاوكارى و هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ سه‌نته‌ره‌كه‌ له‌رێگه‌ى دروست كردنى په‌یوه‌ندى به‌رێكخراوه‌ نێوده‌وله‌تیه‌كان بۆ دابین كردنى پێداویستى و راهێنان.
له‌كۆتاییدا هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌سه‌ر به‌رده‌وامى په‌یوه‌ندیه‌كان كردو چاودێرى كردنى ئه‌و كه‌یسه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نى په‌یوه‌ندیدار بۆ كه‌م كردنه‌وه‌ى توشبوانى ئه‌و نه‌خۆشیه‌و دۆزینه‌وه‌ى رێگه‌ چاره‌ى زانستى و پزیشكى بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و منداڵانه‌ چاره‌سه‌ر بكرێنه‌وه‌ بگه‌رێنه‌وه‌ ناو كۆمه‌ڵگه‌.

Share This