له‌میانه‌ى پێشوازى كردنى سه‌رۆكى ده‌سته‌ى مافى مرۆڤ (ضياء بطرس صليوا) و شاندى یاوه‌رى له‌پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ له‌لایه‌ن پارێزگارى شاره‌كه‌ (على عوسمان) و قائمقامى هه‌ڵه‌بجه‌ ( نوخشه‌ ناسح)هه‌ردوولایان به‌تێرو ته‌سه‌لى باشى ڕه‌وشى شارى هه‌ڵه‌بجه‌و كه‌م و كوڕى و پێداویستیه‌كانى شاره‌كه‌یان كرد.
پارێزگار وتى هاتنى شانده‌ى ده‌سته‌ى مافى مرۆڤ بۆ هه‌ڵه‌بجه‌ گرنگى خۆى هه‌یه‌ چونكه‌ هه‌میشه‌ پێویستى به‌ پاڵپشتى ده‌زگاكانى مافى مرۆڤ هه‌یه‌ به‌هۆى ئه‌و كاره‌سات و زوڵم و پێشیلكارى و تاوانه‌ گه‌وره‌ى به‌رامبه‌ر ئه‌و شاره‌ كراوه‌.
دواتر وتى له‌شارى هه‌ڵه‌بجه‌ كه‌س میوان نیه‌و هه‌مو كه‌س له‌و شاره‌ هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌ بۆیه‌ خزمه‌تكردنیشى ئه‌ركى هه‌مو كه‌سه‌.
ئینجا تیشكى خسته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ هێشتا شاره‌كه‌ پێویستى به‌ده‌یان پرۆژه‌ هه‌یه‌ له‌سه‌رجه‌م سێكته‌ره‌كان و ده‌ستى ئاوه‌دانى وه‌ك پێویست نیه‌و بودجه‌ى شاره‌كه‌ له‌ئاست گه‌وره‌یى شاره‌كه‌و ئیداره‌ى به‌رێوه‌بردنى پارێزگا نیه‌.
وه‌ وتى پێویسته‌ ده‌سته‌ى مافى مرۆڤ رۆڵى خۆى ببینێت له‌دروست كردن و هێنانى ئه‌و رێكخراوه‌ نێو ده‌وڵه‌تیانه‌ى كه‌ مه‌به‌ستیانه‌ پرۆژه‌ پێشكه‌ش بكه‌ن .
دواتر سه‌رۆكى ده‌سته‌ى مافى مرۆڤ وێراى خۆشحاڵى خۆى بۆ سه‌ردانه‌كه‌و وتى ئه‌مرۆ هاتوین له‌و شاره‌و له‌سه‌ر گڵۆى شه‌هیدان به‌لێنى وه‌فا دوپات بكه‌ینه‌وه‌ بۆ رۆحى ئه‌و شه‌هیدانه‌و بتوانین چى به‌ ئێمه‌ بكرێت بۆ خزمه‌تى ئه‌و شاره‌ درێغى ناكه‌ین.
دواتر وتى به‌داخه‌وه‌ پێویست بو زیاتر ئاوڕ له‌و شاره‌ بدرێـته‌وه‌و خزمه‌ت بكرێـت چونكه‌ به‌گوێره‌ى زانیاریه‌كانى ئێمه‌ هێشتا ده‌یان كه‌م و كوڕى هه‌یه‌ به‌تایبه‌ت نه‌بونى چه‌ند دام و ده‌زگایه‌ك كه‌ بۆ شاره‌كه‌ گرنگن یان كه‌مى بیناى حكومى چونكه‌ زۆربه‌ى زۆرى فه‌رمانگه‌كان له‌خانوى كرێن وه‌ نه‌بونى دكتۆرو كارمه‌ندى پسپۆر له‌شاره‌كه‌ به‌گرفتێكى گه‌وره‌ داده‌نرێت وه‌ نه‌بونى به‌رێوبه‌رایه‌تى توندوتیژى دژ به‌ژنان و نه‌بونى بیناى گرتن گواستنه‌وه‌ ئه‌وانه‌ كاریگه‌ریان ده‌بێت له‌سه‌ر دروستى زانیاریه‌كان له‌و ده‌ڤه‌ره‌.
ئینجا له‌درێژه‌ى باسه‌كه‌ سه‌رۆكى ده‌سته‌ وتى به‌داخه‌وه‌ هێشتا ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى شاره‌كه‌ ده‌ست به‌كارنه‌بوه‌و ئه‌وه‌ش هێنده‌ى تر كاریگه‌رى له‌سه‌ر پرۆژه‌ خزمه‌تگوزاریه‌كان كردوه‌و بۆیه‌ پێویسته‌ هه‌رچى زووه‌ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ئه‌و بابه‌ته‌ چاره‌سه‌ر بكات و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانیش هاوكار بن بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ ده‌ست به‌كاربن.
وه‌ وتى پێویسته‌ وه‌زاره‌تى شه‌هیدان و ته‌ندروستى و ئاوه‌دان كردنه‌وه‌ كاره‌كانیان رێك بخه‌نه‌وه‌و به‌پێ ى پسپۆرى كاره‌كان هه‌ریه‌ك له‌سێكته‌رى خۆى كاربكات به‌تایبه‌ت ئه‌وه‌ى په‌یوه‌سته‌ به‌ چاره‌سه‌رو ناردنه‌ ده‌ره‌وه‌ى بریندارانى كیمیاباران و كه‌یسى منداڵه‌ ونبوه‌كان و ئاوه‌دان كردنه‌وه‌ى شاره‌كه‌.
له‌كۆتاییدا هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌سه‌ر پته‌وكردنى په‌یوه‌ندیه‌كان و هه‌ماهه‌نگى نێوانیان كرده‌وه‌.

Share This