ئه‌مرۆ 23/5 سه‌رۆكى ده‌سته‌ى مافى مرۆڤ ( ضياء بطرس صليوا) به‌سه‌رۆكایه‌تى شاندێكى باڵاى ده‌سته‌ گه‌یشته‌ شارى سلێمانى و له‌یه‌كه‌م وێستگه‌ى سه‌ردانه‌كه‌ى سه‌رۆكایه‌تى داواكارى گشتى سلێمانى به‌سه‌ر كرده‌وه‌و له‌لایه‌ن دادوه‌ر به‌ختیار ئةمين سه‌رۆكى داواكارى گشتى پێشوازى كران .
سه‌رۆكى ده‌سته‌ تیشكى خسته‌ سه‌ر ئامانجى سه‌ردانه‌كه‌ى و وتى به‌لاى ئێمه‌وه‌ وه‌ك ده‌سته‌ى مافى مرۆڤ داواكارى گشتى گرنگى زۆرى هه‌یه‌و بۆیه‌ش یه‌كه‌م وێستگه‌ى سه‌ردانه‌كه‌مان بۆ لاى ئێوه‌یه‌و ده‌مانه‌وێ لێره‌وه‌ گفتوگۆ بكه‌ین له‌سه‌ر چه‌ند بابه‌تێك كه‌ بۆ هه‌ردوو ده‌زگا گرنگه‌و به‌شێكه‌ له‌ئه‌ركه‌كانمان و هه‌ردوولامان یه‌ك ئامانجانمان هه‌یه‌ كه‌ بریتى یه‌ له‌ پارێزگارى كردن له‌مافى خه‌ڵك.
وه‌ ئاماژه‌ى به‌چه‌ند پرسێك كردو وتى ده‌كرێ داواكارى گشتى زیاتر كارا بكرێت و به‌دواى جوڵاندنى كه‌یسه‌كان بێت وه‌ وتى بابه‌تى مادده‌ى هۆشبه‌ر له‌ ئێستادا یه‌كێكه‌ له‌و پرسانه‌ى كه‌ خه‌ریكه‌ ببێته‌ دیارده‌و له‌زیاد بوندایه‌ وه‌ چاره‌سه‌رى ئه‌وه‌ش ته‌نها به‌وه‌ ناكرێت كه‌ ئه‌و خه‌ڵكه‌ ده‌ستگیر بكرێت كه‌ به‌كارى ده‌هێنێت به‌ڵكو پێویسته‌ شێوازه‌كانى رووبه‌روبونه‌وه‌ى پته‌وتر بكرێت و ده‌زگا ئه‌منیه‌كان راهێنانیان پێ بكرێت بۆ چۆنیه‌تى ئاشكراكردن و ناسینه‌وه‌ى جۆره‌كان و به‌كارهێنه‌ران .
ئینجا وتى دیارده‌ى چه‌كدارى یه‌كێكه‌ له‌و پرسانه‌ى كه‌ بۆته‌ مایه‌ى كێشه‌و زیاد بونى تاوان و پیشلكاریه‌كان وئێمه‌ ماوه‌ى سالێكه‌ ده‌لێین پێویسته‌ ئه‌و دیارده‌ كۆنترۆڵ بكرێت و نابێت چه‌ك لاى هاوڵاتى بێت و دیارده‌یه‌كى ناشارستانیه‌.
دواتر سه‌رۆكى داواكارى گشتى وێراى جه‌خت كردنه‌وه‌ له‌سه‌ر بیرو راكانى سه‌رۆكى ده‌سته‌و وتى ده‌كرێ هه‌ردوولا هاوكار بین و ته‌واو كه‌رى یه‌كتر بین .
وه‌ وتى به‌داخه‌وه‌ دیاره‌ى چه‌كدارى زیاد بوه‌و به‌ئاشكرا چه‌ك له‌بازاره‌كان ده‌فرۆشرێت و هێشتا كۆنترۆڵ نه‌كراوه‌.
ئینجا وتى زۆر جار سستى هه‌بوه‌ له‌یه‌كلا كردنه‌وه‌ى كه‌یسه‌كان و ته‌واو بونیان له‌ماوه‌ى یاسایى خۆیان كه‌ ئه‌وه‌ش كاریگه‌رى له‌سه‌ر كه‌یسه‌كان بوه‌.
له‌كۆتاییدا هه‌ردولا جه‌ختیان له‌سه‌ر پته‌و كردن و هه‌ماهه‌نگى نێوانیان كرده‌وه‌

Share This