ماوه‌یه‌كه‌ به‌تایبه‌ت له‌دوای ڕووداوه‌كانی 16 ی ئۆكتۆبه‌ری 2017 ، چه‌ندان بریار له‌لایه‌ن ئیداره‌ی پارێزگای كركوك و پارێزگاری به‌وه‌كاله‌تی ئه‌و شاره‌ ده‌ركراوه‌ به‌رامبه‌ر ناوچه‌ كورد نشینه‌كان و زه‌ویه‌ كشتوكاڵیه‌كان كه‌ پێچه‌وانه‌ی ده‌ستوری هه‌میشه‌یی عێڕاق به‌تایبه‌تی ماده‌ی 140 ی ده‌ستوره‌ سه‌باره‌ت به‌ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان.

ئه‌و هه‌وڵانه‌ی پارێزگاری كركوك به‌وه‌كاله‌ت هیچ خزمه‌ت به‌ پێكه‌وه‌ ژیان و ئاسایی كردنه‌وه‌ی ئه‌و بارودۆخه‌ ناكات كه‌ ماوه‌ی دوو ساڵه‌ دروست بوه‌ له‌و ناوچانه‌. وه‌ ئیمه‌ لامان وایه‌ ده‌كردنی خه‌ڵكی ڕه‌سه‌نی گونده‌كانی سنوری سه‌رگه‌ڕان و مخمورو خانه‌قین و داگیركردنی زه‌ویه‌كانیان و سوتانی به‌روبومه‌كشتوكاڵیه‌كانیان به‌ ئاشكرا به‌به‌رچاوی سوپاو هێزه‌ عێڕاقیه‌كان به‌شێكه‌ له‌هه‌وڵی ته‌عریب كردن و داگیركردنی موڵك و ماڵی هاوڵاتیان به‌ زه‌بری هێزو پشتیوانی هێزه‌ عێڕاقیه‌كان له‌و ناوچانه‌ ئه‌وه‌ش به‌شێكه‌ له‌ گۆڕینی دیمۆگرافیای ئه‌و ناوچانه‌ كه‌  پێچه‌وانه‌ی (( مادده‌ی 23/ سێ یه‌م / بڕگه‌ی (ب)) ی ده‌ستوری عێڕاقه‌.

به‌داخه‌وه‌ش له‌و ڕووداوانه‌و ته‌نانه‌ت له‌دوای ڕووداوه‌كانی 16 ی ئۆكتۆبه‌ر ، سوپاو هێزه‌ عێڕاقیه‌كان نه‌یانتوانی بێ لایه‌نانه‌ مامه‌ڵه‌ بكه‌ن وه‌ك سوپایه‌كی نیشتمانی به‌ڵكو له‌سه‌ر بنه‌مای تائیفی و نه‌ته‌وه‌یی ، بونه‌ به‌شێك له‌ پرس و كێشه‌ سیاسی یه‌كان و له‌جیاتی پارێزگاری كردن له‌خه‌ڵكی هه‌موو عێڕاق به‌یه‌ك چاو ، ئه‌وه‌ش به‌شێكه‌ له‌جیاكاری و له‌كاتێكدا عێراق ‌پابه‌نده‌ به‌رێكه‌وتنامه‌ی دژی جیاكاری (ضد تمييز العنصري ) . به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ به‌رامبه‌ر كورده‌كانی ناوچه‌كانی مادده‌ی 140 هێزیان به‌كارهێناو زۆربه‌شیان ده‌كردن و خه‌لكه‌كه‌ش ئاواره‌ بون.

له‌هه‌مان كاتدا ده‌بنین له‌ خانه‌قین به‌هه‌مان شێوه‌ غه‌در له‌هاوڵاتیانی ئه‌و شاره‌ ده‌كرێ به‌به‌رچاوی پۆلیس و هێزه‌كانی سوپاو خه‌ڵك ده‌كوژرێ و هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌ركردن له‌كوردان و خه‌ڵكی تر ده‌كرێ و ده‌غڵ و دانیان ده‌سوتێنن ، تا ئێستاش نه‌حكومه‌تی عیڕاق و نه‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و نه‌ كۆمسیۆنی باڵای مافه‌كانی مرۆڤی عێڕاق هیچ هه‌ڵوێستێكی فه‌رمیان نه‌بوه‌ بۆ ڕێگری كردن له‌و تاوانانه‌.

ئه‌و كرده‌وانه‌و هه‌وڵانه‌ ئاماژه‌ی مه‌ترسیدارن بۆ ئایینده‌ی عیڕاق و پێكه‌وه‌ ژیان و ته‌نانه‌ت مانه‌وه‌ی عێڕاق به‌یه‌كگرتوویی و پاراستنی سه‌روه‌ری ئه‌و وڵاته‌ش و پێویسته‌ حكومه‌تی عیڕاق هه‌رچی زووه‌ ڕێگری بكات له‌و خه‌ڵكانه‌و پارێزگاری له‌سه‌روه‌ت و ماڵ و ژیانیان بكات .

ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانیش لیژنه‌ی تایبه‌ت بنێری بۆ به‌دوا چونی ڕاستیه‌كان و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ ڕووداوه‌كان و ئاسایی كردنه‌وه‌ی بارودۆخه‌كه‌و هه‌وڵی بانكگردنی به‌رپرسانی ئه‌و ناوچانه‌ بدات بۆ لێپرسینه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌و ڕووداوانه‌ ،به‌تایبه‌ت نوێنه‌رانی شاری كركوك له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران به‌رپرسیارێتی زیاتریان ده‌كه‌وێته‌ سه‌رشان بۆ ئه‌وه‌ی هه‌وڵه‌كانیان چربكه‌نه‌وه‌ بۆگه‌یاندنی ده‌نگی خه‌ڵكی ئه‌و شاره‌و پارێزگاری كردن لێ یان . چونكه‌ هه‌موو لا ده‌زانین هێشتا مه‌ترسی داعش و گروپه‌ تیرۆریستیه‌كان له‌و ناوچانه‌ ته‌واو نه‌بونه‌و هیشتا مه‌ترسین بۆ سه‌ر هه‌ندێ ناوچه‌و جموجۆلیان هه‌یه‌ ناكرێ ئه‌وه‌ له‌به‌رچاو نه‌گیرێ و هه‌مان هه‌ڵه‌ی 2014 دوباره‌ بێته‌وه‌ كاتێك گروپی تیرۆریستی داعش به‌هۆی كه‌مته‌رخه‌می هه‌ندێ به‌رپرسی ئیداری و سه‌ربازی عێراق توانیان ده‌ست به‌سه‌ر چه‌ند پارێزگایه‌ك بگرن و ده‌یان تاوانی مرۆییان ئه‌نجامدا، بۆیه‌ پێویسته‌ هێزه‌كانی سوپای عێڕاق زیاتر به‌وه‌ خه‌ریك بن ڕووبه‌ڕوی ئه‌و چه‌كدارو مه‌ترسیه‌كانی تیرۆریستان ببنه‌وه‌و نه‌بنه‌ به‌شێك له‌ململانێ كان و به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ڕۆڵی هه‌ماهه‌نگی و پارێزگاری ببینن له‌مافی هاوڵاتیان به‌گشتی . هه‌ر لێره‌وه‌ش به‌ پێویستی ده‌زانین كه‌ نوسینگه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان بۆ هاوكاری عیڕاق (unami) له‌و بابه‌ته‌ ئاگادار بكه‌ینه‌وه‌و ئه‌وانیش رۆڵی خۆیان بگێڕن بۆ ئاسایی كردنه‌وه‌ی ئه‌و بارودۆخه‌ی له‌و ناوچانه‌ دروست بوه‌ ، فشار له‌حكومه‌تی عێڕاق بكه‌ن كه‌ ڕێگه‌ نه‌دات پلانی ده‌ركردنی هاوڵاتیانی كوردو ته‌عریب كردن له‌و ناوچانه‌ به‌ڕێوه‌ ببرێت و هه‌وڵ بده‌ن هه‌موولا پاپه‌ند بكه‌ن به‌جێ به‌جێ كردنی ده‌ستورو مادده‌ی 140 له‌پێناو ئاسایی كردنه‌وه‌ی بارودۆخی ئه‌و ناوچانه‌ی كێشه‌یان له‌سه‌ره‌.

ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ

21 ی ئایاری _ 2019

Share This