ئه‌مرۆ 15 / 10 شاندێكی باڵای ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ به‌سه‌رۆكایه‌تی (ضياء بطرس صليوا) سه‌رۆكی ده‌سته‌وبه‌ یاوه‌ری ( تاڤگه‌ عمر) به‌رێوه‌به‌ری گشتی فه‌رمانگه‌ی یاسایی و مافی مرۆڤ و( ڤیان جلال ) به‌ڕێوه‌به‌ری نوسینگه‌ی سه‌رۆكی ده‌سته‌ ( محمدگۆمه‌شینی ) وته‌بێژی فه‌رمی ده‌سته‌ سه‌ردانی سه‌رۆكایه‌تی داواكاری گشتی هه‌رێمی كوردستانیان كردو له‌لایه‌ن ( ئازادحسن خۆشناو) سه‌رۆكی داواكاری گشتی و ( مروان بڕهان ) سه‌رۆكی فه‌رمانگه‌ی داواكاری گشتی هه‌ولێره‌وه‌ پیشوازی كران.

له‌ دیداره‌كه‌دا هه‌ردوولا گفتوگۆیان كرد له‌سه‌ر چه‌ند خاڵێكی گرنگ و په‌یوه‌ست به‌مافه‌كانی مرۆڤ و كاری هاوبه‌ش وه‌ك بونی حاڵه‌ته‌كانی ئه‌شكه‌نجه‌ له‌قۆناغه‌كانی لێكۆلینه‌وه‌ له‌بنكه‌كانی لێكۆڵینه‌وه‌و هه‌ردولاش ئه‌و حاڵه‌ته‌یان به‌ پیشێل كردنی یاساو بنه‌ماكانی مافی مرۆڤ له‌قه‌ڵه‌مدا وه‌ تیشك خرایه‌ سه‌ر ڕه‌وشی چاكسازی و به‌ندیخانه‌كان و هه‌نگاوه‌كانی جێ به‌جێ كردنی یاسای لێبوردنی گشتی و سزای له‌ سێداره‌دان .

هه‌روه‌ها له‌دانیشتنكه‌ گفتوگۆ كرا سه‌باره‌ت به‌  ڕاگیراوان و به‌ندكراوانی سیاسی و بیانی وڵاتان و چاره‌نوسیان به‌پێ ی یاساكانی هه‌رێم و عێراق و پاراستنی مافه‌كانیان له‌ چوارچێوه‌ی مافه‌كانی مرۆڤ.

بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌و پرسه‌ هاوبه‌شه‌كان سه‌رۆكی ده‌سته‌ی مافی مرۆڤ ئاماژه‌ی به گرنگی‌ هه‌ماهه‌نگی هه‌ردوو ده‌زگا كردوو ئه‌وه‌شی به‌سته‌وه‌ به‌ كاری هاوبه‌ش به‌ واژوو كردنی یاداشتی لێك تێگه‌یشتن بۆ كاری هاوبه‌ش و پلانی كاری داهاتوو، وه‌ وتی هه‌ركات ئه‌و دوو ده‌زگایه‌ له‌هه‌ر وڵات و شوینێك به‌هێزبن و كاری خۆیان بكه‌ن ئه‌وه‌ مافه‌كانی هاوڵاتیان زامن ده‌بێت و یاسا سه‌روه‌ر ده‌بێت.

وه‌ هه‌ر له‌میانه‌ی وته‌كانیدا سه‌رۆكی ده‌سته‌ وتی پێویسته‌ له‌مه‌ودوا له‌و پرسانه‌ی هاوبه‌شن و په‌یوه‌ستن به‌ پاراستنی مافه‌كانی مرۆڤ و مافی گشتی و ده‌ست نیشانكردنی پیشێلكاریه‌كان به‌رامبه‌ر چین و تویژه‌كان به‌دوا داچونی هاوبه‌ش و په‌یامی هاوبه‌شیان هه‌بێت وه‌ك فشار بۆ سه‌ر لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار بۆ چاره‌سه‌ر كردن و به‌دوا داچون و داكۆكی كردن له‌مافه‌كانی مرۆڤ.

دواتر سه‌رۆكی داواكاری گشتی خۆشحاڵی خۆی ده‌ربڕی به‌ سه‌ردانه‌كه‌و ئاماژه‌ی به‌ گرنگی كاره‌كانی ده‌سته‌ی مافی مرۆڤ كردو وتی داواكاری گشتی خۆی به‌ پارێزه‌ری مافی هاوڵاتیان ده‌زانێت و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش هه‌نگاوی گه‌وره‌ نراوه‌و ئه‌وه‌شی هه‌یه‌ وه‌ك ڕێگری سه‌ره‌كی خودی یاسای داواكاری گشتی و هیوادارین له‌خولی داهاتوی په‌رله‌مان ئه‌و بابه‌ته‌ش بخرێته‌ به‌رنامه‌ی كارو دسه‌ڵاته‌كانی داواكاری گشتی زیاتر بكرێت له‌وه‌ی ئێستاو یاساكه‌ هه‌موار بكرێته‌وه‌.

وه‌ وتی زۆرجار نه‌بونی هه‌ندێ ده‌سه‌ڵات و كار بۆته‌ هۆی كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر پرسه‌كان و دۆسیه‌كان و ئه‌وه‌ش له‌ده‌ره‌نجام كاریگه‌ری بۆ سه‌ر مافی گشتی ده‌بێت.

له‌كۆتاییدا هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌سه‌ر دیدارو كاری هاوبه‌ش كرده‌وه‌ له‌پیناو پارێزگاری كردن له‌مافه‌كانی مرۆڤ.

 

 

 

Share This