دوای ئه‌وه‌ی رۆژی شه‌مه‌ 16 ی ئایاری 2020 ژماره‌یه‌ك‌ هاوڵاتی له‌ شاری دهۆك گردبونه‌وه‌یه‌كیان ئه‌نجامدا به‌مه‌به‌ستی داواكردنی موچه‌كانیان و دواتر بووه‌ هۆی دروست بونی گرژی له‌نێوان خۆپیشانده‌ران و هێزه‌ ئه‌منیه‌كان و ژماره‌یه‌ك هاوڵاتی و رۆژنامه‌نوس له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منیه‌كان ده‌ستگیركران ، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ سه‌رۆكی ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ (ضياء بطرس صليوا) له‌گه‌ڵ یه‌كه‌م ساتی ده‌ست پێكردنی خۆپیشاندانه‌كان هاته‌ سه‌رخه‌ت و به‌رێوه‌به‌ری نوسینگه‌ی دهۆكی ڕاسپارد بۆ مه‌به‌ستی چاودێری وبه‌دوا داچونی خۆپیشاندانه‌كان و ده‌ستگیركراوه‌كان و بارودۆخه‌كه‌ ، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ به‌رێوه‌به‌ری نو‌سینگه‌ی دهۆك سه‌ردانی ده‌زگا ئه‌منیه‌كانی و لایه‌نی ئیداری و په‌یوه‌ندیداریان كردوو له‌نزیكه‌وه‌ گفتوگۆیان كرد سه‌باره‌ت به‌ڕه‌وشی شاری دهۆك و خۆپیشاندانه‌كان و ده‌ستگیركراوه‌كان و ئه‌و بارودۆخه‌ی به‌هۆی خۆپیشاندانه‌كانه‌وه‌ له‌ ڕۆژی 16  ئایار هاته‌ پێش ، وه‌ به‌گوێره‌ی به‌دوا داچونه‌كانی نوسینگه‌ی ده‌سته‌كه‌مان له‌ ئێستادا زۆربه‌ی ده‌ستگیركراوه‌كان ئازاد كراون و ته‌نها 10 كه‌س تا دوای نیوه‌ڕۆی 17 ی مانگ به‌بریاری دادوه‌ری دادگای لێكۆڵینه‌وه‌ی دهۆك ماون ، له‌ پێناو ڕێزگرتن له‌قۆناغی لێكۆڵینه‌وه‌كان نوێنه‌ری ده‌سته‌كه‌مان له‌ نوسینگه‌ی دهۆك نه‌یانتوانی ڕاگیراوه‌كان ببینن و بڕیاره‌ به‌یانی بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ سه‌ردانیان بكه‌نه‌وه‌و بۆ ئه‌وه‌ی له‌نزیكه‌وه‌ ئه‌وانیش ببینن و گفتوگۆیان له‌گه‌ڵ بكه‌ن و له‌ ڕه‌وشیان ئاگاداربن و به‌رده‌وام ده‌بین له‌به‌دوا داچون و دواتریش ده‌سته‌ی مافی مرۆڤ له‌سه‌ر كۆی ڕووداوه‌كان و خۆپیشاندانه‌كان ڕاپۆرتی خۆی ده‌بێت.

ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ بڕوای ته‌واوی به ئازادی ڕاده‌ربرین وپارێزگاری كردن له‌مافه‌كانی هاوڵاتیان هه‌یه‌ وه‌ك بنه‌مایه‌كی سه‌ره‌كی مافه‌كانی مرۆڤ و‌ پاڵشتی له‌ داواكانی هاوڵاتیان و موچه‌خۆران ده‌كات له‌ پێناو دابین كردنی ژیانێكی شایسته‌ ، و خۆپیشاندان و گردبونه‌وه‌ش مافێكی ڕه‌واو ئاسایی هاوڵاتیانه بۆ داواكردنی مافه‌كانیان‌ به‌ گوێره‌ی یاسا كارپێكراوه‌كان و ڕێنمایی یه‌كه‌ ئیداریه‌كان .

ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ له‌هه‌رێمی كوردستان

هه‌ولێر _ 17 ی ئایاری _ 2020

Share This