ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ كاره‌كانی ڕێكخراوه‌ مرۆییه‌كان وده‌زگا خێرخوازیه‌كان به‌رز ده‌نرخێنی له‌به‌هاناوه‌ هاتنی خه‌ڵكی هه‌ژارو داواش ده‌كات ڕه‌چاوی لایه‌نی مرۆیی و ده‌روونی هاوڵاتیان بكه‌ن له‌كاتی دابه‌ش كردنی هاوكاریه‌كانیان.

ئه‌مڕۆ كه‌ جیهان و ناوچه‌كه‌ به‌ قۆناغێكی سه‌خت و دژوار تێده‌په‌ڕن و مرۆڤایه‌تی كه‌وتۆته‌ ناو تاقی كردنه‌وه‌یه‌كی سه‌خت و هه‌موو جیهان گرفتاری ڤایرۆسی كۆرۆنا (covid_19) بونه‌و ژماره‌ی توشبوان تا ئه‌و ساته‌ له‌سه‌ر ئاستی جیهان نیو ملیۆن كه‌سی تێپه‌ڕاندوه‌ كه‌ زه‌نگێكی مه‌ترسیداره‌ بۆ مرۆڤایه‌تی و په‌تایه‌كی جیهانیه‌ كه‌ له‌لایه‌ن ته‌ندروستی جیهانی ڕاگه‌ینراوه‌.

ئه‌و بارودۆخه‌و گرتنه‌به‌ری رێكاری ئه‌منی و ته‌ندروستی و قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ له‌لایه‌ن وڵاتانه‌وه‌ ته‌واو كاریگه‌ری له‌سه‌ر ژیان و ئابوری جیهان كردووه‌و هه‌رێمی كوردستانیش به‌ده‌ر نه‌بوه‌ له‌ گرتنه‌ به‌ری ئه‌و ڕێوشوینانه‌ بۆ پاراستنی هاوڵاتیان و كه‌مكردنه‌وه‌ی زیانه‌كانی ئه‌و په‌تایه‌.بۆیه‌ له‌ ئیستادا ژیانی كۆی موچه‌خۆران وكرێكاران سه‌ختر بوه‌ كه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم بریاره‌ به‌پێ ی هه‌ندێ ڕینمایی تایبه‌تی موچه‌ دابه‌ش بكات  كه‌ هه‌نگاوێكی باشه‌ ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌و بارودۆخه‌ زیاتر ئه‌ركی سه‌رشانی قورس بوه‌و ژیانیان سه‌خته‌ ئه‌و كرێكارانه‌ن كه‌ كه‌ بژێوو قوتی ڕۆژانه‌یان له‌سه‌ر كاركردنی رۆژانه‌یان بووه‌ له‌ چینی هه‌ژارانی كۆمه‌ڵگه‌كه‌مانن زیاتر پێویستیان به‌ ئاوڕدانه‌وه‌و هاوكاری كردنه‌ .

ئێمه‌ له‌ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ ویڕای په‌رۆشیمان و به‌دوا داچونمان به‌تایبه‌ت بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ ژیانیان سه‌خته‌و ئه‌و بارودۆخه‌ كاریگه‌ری زیاتری له‌سه‌ریان بووه‌ له‌هه‌مان كاتدا ده‌ستخۆشی خۆمان ئاڕاسته‌ی سه‌رجه‌م ئه‌و ڕیكخراوو ده‌زگاو سه‌رمایه‌دارو كه‌سانه‌ ده‌كه‌ین كه‌ له‌و بارودۆخه‌ هاتونه‌ته‌ پێش و ده‌ستی هاوكاریان درێژ كردووه‌ بۆ خه‌ڵكی هه‌ژارو پێویست و ئه‌وه‌ كارێكی ته‌واوو مرۆیی و خێرخوازیه‌و شایسته‌ی رێزه‌ وه‌ پێمان وایه‌ كه‌ گرنگه‌ له‌و قۆناغه‌ ڕه‌چاوی دوو حاڵه‌ت بكه‌ن له‌كاتی دابه‌ش كردنی هاوكاریه‌كانیان.

یه‌كه‌م / گرنگه‌ زیاتر هاوكاریه‌كانیان بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ بێت كه‌ موچه‌ خۆر نین و داهاتی رۆژانه‌یان له‌سه‌ر كاركردنی رۆژ بوه‌و كرێكارو كاركه‌ری بازاڕو شه‌قام و ئازاد بونه‌و هیچ سه‌رچاوه‌یه‌كی تری داهاتیان نیه‌ له‌ موچه‌و هاوكاری تر جگه‌ له‌كاری رۆژانه‌ ، چونكه‌ ژیانی ئه‌وانه‌ له‌و بارودۆخه‌ له‌هه‌موو لایه‌ك قوڕستره‌.

دووه‌م / ئه‌وه‌ی گرنگه‌ ئه‌گه‌رچی هاوكاریه‌كان له‌ پێناو مرۆڤایه‌تیه‌و ئه‌و مافه‌ش بۆ ئه‌و ڕیكخراوو ده‌زگاو كه‌سانه‌ هه‌یه‌ كه‌ وه‌ك هه‌ندێ ڕێكاری ره‌سمی و ئیداری  خۆیان وێنه‌ی هاوكاریه‌كان‌ بگیرێ له‌كاتی دابه‌ش كردنی  به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرنگه‌ نابێ وێنه‌ی ئه‌و كه‌س و خه‌ڵكه‌ بڵاو بكرێته‌وه‌ له‌ كه‌ناڵه‌كانی ڕاگه‌یاندن و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و ده‌بێ پابه‌ندی ڕێكارو بنه‌ما مرۆییه‌كان بن و ڕه‌چاوی لایه‌نی مرۆیی و ده‌روونی بكه‌ن.

هیوای ته‌ندروستی و سه‌لامه‌تی بۆ هه‌موو هاونیشتمانی كوردستان ده‌خوازین و جه‌خت له‌وه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ داوا له‌هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ین له‌ پێناو ته‌ندروستی خۆیان و كه‌س و كارو وڵاتمان پێویسته‌ هه‌موو لامان پابه‌ندی ڕێنماییه‌ ته‌ندروستیه‌كان بین و له‌ماڵه‌كانمان بمێنینه‌وه‌ .

 

ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ له‌هه‌رێمی كوردستان

26 ی ئاداری 2020

Share This