دوای ئه‌وه‌ی له‌تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی بڵاو كرایه‌وه‌ كه‌ كه‌سێك هه‌ڵساوه‌ به‌بڵاو كردنه‌وه‌و وه‌رگرتنی ووته‌ی چه‌ند كه‌سێك له‌ ژن و منداڵ خوار ته‌مه‌نی یاسایی 18 ساڵ و گه‌نج ، كه‌ گوایه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ هه‌ڵساون به‌ كاری له‌شفرۆشی و ئه‌و كه‌سه‌شی گرته‌ ڤیدیۆكه‌ی بڵاو كردۆته‌وه‌و وێنه‌ی گرتوه‌ وا خۆی نیشان ده‌دات ڕۆڵی دادوه‌ر‌و پۆلیس ده‌بینێت و ته‌نانه‌ت لێكۆڵینه‌وه‌ ده‌كات .
ئێمه‌ له‌ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ وێرای ده‌ربرینی نیگه‌رانیمان له‌ بڵاو كردنه‌وه‌ی ئه‌و گرته‌ ڤیدیۆیه‌ كه‌ ته‌واو پێچه‌وانه‌ی بنه‌ماكانی مافی مرۆڤ و ڕێكاره‌ یاساییه‌كانی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ له‌هه‌مان كات دژی جارنامه‌ی مافه‌كانی مرۆڤ و مافی كه‌سی و پره‌نسیپه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانه‌ .
ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ له‌ ڕوانگه‌ی ئه‌ركی خۆی بۆ پاراستنی شكۆی مرۆڤه‌كان و پاراستنی مافی هاوڵاتیان و چاودێری كردنی ره‌وشی مافه‌كانی مرۆڤ به‌گشتی به‌دوا داچونی جددی ده‌كه‌ین بۆ ئه‌و بابه‌ته‌و به‌نوسراوی فه‌رمی بۆ داوا كاری گشتی داوا ده‌كه‌ین كه‌ دۆسیه‌ی تایبه‌ت بۆ ئه‌و بابه‌ته‌ بكاته‌وه‌و كه‌یسه‌كه‌ بجوڵێنێت . چونكه‌ نابێت هیچ كه‌س و ده‌زگایه‌ك له‌هه‌ر پۆست و پله‌یه‌ك بێت بئ بڕیاری دادوه‌رو له‌ده‌ره‌وه‌ی یاسا لێكۆلینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ كه‌س بكات و خه‌ڵك تاوانبار بكات به‌هه‌ر تاوان و بابه‌تێك چونكه‌ ئه‌وه‌ پێچه‌وانه‌ی یاسایه‌و ده‌چێته‌ چوارچێوه‌ی ناو زڕاندن و شكاندنی شكۆی مرۆڤه‌كان و دروست كردنی كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و تێكدانی ئاسایشی كۆمه‌ڵگا . ئه‌و ‌كه‌سه‌شی به‌و كاره‌ هه‌ڵساوه‌ ده‌بێت لیكۆڵینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ بكریت وبدرێته‌ دادگا . بۆیه‌ وه‌ك ده‌سته‌ی مافی مرۆڤ به‌رده‌وام ده‌بین له‌ چاودێری كردنی ئه‌و پرسه‌و ده‌ره‌نجامه‌كانی و پێش بریاره‌كانی دادگاو لێكۆڵینه‌وه‌ ناكه‌وین و هه‌مو هه‌وڵه‌كانی خۆمان ده‌خه‌ینه‌ گه‌ڕ بۆ چه‌سپاندنی دادپه‌روه‌ری و پاراستنی مافه‌كانی مرۆڤ وسه‌روه‌ر بونی یاسا.
ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ له‌هه‌ریمی كوردستان
3/1/ 2018

Share This