به‌داخه‌وه‌ شه‌وی ڕابردوو تیرۆریستان هێرشیان كرده‌ سه‌ر گونده‌كانی كاكه‌یی یه‌كان له‌ده‌ڤه‌ری خانه‌قین و بوه‌ هۆی شه‌هید بوون و بریندار بوونی ژماره‌یه‌ك هاوڵاتی كاكه‌یی و ڕفاندنی چه‌ند هاوڵاتیه‌كی تر.

وه‌ك ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافه‌كانی مرۆڤ وێڕای ئه‌وه‌ی ئیدانه‌ی ئه‌و كرده‌وه‌ تیرۆریستیه‌ ده‌كه‌ین  له‌هه‌مان كاتدا پرسه‌و سه‌ره‌خۆشی خۆمان ئاڕاسته‌ی بنه‌ماڵه‌ی شه‌هیده‌كان ده‌كه‌ین و نزای شیفا بۆ برینداره‌كان ده‌خوازین .

ئه‌و كرده‌وه‌ تیرۆریستیه‌ ده‌رخه‌ی ئه‌و ڕاستیه‌یه‌ كه‌ هێشتا تیرۆر مه‌ترسی ماوه‌و كۆتایی نه‌هاتوه‌ له‌ناوچه‌كه‌و عێڕاق به‌تایبه‌تی ، بۆیه‌  پاراستنی ئه‌و خه‌ڵكانه‌و دانیشتوانی گونده‌كان ئه‌ركی سوپاو هێزه‌ ئه‌منیه‌كانه‌ كه‌ له‌و ناوچه‌یه‌ به‌رپرسیارن ، به‌داخه‌وه‌ رۆژانه‌ هه‌واڵی هێرشی تیرۆریستان و سوتانی ده‌غڵ و دانی جوتیارانی كورد ده‌بیستین له‌ ناوچه‌ كوردستانیه‌كانی  ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان و پێشێل كردنی مافه‌كانی هاوڵاتیانی ئه‌و ناوچانه‌ .

ئه‌وه‌ یه‌كه‌م جار نیه‌ كاكه‌ییه‌كانی سنوری ناوچه‌ كوردستانیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان ڕووبه‌ڕوی كوشتن و ڕفاندن ده‌بنه‌وه‌ له‌لایه‌ن تیرۆریستان و له‌به‌رامبه‌ریشدا حكومه‌تی ناوه‌ندی كه‌مته‌رخه‌مه‌ له‌پاراستنیان و ئه‌و هێرشانه‌ بونه‌ته‌ هۆی چۆڵ كردنی چه‌ندان گوندو به‌جێهێشتنی زێدو خاكی خۆیان له‌به‌ر مه‌ترسی تیرۆریستی . لێره‌وه‌ داواكارین كه‌ نوێنه‌رانی خه‌ڵكی كوردستان له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران به‌جددی به‌دوا داچون بكه‌ن بۆ ئه‌و تاوانانه‌ی به‌رامبه‌ر كاكه‌ییه‌كانی به‌تایبه‌ت و هاوڵاتیانی كوردی ناوچه‌ كوردستانیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم ئه‌نجام ده‌درێت ،  پێویسته‌ هه‌ماهه‌نگی هه‌بێت له‌نێوان حكومه‌تی ناوه‌ندو حكومه‌تی هه‌رێم بۆ پاراستنی ئه‌و ناوچانه‌و ڕووبه‌ڕوبونه‌وه‌ی تیرۆر له‌و ناوچانه‌.

ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ له‌هه‌رێمی كوردستان

14 / 6/ 2020

Share This