دوای سێ ساڵ له‌ بڕیاری پاشه‌كه‌وتی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و بڕینی قۆناغێكی سه‌ختی ژیانی دارایی له‌لایه‌ن هاوڵاتیان و موچه‌خۆران ، ئه‌مڕۆ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان بریاریدا بریاری پاشه‌كه‌وتی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران هه‌ڵوه‌شینته‌وه‌.

ئێمه‌ له‌ده‌سته‌ی مافی مرۆڤ پێشوازی له‌و بڕیاره‌ ده‌كه‌ین له‌ چوارچێوه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی مافێكی هاوڵاتیان سه‌یری ده‌كه‌ین و هیوامان وایه‌ كاریگه‌ری هه‌بێت له‌سه‌ر باشتر كردنی ژیان و گوزه‌رانی هاولاتیان.

له‌كاتێكدا له‌سه‌ره‌تای قه‌یرانه‌كان و بریاری پاشه‌كه‌وت كردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئێمه‌ ڕامانگه‌یاند كه‌ ئه‌و بریاره‌ به‌شێكه‌ له‌پیشێلكردنی مافێكی هاوڵاتیان له‌به‌رامبه‌ر ئه‌رك و خزمه‌ت كردنیان له‌ وه‌زیفه‌ی گشتی ، و هه‌ر ئه‌وكات و به‌رده‌وامیش داوای هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ئه‌و سیسته‌مه‌ی پاشه‌كه‌وته‌مان كردوه‌و به‌فه‌ڕمی ئه‌و په‌یامه‌شمان ئاڕاسته‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كردوو ته‌نانه‌ت له‌ ڕاپۆرتی ساڵانه‌ی خۆمان زۆر به‌جددی ئاماژه‌مان به‌ كاریگه‌ریه‌كانی قه‌یرانی دارایی و پاشه‌كه‌وتی موچه‌ كردبو له‌سه‌ر ڕیژه‌ی تاوانه‌كان و پێشێلكاریه‌كان .

ئه‌مڕۆش پێمان وایه‌ به‌ری ڕه‌نجی پشوو درێژی هه‌موو لایه‌ك و ماندوبون و ناڕه‌زایه‌كانی موچه‌خۆران و ئه‌و به‌رنامه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم داینابو هاته‌ دی و ئه‌و مافه‌ ئاساییه‌ بۆ موچه‌ خۆران ده‌گه‌رێته‌وه‌.

ئه‌وه‌ی گرنگه‌ دوای ئه‌و قۆناغه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و بڕه‌ موچه‌ پاشه‌كه‌وت كراوه‌ی فه‌رمانبه‌ران كه‌ لای حكومه‌ته‌ به‌به‌رنامه‌و پلانێكی دیاری كراوی دارایی و یاسایی ڕێك بخرێت و به‌رنامه‌ی چۆنیه‌تی گه‌ڕانه‌وه‌ی دیار بكرێت بۆ موچه‌ خۆران و دڵنیابن له‌وه‌رگرتنه‌وه‌ی ئه‌و مافه‌ی كه‌ ماویانه‌.

له‌كۆتاییدا هیوادارین كابینه‌ی داهاتوی حكومه‌ت هه‌رچی زووه‌ پێكبهێنرێت و لایه‌نه‌كان په‌له‌ی بكه‌ن له‌ دروست كردنی كابینه‌ی تازه‌ی حكومه‌ت له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی هاوڵاتیان و ئه‌ركی له‌پیشینه‌ی ئه‌و حكومه‌ته‌ش خزمه‌تكردنی زیاتری خه‌ڵك و ژیان و گوزه‌رانی هاوڵاتیان بێت له‌سه‌رجه‌م بواره‌كان.

ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ له‌هه‌رێمی كوردستان

8 ی مارسی 2019

Share This