به‌بۆنه‌ى هاتنه‌وه‌ى جه‌ژنى سه‌رى ساڵى ئێزیدى پیرۆزبایى خۆمان ئاراسته‌ى خوشك وبرایانى ئێزیدى له‌جیهان و كوردستان و ناوچكه‌ به‌گشتى ده‌كه‌ین و به‌و هیوایه‌ین ئه‌و جه‌ژنه‌ له‌گه‌ڵ خۆى خۆشى و ئاشتى بهێنته‌وه‌و ببێته‌ مایه‌ى كۆتایى هاتنى خه‌مه‌كانى ئێزیدیان و گه‌رانه‌وه‌ى ته‌واوى كچان و هاوڵاتیانى رفێنراوى ئێزیدى لاى گروپى داعش و شاد بونه‌وه‌یان به‌كه‌س و كارو خانه‌واده‌ى خۆیان و بۆیان ببێته‌ جه‌ژنى گه‌وره‌ى دیدارى و شادبونه‌وه‌یان به‌ئازیزانیان وكۆتایى هاتنى ناخۆشیه‌كان وه‌ هه‌روه‌ها گه‌رانه‌وه‌ى خوشك و برایانى ئێزیدى بۆناوچه‌و خاك و شوێنى خۆیان و ده‌ست پێكردنه‌وه‌ى ژیانێكى تازه‌و هه‌نگاو نان به‌ره‌و بونیات نانى ئایینده‌یه‌كى رۆشن و پرشنگدار.
به‌داخه‌وه‌ ئه‌مساڵ كه‌ ئه‌و جه‌ژنه‌ یاد ده‌كه‌ینه‌وه‌ هێشتا به‌شێك له‌ هاوڵاتیانى ئێزیدى دوورن له‌كه‌س و كاریان و بێ سه‌رو شوێنن و ژماره‌یه‌كى تریان وڵاتیان جێ هێشتوه‌و به‌ره‌و هه‌نده‌ران كۆچیان كردوه‌ . ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى هێشتا ئه‌و ناوچانه‌ى ئازاد كراون نۆژه‌ن و ئاوه‌دان نه‌كراونه‌ته‌وه‌و بێ به‌شن له‌سه‌ره‌تایى ترین خزمه‌تگوزارى ژیان ئه‌وه‌ش كاریگه‌رى بوه‌ له‌سه‌ر نه‌گه‌رانه‌وه‌ى خه‌ڵكه‌كه‌ بۆ زێدى خۆیان سه‌ره‌راى چه‌ندان كێشه‌و كه‌م و كوڕى تر كه‌ له‌ناوچه‌كه‌ هه‌یه‌ له‌ڕووى ئیدارى و سیاسى و ناوچه‌ى شه‌ڕ له‌به‌شێكى ترى ناوچه‌كه‌.
بۆیه‌ ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌نده‌ى تر خه‌م و مه‌ینه‌ته‌كانى ئه‌وانى زیاد كرددوه‌. جگه‌ له‌مانه‌ش كه‌یسى جینۆسایدى ئێزیدیه‌كان سه‌ره‌راى هه‌وڵه‌كانى حكومه‌تى هه‌رێم و خه‌ڵكى خه‌مخۆر بۆ به‌جینۆسایدناساندنى له‌ ئاستى نێوده‌وڵه‌تى به‌ڵام هێشتا له‌قۆناغه‌كانى سه‌ره‌تایه‌و وه‌ك خۆى ماوه‌ته‌وه‌و چه‌ندان رێگرى یاسایى بونه‌ته‌ ئاسته‌نگ له‌به‌رده‌م به‌ره‌و پێش چونى دۆسیه‌كه‌.
ئێمه‌ وه‌ك ده‌سته‌ى سه‌ربه‌خۆى مافى مرۆڤ وێراى دوباره‌ پیرۆزباییمان له‌خوشك و برایانى ئێزیدى كه‌ خه‌ڵكى ره‌سه‌نى ئه‌و خاكه‌ن و هه‌میشه‌ به‌شێك بونه‌ له‌قوربانیه‌كان ئه‌وه‌ش دوپات ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌سه‌ره‌راى هه‌وڵه‌كانى ترمان بۆ پرس و كه‌یسه‌كانى ئێزیدیه‌كان به‌رده‌وام ده‌بین له‌ داكۆكى كردن له‌مافه‌كانى ئێزیدیه‌كان بۆ گه‌یشتن به‌ ئاواته‌كانیان.

ده‌سته‌ى سه‌ربه‌خۆى مافى مرۆڤ
هه‌رێمى كوردستان _ 18/4/2017

Share This