بۆ / نوسینگه‌ى نێرده‌ى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان بۆ هاوكاری عێڕاق له‌هه‌رێمى كودستان.
بابه‌ت / گه‌مارۆى سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌كانى هه‌ولێرو سلێمانى
یاداشتى ناڕه‌زایى ده‌سته‌ى سه‌ربه‌خۆى مافى مرۆڤ سه‌باره‌ت به‌ گه‌مارۆى حكومه‌تى ناوه‌ندى فیدڕاڵ له‌سه‌ر هه‌ردو فرۆكه‌خانه‌ى هه‌ولێر و سلێمانى بۆتان ده‌نێرین ، دواى ئه‌وه‌ى له‌ 27/9/2017 به‌بریارێكى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق به‌رێز ( د.حیدر عبادى) بریارى راگرتنى گه‌شته‌ نێوده‌وله‌تیه‌كان ده‌كراو گه‌مارۆ خرایه‌ سه‌ر هه‌ردوو فرۆكانه‌ى هه‌ولیرو سلێمانى ئه‌وه‌ش بریتى یه‌ :
1 ) له‌ سزاى به‌كۆمه‌ڵى خه‌ڵكى مه‌ده‌نى هه‌رێمى كوردستان له‌كاتێكدا وه‌ك چۆن مافى گه‌شت كردن بۆ هه‌ر هاوڵاتیه‌ك فه‌راهه‌م كراوه‌ له‌عێراق وه‌ هاوڵاتیانى هه‌رێمى كوردستانیش هه‌ڵگرى ره‌گه‌زنامه‌ى عێراقین ومافى هاوڵاتى بونیان هه‌یه‌ فرۆكه‌خانه‌ش له‌ هه‌رێم بونى هه‌یه‌و هیچ كێشه‌یه‌ك نیه‌ تا نه‌توانرئ هاوڵاتى له‌هه‌رێمى كوردستان گه‌شت بكات بۆ ده‌ره‌وه‌ , ئه‌وه‌ له‌كاتێكدا خودى به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانى عیراق زۆرجار ئاماژه‌ى به‌وه‌ كردوه‌ كه‌ جیاوازى له‌نێوان هاوڵاتیانى شاره‌كانى عێراق ناكات وا خۆى پیشان داوه‌ كه‌ پارێزه‌رى مافى هاوڵاتیانى عێراقه‌ بئ جیاوازى , به‌ڵام ئێستا به‌ ئاشكرا سزاى خه‌ڵكى كوردستان ده‌دات و گه‌مارۆى خستۆته‌ سه‌ر فرۆكه‌خانه‌كان .
2 ) ئه‌و جۆره‌ سزایه‌ ته‌واو كاریگه‌رى ده‌بێت له‌سه‌ر نه‌مانى متمانه‌ى هاوڵاتیان به‌ وته‌كانى سه‌رۆك وه‌زیران كه‌ بۆ چه‌ند جارێك به‌ڵێنى چاره‌سه‌ر كردنى ئه‌و كێشانه‌ى داوه‌و دواتر بۆ چه‌ند جارێك بریارى گه‌مارۆكه‌ى درێژ كردۆته‌وه‌و ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنیت كه‌ به‌رێزی به‌ چاوى هاوڵاتى بون مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ خه‌لكى كوردستان ناكات و كێشه‌و بابه‌ته‌ سیاسیه‌كانى نێوان هه‌رێم و به‌غداى تێكه‌لأ به‌ ژیانى خه‌ڵك و مافى خه‌ڵك كردووه‌ , له‌سه‌ر ئه‌و حیسابه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ل هاوڵاتیان ده‌كات , ئه‌وه‌ له‌كاتێكدایه‌ نابێت هاولاتى باجى ململانئ ى سیاسیه‌كان بدات و ببێته‌ قوربانى .
سه‌ره‌راى ئه‌وه‌ى پێچه‌وانه‌ى ده‌ستورو بنه‌ماكانى مافى مرۆڤه‌ له‌هه‌مان كاتدا پێچه‌وانه‌ى بڕگه‌ى (13) خاڵى (1) ى جارنامه‌ى مافه‌كانى مرۆڤه‌ كه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات (( هه‌مو كه‌سێك ئازادى هاتو چۆو هه‌ڵبژاردنى شوێنى نیشته‌جئ بوونى له‌نێوان سنورى هه‌ر ده‌وڵه‌تێكدا هه‌یه‌ )) ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى ئه‌و گه‌مارۆیه‌ بۆ سه‌ر فرۆكه‌خانه‌كان كاریگه‌رى ته‌واوى بوه‌ له‌سه‌ر ژیانى ئه‌و كه‌س و نه‌خۆشانه‌ى كه‌ پێویستیان به‌گه‌شتى وڵاتان و وه‌رگرتنى چاره‌سه‌رى پزیشكیه‌ , بۆیه‌ ئێمه‌ نیگه‌رانین له‌ هه‌ڵویستى ولاتان و كۆمه‌ڵگه‌ى نێو ده‌وڵه‌تی ونوسینگه‌ى یۆنامى له‌هه‌رێم و عێراق كه‌ به‌به‌رچاوى ئه‌وانه‌وه‌ حكومه‌تى عێراق ئه‌و مافه‌ى خه‌ڵكى كوردستان پێشێل ده‌كات . به‌داخه‌وه‌ش دواى 4 مانگ زیاتر و دواى ئه‌و هه‌موو هه‌وڵه‌ بۆ داوا كردن له‌حكومه‌تى ناوه‌ند بۆ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ى ئه‌و بڕیاره‌ كه‌چى ده‌سه‌ڵاتى فرۆكه‌وانى مه‌ده‌نى عێراق دووباره‌ له‌ 26/2/2018گه‌مارۆى سه‌ر فرۆكه‌خانه‌كانى درێژ كرده‌وه‌ بۆ 3 مانگى تر , كه‌ ئه‌وه‌ش خزمه‌ت به‌ به‌ره‌و پێش چونى هه‌وڵه‌كان ناكات بۆ لێك نزیك بونه‌وه‌ى هه‌ردوو حكومه‌تى ناوه‌ندو هه‌رێمى كوردستان و له‌ پێناو چاره‌سه‌ر كردنى كێشه‌كانى نێوانیان و كاریگه‌رى زۆرى ده‌بێت بۆ سه‌ر ژیان و گوزرانى خه‌ڵك . بۆیه‌ داوا ده‌كه‌ین هه‌رچى زووه‌ هه‌وڵه‌كانى خۆتان بخه‌نه‌ گه‌ڕو فشار بخه‌نه‌ سه‌ر حكومه‌تى فیدراڵ بۆ هه‌لوه‌شانه‌وه‌ى بریارى گه‌مارۆكانى سه‌ر هه‌ردوو فرۆكه‌خانه‌كانى هه‌ولێرو سلێمانى.

ده‌سته‌ى سه‌ربه‌خۆى مافى مرۆڤ له‌هه‌رێمى كوردستان
27/2/2018

Share This