بڕیار دان له‌ بوونى ده‌وڵه‌تى سه‌ربه‌خۆ یه‌كێكه‌ له‌ سه‌ره‌تاترین مافه‌كانى مرۆڤ به‌ تایبه‌تى ئێستا كه‌ هه‌رێمى كوردستانى عێراق ده‌یه‌وێت له‌ ڕێگاى ئاشتى و دیالۆگ و زمانى ده‌نگدان له‌ ڕێگاى ڕیفراندۆم له‌ جیاتى زمانى شه‌ڕ و توندوتیژى ئه‌و مافه‌ په‌یڕه‌و بكات، ئه‌گه‌ر له‌ سه‌ده‌ى ڕابردوو باس له‌ مافى چاره‌ى خۆنوسین ده‌كرا و چه‌ندین گه‌ل و میلله‌تانى دونیا گه‌یشتن به‌ مافى سه‌روه‌رى خۆیان، ئه‌وا ئه‌مڕو مرۆڤایه‌تى و په‌یماننامه‌كانى مافى مرۆڤ باس له‌ مافى به‌ ده‌وڵه‌ت بوون ده‌كه‌ن كه‌ هه‌موو گه‌لانى دونیا هه‌ر كاتێك بیانه‌وێت ده‌توانن به‌ شێوه‌ى ڕیفڕاندۆم و ئاشتیانه‌ ده‌وڵه‌تى سه‌ربه‌خۆیى خۆیان ڕابگه‌یه‌نن، مافى به‌ ده‌وڵه‌ت بوون له‌ چه‌ندین په‌یماننامه‌ى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان دا هاتووه‌ و چه‌ندین بڕیارى نێوده‌وڵه‌تى له‌ كۆمه‌ڵه‌ى گشتى و ئه‌نجوومه‌نى ئاسایش جه‌ختیان له‌سه‌ر مافى به‌ ده‌وڵه‌ت بوون و سه‌ربه‌خۆیى كردۆته‌وه‌ به‌نموونه‌ برگه‌ى (1) له‌ ماده‌ى (1) له‌ په‌یماننامه‌ى نیوده‌وله‌تى تایبه‌ت به‌ مافه‌كانى سیاسی و مه‌ده‌نى سالى 1966 و بریاره‌كانى ژماره‌ 637 سالى 1952 و بریارى ژماره‌ 8/738 له‌ سالى 1953 ژماره‌ 1803 له‌ سالى 1961 و بریارى ژماره‌ 2625 له‌ سالى 1970 و بریارى ژماره‌ 1415 ل سالى 1960.
جێگه‌ى ئاماژه‌یه‌ له‌ هیچ تێكست و نووسراوێكى نێوده‌وڵه‌تى مادده‌ و بڕگه‌یه‌ك نیه‌ مافى به‌ ده‌وڵه‌ت بوون ڕه‌ت بكاته‌وه‌، ئێمه‌ وه‌ك ده‌سته‌یه‌كى نیشتیمانى سه‌ربه‌خۆ بۆ مافه‌كانى مرۆڤ له‌وكات و ساته‌دا ڕێز له‌ ئیراده‌ى گه‌لان و نه‌ته‌وه‌كان ده‌گرین كه‌ده‌یانه‌وێ به‌مافه‌كانى خۆیان بگه‌ن به‌ خه‌ڵكى كوردستانیشه‌وه‌ به‌تایبه‌تى ، دووپاتى ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ مافى ده‌وڵه‌تى سه‌ربه‌خۆیى مافى گه‌لى كوردستانه‌ به‌ هه‌موو پێكهاته‌ جیاوازه‌كانى ئاینى و ئیتنى و نه‌ته‌وه‌یى كه‌له‌وخاكه‌ ده‌ژین به‌یه‌كه‌وه‌. بۆیه‌ ده‌نگدان بۆ ڕیفراندۆم له‌ كوردستان جوانترین شێوازى مه‌ده‌نیه‌ بۆ دیارى كردنى چاره‌نوسى هه‌رێمى كوردستان كه‌ له‌گه‌ڵ پره‌نسیپه‌كانى مافى مرۆڤ یه‌كانگیره‌ بۆ به‌رقه‌رار بوونى ئاشتى و سه‌روه‌رى یاسا.

ضياء بطرس صلیوا
سه‌رۆكى ده‌سته‌ى سه‌ربه‌خۆى مافى مرۆڤ
هه‌رێمى كوردستان 6 ى نیسانى 2017

Share This